لەدایکبوونی پارادایم؛ کاتێک فیکر دەبێتە پێویستییەکی ژیانی بۆ مرۆڤایەتی
موژدە عەلی- مامۆستاو نووسەر
"لەدایکبوونی فیکرێک کە مرۆڤایەتی پێویستی پێیەتی"
پێشەکی: تێپەڕاندنی "کات" بۆ گەیشتن بە "مانا"
یادکردنەوەی ٤ی نیسان تەنها گەڕانەوەیەک نییە بۆ مێژووی لەدایکبوونی جەستەیی بەڕيز ئۆجەلان، بەڵکو تێڕامانە لەو ساتەوەختەی کە تێیدا "مرۆڤی کورد" و دواتر "مرۆڤی ئازادیخواز" توانییان لە قەیرانی مانا ڕزگار ببن. ئەم ڕۆژە، ساڵیادی هاتنەئارای قوتابخانەیەکی فیکرییە کە چیتر تەنها پەیوەست نییە بە جوگرافیایەکی دیاریکراوەوە، بەڵکو بووەتە پێویستییەکی حەتمی بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لەو بنبەستە فیکری و ئەخلاقییەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دروستی کردووە. فیکر وەک وەڵامێک بۆ قەیرانە جیهانییەکان خالی وەخەرخانی گرنگە هەربۆیە گەورەیی ئەم لەدایکبوونە لەوەدایە کە بەڕێزئۆجەلان تەنها "شۆڕشگێڕێک" نییە، بەڵکو داڕێژەری پارادایمێکی نوێیە کە جیهان تینوویەتی.
لە کاتێکدا مرۆڤایەتی لە ناو دەریایەکی قەیرانی ژینگەیی، جەنگی بێبڕانەوە و هەڵوەشاندنەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکاندا نوقم بووە، فیکری ئۆجەلان لە ڕێگەی "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک" و "ئیکۆلۆژیی کۆمەڵایەتی"ـیەوە، ڕێگایەکی تری پێشکەش کرد. ئەمە ئەو شوێنەیە کە ٤ی نیسان دەبێتە "هیوایەکی گەردوونی"؛ چونکە مۆدێلێکی پێشکەش کرد کە تێیدا مرۆڤ دەتوانێت بەبێ دەوڵەت و بەبێ چەوسانەوە، ژیانێکی پێکەوەیی و دیموکراتیک بنیاد بنێت.
ژینۆلۆژی: ڕاپەڕینی مێشک دژی هەزاران ساڵ تاریکی امە خاڵە جەوهەری و پڕ بایەخەکەی ئەو لەدایک بوونەیە بۆیە جیاوازیی ئەم بیرمەندە لەوەدایە کە "لەدایکبوون"ی ڕاستەقینەی مرۆڤی بە ئازادیی ژنەوە گرێ دا. بەڕيز ئۆجەلان بە فەلسەفەی "ژینۆلۆژی"، تەنها مافی سیاسیی بە ژن نەدا، بەڵکو مێژووی "زانست و مەعریفە"ی لە دیدگایەکی نێرسالارانەوە گۆڕی بۆ دیدگایەکی مرۆیی. ئەم تێڕوانینە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێویستییەکی بنەڕەتییە؛ چونکە نیشانی دا کە تا ژن وەک جەوهەری کۆمەڵگە ئازاد نەبێت، هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت بانگەشەی شارستانییەت بکات.
وەک دوا وتەم : ژیان لە دەوری حەقیقەت دەبیت هەرچ دەبیت با ببێت بۆیە ٤ی نیسان، ڕۆژی ڕاگەیاندنی "مرۆڤی نوێ"یە؛ ئەو مرۆڤەی کە لە ناو زیندانیشدا بێت، دەتوانێت گەورەترین فەلسەفەی ئازادی بەرهەم بهێنێت. ئەم یادە، جەژنی زیندووبوونەوەی ئەو بیرکردنەوەیەیە کە دەڵێت: "چارەسەر لە ناو خودی کۆمەڵگەدایە، نەک لە دامەزراوە سەپێنراوەکاندا". ئەمڕۆ مرۆڤایەتی زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بەم "لەدایکبوونە فیکرییە" هەیە بۆ ئەوەی لە ژێر داروپەردوی قەیرانەکاندا، ژیانێکی شایستە و پڕ لە مانا بۆ خۆی بونیاد بنێتەوە.