مەترسییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا
سۆزان خاڵە شەهاب- نووسەر
کۆتایی مانگی ئاب، بەپێی رێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عیراق، کۆتایی بە بوونی سەربازیی سوپای ئەمریکا لە عیراق دێت، ئەو وادەیە هاوکاتیشە لەگەڵ دوا وادە بۆ ئەوەی گروپە چەکدارەکان چەکەکانیان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن، بێگومان هەردوو پرۆسە و وادەکە ئاڵۆزن و پێدەچێ پێشهاتی نوێ بەدوای خۆیاندا بهێنن.
هێزی سەربازیی ئەمریکی لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە لە ٢٠٠٣، بووە بوونێکی جددی و کاریگەر لەسەر پرۆسەی سیاسی، هەروەها بووە جێگەی مشتومڕی نێوان هێزە سیاسییەکانی عیراق و هەریەکەیان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد، تا گەیشتە ئەوەی هەردوولا رێککەوتن بۆ ئەوەی لە وادەیەکی دیاریکراودا هێزی سەربازیی ئەمریکی بەتەواوی عیراق بەجێبهێڵن.
لەبەر چەند هۆکارێک کشانەوەی ئەو هێزانە دەکەوێتە بارودۆخێکەوە بێ مەترسیی تێناپەڕێت:
یەکەم: دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار بهێنێت و توند دەبێت لەگەڵ هەر بڕیار و رێککەوتنێک کە لە پێش خۆیدا دراوە.
دووەم: ئەمریکا لە شەڕدایە لەگەڵ ئێران و بوونی سەربازیی بە پێویست دەزانێت لە چوار دەوری ئەو وڵاتە.
سێیەم: گوشاری گروپە چەکدارەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا زیاتر دەبێت، هەروەها ئەو گروپانە لە نەبوونی هێزی ئەمریکیدا دەتوانێت گوشارەکانی لەسەر حکومەتەکەی زەیدی زیاتر بکەن.
چوارەم: کشانەوەی تەواوەتیی ئەمریکا لە عیراق بۆ ئێران سەرکەوتنێکی گەورەیە، بۆیە ئەگەر هەیە هێزی ئەمریکی لە فۆرمی جیاوازتردا بمێننەوە.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکی و سیستمی پاتریۆت لە هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە مەترسییەکان لەسەر هەرێم زیاتر دەکەن، بەتایبەت لە ساتەوەختی ئێستادا کە پڕیشکی شەڕەکە جارجار هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
یەکێک لەو کاریگەرییە نەرێنییانەی دیکەی کۆتایی بوونی سەربازیی ئەمریکی لە کوردستان ئەوەیە کە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن پێنتاگۆن ئەو بڕە هاوکارییە ماددییە لە پێشمەرگە دەبڕێت کە چەند ساڵێکە مانگانە و لەکاتی خۆیدا دەیدایە وەزارەتی پێشمەرگە، بێگومان ئەوەیش بۆشایی زۆر دروستدەکات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر چالاکییەکانی وەزارەتەکە و پرۆسەی یەکگرتنەوەی راستەقینەی هێزەکان دەبێت و دوور نییە بگاتە رادەی وەستانی پرۆسەکە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا پێویستە هەرێمی کوردستان پلانی جێگرەوە و ستراتیژی دوورمەودای بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا هەبێت کە بەهۆی کۆتایی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکاوە لە عیراق و هەرێمی کوردستان دێنە ئاراوە، ناکرێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی نادیدە بگرێت و وای ببینێت کە رووداوێکی ئاساییە.
هەرێمی کوردستان بە مەترسیی زۆر دەورەدراوە، هێشتا فیکری داعشی ئامادەییەکی زۆری هەیە و رەوتی تووندڕەوی ئایینی و نەتەوەیی لە گەشەیەکی خێرادایە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەبینین هێزەکانی کوردستانی جۆرێک لە درز لەنێوانیاندا هەیە و پێویستە ئەو مەترسییە بە لۆژیک و حیکمەتی سیاسیی کۆتایی پێبهێنرێت.