لەڕووی تەکنیکاڵەتی سیاسیەوە

د. ساماڵ مانیی – لێکۆڵەرەوەی فەلسەفی

 

ئەگەر ئۆکرانیا ئەندامی ناتۆ بوایە، ڕوسیا نەیدەتوانی هێرشی بکاتەسەر، چونکە ئەگەر بیکردایە ئەوا هەموو وڵاتانی ناتۆ "٣٠" ئەندام، بە شەڕکردن بەرەنگاری دەبوونەوە.

 

ناتۆ بریتیە لە هێزی هاوبەش بۆ پاراستنی ئەوروپا و بەرژەوەندی ئەمەریکا، ئەندامەکانی لە بەشی ئاسیای تیایە.

 

ناتۆ لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە دامەزراوە لە "١٩٤٩"دا و بریتیە لە هێزی بەرەنگاربوونەوە"سوپا"ی هاوبەش لە نێوان ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامی ناتۆن.

 

هەر لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دروست بووە کە بەرەوڕوو و بەرەنگاربوونەوە بێت بەرامبەر بەو هێزەی ڕوسیا کە لە دوای جەنگی جیهانیی دوەمەوە لەسەر سنورەکانی ڕوسیا بەرامبەر بە ئەورۆپا جێگیرکراوەو وەستاوە.

 

NATO (North Atlantic Treaty Organization)

ناوی تەواوی ناتۆ: ڕێکخراوەی پێکهاتووی باکووری ئەتلانتیک

پێم خۆش بوو ئەمەتان لا ڕوون بێت کاتیک باسی ئۆکرانیا یان ناتۆ دەکەن سەر بەهەر لایەکیان بیت، ڕوسیا یان ئۆکرانیا، ڕوسیا یان ئەوروپا، ڕوسیا یان ئەمەریکا، ناتۆ فریادڕەس و ئەهلی مەرحەمەت نیە بۆ وڵاتانی دەرەوەی گروپەکەی خۆی، بەڵکوو جەیشە ، سوپای پێکهاتووی ئەو ووڵاتانەیە کە ئەندامی ناتۆن بۆ پارێزگاریی لەو وڵاتانە خۆیان نەک وڵاتانی تر، ئەگەر بشچنە ناو وڵاتێکی ترەوە لە کاتی شەڕدا ئەوا بۆ ڕاگرتنی تەشەنەی شەڕەکەیە دژ بە بەرژەوەندی خۆیان و بەس.

 

ئەگەر ئۆکرانیا ئەندامی ناتۆ بوایە، ئەوا ئێستا جەنگی جیهانی دەبوو، نەک لە جۆری سزا سەپاندن بەسەر ڕوسیا و پشتگیریی وڵاتانی ناتۆ بۆئۆکرانیا، ئەو سزا سەپاندنانەش لەبەر ئەوەیە ئۆکرانیا دژ بە روسیا بمێنیتەوە چونکە دیواری سەر سنووری وڵاتانی ناتۆیە لەگەڵ روسیا، لە نێوان روسیا و ئەورۆپادایە لەڕووی جیۆگرافیەوە.

 

هەروەها، ئەگەر ئۆکرانیا ئەندامی ناتۆ بوایە روسیا هێرشی نەدەکردە سەری، لەبەر ئەوەی جەنگی جیهانی دروست دەکرد.

 

ڤلادیمیر پوتن دەیزانی ئەگەر بیەوێت هێرش بکات ئێستایە نەک دوای ئەوەی داواکەی ئۆکرانیا پەسەند دەکرێت بۆ چوونە ناو ناتۆوە، پوتن خۆی تیمە سەربازی و سیاسیەکەی پلانی دامەزراندنی دوو هەرێمیان لەناو ئۆکرانیا دروستکرد بۆ ئەوەی ئەو دیوارە بشکێنیت لە رووی سەبازیەوە کە ئۆکرانیایە، بۆ ئەوەی ناتۆ نەتوانێت کۆبوونەوەی بە پەلە ئەنجام بدات بۆ وەرگرتنی ئۆکرانیا بۆ ئەندامیەتی ناتۆ.

 

ئەمەریکا و ئەوروپا لەبەر ئەمەیە کە سوپا نانێرن بۆ یارمەتی ئۆکرانیا، بەڵام ئەگەر ڕوسیا پەلاماری یەک وڵاتی ئەندامی ناتۆ بدات ئەوە هەموو ئەوروپا دەکات بە بەرەی جەنگ.

 

ئەمە هەتا ئێستا وایە، بەڵام دەکەوێتە سەر ئەوەی چۆن پەرە دەسەنێت یان دادەمرکێتەوە.