مەرسومەکەی شەرع؛ گۆڕانی ڕاستەقینە یان تاکتیکی کاتی؟
تانیا تاهیر- نووسەر
مەرسومەکەی شەرع سەبارەت بە دانپێدانان بە هەندێک لە مافەکانی گەلی کورد، لە نێوان "هیوایەکی کز" و "گومانێکی قوڵدا" دەبینم. بۆ من پرسیارێکی جەوهەری دروست دەبێت، ئایا دەتوانرێت متمانە بەم بەڵێنانە بکرێت؟ بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارە بدەمەوەوە ، دەمەوێت لە چەند گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە گریمانەی بارودۆخەکە بکەم:
گریمانەی یەکەم:
- ئەم هەنگاوە تەنها تاکتیکێکی سیاسی کاتییە بۆ ڕاکێشانی سۆزی نێودەوڵەتی و بێدەنگکردنی ناوخۆ تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی نوێ پێگەی خۆی قایم دەکات. مێژوی سوریا پڕە لە بەڵێنی بێ کردار، و باکگراوەندی ئایدۆلۆژیی هێزە براوەکانیش وا دەکات کورد بە وریاییەکی زۆرەوە سەیری دیمەنی داهاتو بکات چونکە مێژوی گروپەکەی شەرع (تەحریر ئەلشام/نوسرەی پێشو) مێژویەکی توندڕەوانە بوە. گۆڕانی لەناکاوی ئەم ئایدۆلۆژیایە بۆ قبوڵکردنی "مافی نەتەوەیی" بۆ زۆرێک جێی گومانە.
* جگە لەوەی "فشاری ئیقلیمی - تورکیا " هەمیشە وەک سێبەرێک بەسەر بڕیارەکانی دیمەشقەوە یە، کاریگەرییەکی زۆری بەسەر سوریاوە هەیە و بەتوندی دژی هەرقەوارەیەکی کوردییە لە سوریا، ئەستەمە شەرع بتوانێت بڕیارێک بدات کە تورکیا بە تەواوی لێی ناڕازی بێت.
* گرنگتر لە مانە؛ لەم مەرسومە دا ئەم ناڕونییانە لەم خاڵانەدا دەبینرێنەوە:
- "مافی کلتوری" بەرامبەر "مافی سیاسی":
کاتێک دەڵێن "مافی کورد دەپارێزین"، دیار نییە مەبەست کام مافەیە: لەڕاستیدا مافی کلتوری واتە تەنها ڕێگەت پێ دەدەم بە کوردی گۆرانی بڵێیت یان جلی کوردی بپۆشیت (ئەمە مافێکی سەرەتاییە و کێشەی سیاسی چارەسەر ناکات). لەبەرامبەردا مافی سیاسی: واتە کورد وەک "نەتەوە" بناسرێت و مافی هەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵات و ناوچەکەی خۆیدا (فیدراڵی یان لامەرکەزی). ناڕونییەکە لێرەدایە کە مەرسومەکە باسی جۆری مافەکە بە ڕونی ناکات.
- چەمکی "مافی هاوڵاتیبون"
زۆر جاران دەوترێت "کورد وەک هەمو هاوڵاتییەکی سوری یەکسانە". ئەمە لە ڕواڵەتدا باشە، بەڵام کێشەی کورد لە سوریا تەنها کێشەی "ناسنامە و پاسپۆرت" نییە، بەڵکو کێشەی "خاک و ناسنامەی نەتەوەییە" .
