ململانێی دوو پارادایم لە سووریا
عەلیا عوسمان- ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی
بەگشتی جەنگەکان بەستراونەتەوە بە بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات و سەروەری، یان ململانێ لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، یان لەپێناو ناسنامە و ڕزگاربوون لە داگیرکەران؛ بەڵام ململانێی لە سووریا ڕەهەندێکی دیکەی وەرگرتووە، ئەویش ململانێی دوو پارادایم. واتە ململانێ لەسەر دیدی فکری و بەها ئەخلاقیەکان کە مرۆڤ لەسەر ئەو بنەمایانە ژیانی ڕێکدەخات و بڕیار دەدات و هەڵوێستەکانی دیاری دەکات.
خاڵی ناکۆکیی سووریا لە ململانێی نێوان پارادایمی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات کە کاری بۆ پێکەوەبەستنی کۆمەڵگەکان دەکرد، بەتایبەت کە کۆمەڵگەکانی سووریا خاوەن بەهای ئەخلاقی و سیاسی تایبەت بە خۆیان بوون و لە ڕێگەی تەواوکاری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەردەوامییان بە خۆیان داوە؛ لە بەرامبەریشدا ئەو پارادایمەی کە بنەما بۆ واقعێکی "ناکۆمەڵایەتی" دادەڕێژێت.
"ئالان تۆرێن" فەیلەسوفی فەرەنسی، ئاماژە بە پارادایمی ناکۆمەڵایەتی دەکات کە لە سایەی جیهانێکی گۆڕاودا دروست دەبێت. ئەو باس لەوە دەکات کە جیهانی ئێستا تاقیکردنەوەی پەرتەوازەیی و هەڵوەشانەوەیە کە تێیدا بەها کۆمەڵایەتییەکان تێکدەشکێن و تاکگەرایی و نامۆبوون لە واقع دروست دەبێت. ئەمە ئەو جیهانەیە کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوە و دەمارگیری بە هەموو جۆرەکانییەوە بەرهەمیان هێناوە؛ جیهانێک کە لەسەر بەرژەوەندی و قازانج بەڕێوە دەبرێت.
ئەو دەسەڵاتانەی یەک لە دوای یەک لە سووریا حوکمیان کردووە، چ لە سایەی حوکمی بەعس کە ڕەهەندێکی نەتەوەپەرستی عەرەبی هەبوو، یان لە سایەی حکومەتی ڕاگوزەر بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع "ئەبو محەمەد جۆلانی" کە ساڵێک لەمەوبەر دەسەڵاتی گرتە دەست و لە پاشخانێکی جیهادییەوە هاتووە و لە وتارەکەیدا بنەمایەکی "نەتەوەپەرستی جیهادیی" پەیڕەو دەکات؛ هەردووکیان وەک دەوڵەت-نەتەوە ناسراون بە نکۆڵیکردن لە فرەیی کولتووری، نەتەوەیی و ئایینیی سووریا.
ئەو وەرچەرخانەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین، وەرچەرخانێکی کۆمەڵایەتییە. لە ئەنجامی سیاسەتی ئەم دەوڵەتانەدا، ئەو بەها کۆمەڵایەتیانەی کە کۆمەڵگەیان کۆدەکردەوە هەرەسیان هێنا، بەتایبەت کە کۆمەڵگەی سووریا پێکهاتەی هەمەجۆری وەک (کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری، کلدان و ئەرمەن) لەخۆدەگرێت و دەوڵەمەندە بە بیروباوەڕی "عەلەوی، دروز، ئیسماعیلی، ئێزدی و هتد" ئەم کۆمەڵگەیانە لەسەر خاکی سووریا پێکەوە دەژیان و تەواوکەری یەکتر بوون. بەڵام سیاسەتی پەراوێزخستنی ئەم دەسەڵاتانە پشتی بە بەکارهێنانی ئایینیش دەبەست بۆ مسۆگەرکردنی پاشکۆیەتی تاکی کۆمەڵگە؛ چونکە ئایین و بیروباوەڕ بەردی بناغەی زهنیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت کۆنترۆڵی کۆمەڵگە بکات بەبێ بەکارهێنانی پیرۆزییەکان.
