مه‌گه‌ر خوا، حەقتان بسەنێت و دڵتان ئاوبدات

تریفە جەلال – پەروەردەکار

ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر كوردو و به‌تایبه‌ت كه‌سوكارى ئه‌نفالدا هاتووه‌، له‌مێژووى به‌شه‌ریه‌تدا وێنه‌ى ئێجگار كه‌مه‌، چونكه‌ كاره‌ساتێكه‌ نه ‌به‌فیلم و به‌گێڕانه‌وه‌ و چیرۆکەکان، نه‌ بەنوسین و ڕۆمانه‌كان ناتوانرێـت حه‌قى پێ بدرێت.

 

هیچ شتێك ناتوانێ گوزارشت له‌و دیمه‌نه‌ ناخ هه‌ژێنه‌ بكات كاتێك دایكێك له‌به‌رچاوى خۆى كچه‌كه‌ى ده‌به‌ن و براو هاوژینەکەی زینده‌به‌چاڵ ده‌كه‌ن، خۆشى به‌ره‌و زیندانێكى دوور دوورى نیشتمان راپێچ ده‌كه‌ن.

 

یانى هیچ شتێك هیچ نوسین و وێنه‌و دكۆمێنتارییه‌ك ناتوانێ گوزارشت له‌و ناخه‌ پڕو حه‌زینه‌ بكات كه‌ هه‌ر چریه‌كى مه‌رگه‌سات و پرسه‌یه‌كى ڕاستەقینەیە.

 

مه‌گه‌ر ته‌نها خوا خۆى، ته‌نها به‌ره‌حمى خۆى ئاوپرژێنى ئه‌و دڵه‌ بیمارو ته‌عزیه‌باره‌ بكات و شتێك ئارامى بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌مرۆ ساڵیادى مه‌رگه‌ساتى ئه‌نفاله‌، رۆژێك كه‌ تیایدا هێشتا كه‌س و كارى قوربانییه‌كان ده‌گرین و هاوار ده‌كه‌ن كه‌ لانىكه‌م هیچ نه‌بێ ته‌رمى رۆڵه‌كانیان له‌ عه‌رعه‌رو بیابانه‌ دڵره‌قه‌كان بۆ بگه‌رێننه‌وه‌.