- پاراستنی تایبەتمەندییەکان
ئەمە دەستەواژەیەکی زۆرلاستیکییە، نازانرێت مەبەستی کام تایبەتمەندیە؟ دەکرێت دەسەڵات بڵێت "تایبەتمەندییەکەت دەپارێزم"، بەڵام لە ژێرەوە کار بۆ توانەوەی ئەو تایبەتمەندییە بکات. بۆنمونە: ئایا خوێندن بە زمانی کوردی دەبێتە زمانی فەرمی لە ناوچە کوردییەکان، یان تەنها وەک وانەیەکی لاوەکی لە قوتابخانەکاندا دەمێنێتەوە؟
- سووریای یەکگرتو
ئەم دەستەواژەیە هەمیشە وەک "تەڵەیەک" دژی کورد بەکاردێت وەک ئەوەی لە مادەی یەکەمی دەستووری ٢٠٠٥ عێراقدا نوسراوە (...ئەم دەستورەش گەرەنتی یەکپارچەیی عێراقە.)، کاتێک کورد داوای مافی خۆبەڕێوەبەری دەکات، دەسەڵات دەڵێت "ئەمە دژی یەکپارچەیی خاکە". جگە لەوەش ئایا یەکپارچەیی واتە "ناوەندگەرێتییەکی توند" وەک سەردەمی بەعس؟ یان "یەکپارچەیی لە ناو جیاوازیدا"؟
- گەرەنتی جێبەجێکردن
لە مەرسومەکەدا دیار نیە "چۆن و کەی" جێبەجێ دەکرێن. بۆ نمونە، ناڵێت "لە ماوەی ٦ مانگدا دەبێت زمانی کوردی بگەڕێتەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن". ئەم بێ کاتییە وای لێدەکات تەنها وەک دروشمێکی سیاسی بۆ کات کوشتن بمێنێتەوە.
گریمانەی دوەم:
ڕەنگە جێبەجێ بکرێت چونکە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز و پێویستیی سوریا بە سەقامگیرییەکی هەمیشەیی، ڕەنگە ئەمجارە جیاواز بێت، شەرع باش دەزانێت کە بێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، سوریا هەرگیز ڕوی ئارامی نابینێت. بۆیە حکومەتی نوێی دیمەشق پێویستی بەوەیە کێشە ناوخۆییەکان کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت وڵات بەڕێوە ببات. ڕازیکردنی کوردەکان وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی، دەبێتە هۆی دورکەوتنەوە لە شەڕی ناوخۆیی نوێ بۆیە جێبەجێکردنی ئەم مەرسومە تەنها "پاداشت" نییە بۆ کورد، بەڵکو "پێویستییەکی نیشتمانییە" بۆ مانەوەی قەوارەی سوریا، لەلایەکی ترەوە ، شەرع دەیەوێت وەک سەرکردەیەکی سیاسی "میانڕەو" و "نیشتمانی" دەربکەوێت نەک تەنها وەک سەرکردەیەکی گروپێکی چەکدار، کەواتە جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنانە بۆ وێنەی ئەو لەبەردەم جیهاندا گرنگە.
ئەوەی گرنگە؛ بۆ ئەوەی ئەم مەرسومە لە مەرەکەبی سەر کاغەزەوە ببێتە ڕاستی، پێویستە ئەم هەنگاوانە ببینرێت:
١- نوسینەوەی دەستور: ئەم مافانە بخرێنە ناو دەستورێکی هەمیشەیی کە نێودەوڵەتی بێت و گەرەنتی کرابێت.
٢- بەشداری ڕاستەقینە: کوردەکان تەنها وەک "کەمینە" سەیر نەکرێن، بەڵکو لە ناوەندەکانی بڕیاردا لە دیمەشق بونیان هەبێت.
٣- بەکرداری کردن: گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵکی ئەو کوردانەی لە ناوچەکانی وەک (عەفرین) دەربەدەر کراون، یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستگۆیی ئەم مەرسومەیە.
متمانەکردنی تەواو لە سیاسەتدا بونی نییە، بەتایبەت لە ناوچەیەکی وەک سووریا، هێزە کوردیەکان دەبێت بە " ئاگایی وریاییەکی زۆرەوە" مامەڵە لەگەڵ ئەم بەڵێنانە بکەن، کات دەریدەخات ئایا ئەمە تەنها تاکتیکێکی کاتییە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی گواستنەوە، یان گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەیە لە عەقڵیەتی سیاسی نوێی سوریادا. خۆم گومانم لە گریمانەی دوەم هەیە.