ئەم بارودۆخە کۆمەڵگەی خستە بازنەیەکی توندوتیژییەوە کە لەسەر بنەمای نکۆڵی لە "ئەوی تر"ی جیاواز بونیاد نراوە.
پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتی لە دژی ئەو بەهایانە دەست پێ دەکات کە لە دەوری ژنان شێوەیان گرتووە و لە بەرامبەریشدا ئەو بەهایانەی لەسەر پیاو بارکراون، لە کۆمەڵگەیەکدا کە ناسنامەی ژن تێیدا دەسڕێتەوە. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتانە، کۆمەڵگە پێی ناوەتە قۆناغێکەوە کە تێیدا دەمارگیرییەکی تێکەڵاو دەبینرێت کە دەتوانین ناوی بنێین "سێیانەی وێرانکەر" (دەمارگیریی نەتەوەیی، ئایینی و ڕەگەزیی).
ئەم دەمارگیرییانە کۆمەڵگە لە بەها ئەخلاقییەکانی خاڵی دەکەنەوە، کۆمەڵگەیەکیش ئەخلاقی تێیدا پاشەکشە بکات، وەک جەستەیەکی بێ ڕۆحی لێدێت. ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە ناتوانن بەردەوام بن، بۆیە هەوڵ دەدەن چەمکەکان لە کۆمەڵگەی ئەخلاقی بدزن، بۆ نموونە باسی ئازادی دەکەن بەڵام بڕیارەکان ناوەندیین و ئازادی دەنگدان و هەڵبژاردن بوونی نییە. سەرەڕای هەوڵەکانی ئەم ڕژێمانە بۆ مانەوە، بەڵام هەر بە سیستەمێکی پوچ و دەستبەتاڵی دەمێننەوە، ئەمەش وایان لێ دەکات وڵات بکەنە مەڵبەندێک بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تەنها بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێننەوە.
نیشتمانێک زەبر لە ئینتیماکان درابێت، ناتوانرێت لە بازنەی توندوتیژی بێتە دەرەوە ئەگەر پارادایمێک بونیاد نەنێین کە بنەما بۆ یەکسانی، بەشداری و کۆمەڵگەی ئەخلاقی-سیاسی دابڕێژێت.
لە بەرامبەر ئەو توندوتیژییەی سووریا لە سایەی قەیرانی پارادایمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوەن، پارادایمێکی نوێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەدایکبوو، ئەو خاکەی کە داعشی تێدا تێکشکێنرا. ئەم پارادایمە فەلسەفەی "نەتەوەی دیموکراتیک"ی بیرمەند "عەبدوڵڵا ئۆجالان"ە کە تێیدا بانگەواز بۆ ژیان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک و هەروەها بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئیکۆلۆژی (ژینگەدۆست)دەکات کە ئازادیی ژن بەشێکی سەرەکییەتی. ئەم پارادایمە پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکان بونیاد دەنێتەوە و ئەخلاق بۆ کۆمەڵگە دەگێڕێتەوە کە ڕۆحی بەردەوامییەتی.
لەسەر ئەم بنەمایە، بەڕێوەبەرێتی خۆسەر پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی گرتەبەر کە مافە کولتووری و ئازادییەکانی بیروباوەڕ بە هەمووان دەبەخشێت. لە بەڕێوەبەرێتی خۆسەردا گەلێک دامەزراوە هەن کە مافی هەموو هاوڵاتیان مسۆگەر دەکەن، لەوانە "ئەنجومەنی گەلانی دیموکراتیک" کە نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەخۆدەگرێت و نموونەیەکی دیموکراسیی پێشکەوتووی خوڵقاندووە.
بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئەم بنەمایانە، پێویست بوو هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی بۆ قبوڵکردنی "ئەوی تر" بونیاد بنرێت. لێرەدا پێویست بوو ئاسۆی کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان ڕووناک بکرێنەوە؛ چونکە لە کۆمەڵگەیەکدا کە پێکهاتە پلەبەندییەکەی لەسەر بنەمای دوورخستنەوەی ژن لە ژیانی گشتی و کردنی بە پاشکۆی پیاو لەناو ماڵدا بونیاد نرابێت، ناتوانرێت دیموکراسی بونیاد بنرێت. ئەوە دیموکراسییەکی شێوێندراوە کە تەنها ماف بۆ پیاو دابین بکات. تەنانەت وشەی ئازادیش لەلایەن پیاوەوە قۆرخ کراوە، چونکە ئازادیی ژن دەبێتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ کۆمەڵگە باوکسالارەکان کە تەنها وەک جەستە سەیری ژن دەکەن. بۆیە ڕزگارکردنی ژن و گێڕانەوەی ڕۆڵی کۆمەڵایەتییەکەی، بنەرەتی بوو لە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکدا. ئەو ژنانەی وشیار بوونەوە و ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا قووڵ بووەوە، پەیوەندییان بەم تێکۆشانەوە کرد و ڕێکخراوەی تایبەت بە خۆیان دامەزراند لە ڕووی مەدەنی و سەربازییەوە.
ئەم ململانێ فکرییەی نێوان هەردوو پارادایم، هەر بە گفتوگۆکانی تێکەڵبوونی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەگەڵ دەوڵەتی سووریادا بە ڕوونی دەرکەوت. هۆکاری سەرەکیی قبوڵنەکردنی پڕۆژەی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە، دژایەتی نێوان پارادایمی دەسەڵاتخوازی ناکۆمەڵایەتی و پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکە.
بەڵگەی ئەوەش هێرشکردنە سەر بنەمای "پێکەوەژیانی گەلان"ە کە جەخت لەسەر یەکسانی و مافی خوێندن بە زمانی دایک و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان بۆ هەموو پێکهاتە ئایینیەکان دەکاتەوە. هەروەها هەوڵدان بۆ لێدانی دەستکەوتەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە ئەمە لەو وێنە تۆڵەسەندنەوانەی چەکداری گروپەکانی ژێر پەردەی سوپای عەرەبی سووریا بەرامبەر شەڕڤانانی کورد دەردەکەوێت؛ وەک بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییە توندوتیژەکان. بۆ نموونە؛ فڕێدانی تەرمی شەڕڤان (دەنیز چیا) لە باڵەخانەیەک لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب یان نیشاندانی فرۆشتنی ژن لە سەر سۆشیاڵ میدیا و بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کەسێک کە شانازی بە بڕینی پرچی ژنەشەڕڤانێکی کوردەوە دەکات دوای شەهیدکردنی. ئەمانە جگە لە گوتاری هەڕەشە و گوڕەشە لە هەموو ئەو ژنانەی لەناو بزووتنەوەی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادان. ئەم ڕێکخراوانە لە ڕێگەی دڕندەییەوە دەخوازن ترس کۆمەڵگەدا بچێنن تاوەکو تەسلیم بن و هەموو ئەوانە قبوڵ بکەن کە بەسەریاندا دەسەپێنرێت.
کۆمەڵگەیەک کە فێری ئازادی بووبێت و خاوەن هۆشیارییەکی شۆڕشگێڕانە بێت، ناتوانێت ژێردەستەیی پارادایمێکی دەسەڵاتخواز قبوڵ بکات، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان بۆ بەها مرۆییەکانی و کورد و هەموو تێکۆشەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەیمانیان لەسەر ئەمە داوە. ئەو قۆناغە سەختەی سووریا تێیدا دەگوزەرێت، ئەنجامی دژایەتی نێوان ئامانجەکانی پڕۆژەیەکی دیموکراتیک و پڕۆژەیەکی نەتەوەپەرستی جیهادییە.