ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران درێژکراوەی تەڤگەرێکی کۆمەڵایەتی درێژخایەن بە پێشەنگایەتی ژنان
گەلاوێژ ئاورین، ڕۆژنامەنووس
ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە کاتێکدا بە ڕواڵەت پەیوەستن بە داواکاری ئابووری و بژێوی ژیانەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکی خۆیاندا درێژکراوەی یادەوەریی بەکۆمەڵ و خەباتەکانی ڕابردوون، لە ناوەڕۆکی ئەم بزووتنەوەیانەدا فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەمێنێتەوە، کە هێزێکی بەهێز و ئیلهامبەخشە، ڕۆڵی ژنانی پێناسە کردۆتەوە و لە پەراوێزەوە گواستووێتیەوە بۆ پێشەوە و ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامەکانی گۆڕیوە بۆ بزووتنەوەیەکی بوێر و گەل، بەم شێوەیە دەتوانرێت ئەم ناڕەزایەتیانە وەک درێژەپێدەری شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سەیر بکرێت.
سێ ساڵ دوای شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی”، دەرکەوت کە ئەوە تەنها دروشمێکی ناڕەزایەتی زوو تێپەڕ نەبووە، بەڵکو سیستەمێکی هزری و بەهای هەمەلایەنەیە کە ژنان وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵدەگرن، هەروەها ژیان لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە مەرگئاڕاستانەی کە سیستەمی دەوڵەتی پیاوسالاری سەپاندوویەتی، ئازادی وەک فەلسەفەی ژیان و داواکارییەکی هەمەلایەنە کە سیاسەت تێدەپەڕێنێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگە و کولتوور بگرێتەوە.
ئەم شۆڕسە بەربەستی نێوان داخوازی ژنان و داخوازییە گشتیەکانی لابرد و سەلماندی کە پرسی ژن پرسی هەموو کۆمەڵگەیە، بۆیە تەنانەت لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەشدا کە لەسەر بنەمای بارودۆخی ژیان و نایەکسانی ئابووری دامەزرابوو، کاریگەریی ئەو ڕاستییە بە ڕوونی دیارە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڕۆحی شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” هێشتا ئامادەیە و چالاکە.
بوونی چالاکانەی ژنان لە بەرەکانی پێشەوەدا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە زۆرێک لە تێڕوانینە نەرێنییەکان و بۆچوونە پیاوسالارییە باوەکانی کۆمەڵگەدا کردووە، بە پێچەوانەی هەڵسەنگاندنە تەسکەکانەوە، ژنان لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەدا تەنها بەشدار نەبوون، بەڵکو دەستپێشخەر و ڕێکخەری یەڤگەرەکە بوون، بوونی ئەوان لە بەرەکانی پێشەوە و بەرزکردنەوەی دروشم و وەستانەوەیان لە بەرامبەر ستەمدا درێژکراوەیەکی سروشتی شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی"یە، ئەم ڕۆڵە پێشەنگایەتییە وێنەی نەریتی ناڕەزایەتی وەک کردەوەیەکی "پیاوانە"ی شکاند و کۆتایی ئەو تێڕوانینەی ڕاگەیاند، کە پیاوان بە تەنها چارەنووسی کۆمەڵگەکان دیاری دەکەن، کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ڕێگەی سێ ساڵ لە خۆڕاگری ژنانەوە گەیشتووەتە ئەوەی کە بونیادنانی ژیانێکی ئازاد بەبێ ژن سەختە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بە ئازادی ژیان بەبێ ئەوان مەحاڵە.
وتاری فەلسەفی شۆڕشی زمانی ناڕەزایەتی مرۆڤانەتر و قووڵتری کۆمەڵایەتی کرد، وەک لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا، کە تیایدا تیشک خستنە سەر شکۆمەندی مرۆڤ لە بەرامبەر هەژاری و هەڵاواردنی ڕەگەزی و سەرکوتی سیاسیدا سەریهەڵدا، هەروەها بەکارهێنانی هێمای ژنان و جەستە لە کردەی ناڕەزایەتیدا دەریخست کە پرسەکە تەنها داواکارییەکی ژنان نییە، بەڵکو داواکارییەکە بۆ ژیانێکی شایستە بۆ هەمووان، کە بناغەیەکی ڕاستەوخۆی لەم وتارە وەرگرتووە.
ژنان و بەتایبەت نەوەی گەنج ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان بینیوە لە فراوانکردنی بازنەی ناڕەزایەتییەکان و شکاندنی بەربەستی ترسی کۆمەڵایەتی، بە ئازایەتی خۆیان، تۆوی ئازادییان چاندووە لە شەقام و کۆڵانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” سەلماندی کە جەستەی ژنان لە مێژە ئامانجی کۆنترۆڵ و چەوساندنەوە بووە، دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ ئامرازێکی خۆڕاگری و ئاماژەی ڕزگاری، ئەم ئەزموونە بۆتە سەرمایەیەکی ئامڕازی بۆ بزووتنەوەی گەل، هانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەدات بۆ بەشداری چالاکوانانە لە ڕێپێوانی ئازادیدا.
هەرچەندە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە لە ڕووی کاتەوە سنووردار دەرکەون یان لە دەرکەوتنەکانیاندا پەرش و بڵاو دەرکەون، بەڵام لە بناغەدا درێژکراوەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی درێژخایەنن، شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” ژنانی فێرکرد کە شەقام سوێنی یاساییە بۆ بوونیان، سیاسەتیش تەنها لە دامودەزگا فەرمییەکان قەتیس نییە، بۆیە هیچ گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی بەبێ بەشداری کارای ژنان بەدی ناهێنرێت، هەر بەم هۆیەشەوە، تەنانەت لە ناڕەزایەتییەکانی سروشتێکی ئابووریدا، ژنان بەردەوام بوون لە هەڵگرتنی ڕەهەندی ڕەوشتی بزووتنەوەکە.
ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە بێ بیرهێنانەوەی کاریگەرییە قووڵەکانی شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” تێناگەین، ئەو وتارە ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانەی مێژوویی کردەوە، ژنانی لە پێگەی ستەمکارییەوە گۆڕی بۆ پێگەی سەرکردایەتییەکی هۆشیار و چالاک، شەقام بوو بە پانتاییەک بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی فەلسەفەی ئەم شۆڕشە، ژنان نەک تەنها بەشێکن لە ڕیزەکانی ناڕازی، بەڵکو بوونە هێزێک کە ئاراستە و واتای خۆی بە ناڕازیی دەبەخشێت، هێزێک کە ناتوانرێت لە یادەوەری بەکۆمەڵدا بسڕدرێتەوە، تەنانەت لە ساتەکانی بێدەنگی کاتیدا، هەموو شۆڕشێک لە چوارچێوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە سەرهەڵدەدات و شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی”ش لە هەمان کاتدا ڕووداوێکی مێژووییە کە ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکانی ئێستایە، ڕێڕەوێکی کۆمەڵایەتی درێژخایەن بەرجەستە دەکات کە پڕە لە خۆڕاگری ژنان.