لەبارەی سیخوڕەکانەوە!
بێریڤان محەمەد - ڕۆژنامەنووس
چەند رۆژێکە دادگاییکردنی دوو سیخوڕ کە بەگوێرەی دانپێدانانیان دەستیان لە تاوانی شەهیدکردنی چوار شۆڕشگێڕدا هەبوە، بۆتە رۆژەڤی سەرەکی میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.
هەموو لایەک نەفرەتیان لێ دەکەن و یەک دەڵێت دەبێ لەسێدارەیان بدەن، یەکێک دەڵێ دەبێت هەڵواسرێن و بکرێنە عیبرەت..هتد، ئەم کاردانەوانەش جێگەی ئومێدن و خۆشحاڵین و نیشانەی توڕەیی و دژایەتیە بۆ خیانەت و خیانەت کاران.
بەڵام ئایا لەخۆمان پرسیوە چین ئەو هۆکارانەی ئەم تاوانبارانە و دەیانی تر دەکاتە تاوانبار و سیخوڕ،!
ئایا بە لەناوبردنی ئەم سیخوڕانە کۆتایی بەو خەتە سیخورێتیە دێت کە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن میت- پاراستنەوە پێش کەوتوە؟
ئایا ئەو تۆڕە سیخوریانە کێ دروستی کردوون و کێ سەرپەرشتیان دەکات؟
راستە لە مێژووی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردا و گەلانی تریشدا سیخوڕیتی و خیانەت بەڵای سەری گەلان بوون بەتایبەت بونەتە کرمی خۆخۆری ناو جەستەی گەلی کورد.
بەڵام ئێستا خەتی خیانەت و سیخوڕی لە باشوری کوردستان کە دەزگای سیخوری میتی تورک بەهاوکاری هەندێ دەزگای تر بەتایبەت پاراستن بەڕێوەی دەبەن، زۆر لەو جینۆساید و کۆمەڵکوژیانە مەترسیدارترە کە لەرابردودا گەلەکەمان روبەرووی بۆتەوە.
چەند ساڵێک بەرلەئێستا ئاشکرابوو کە لە چەندین شاروشارۆچکە تۆڕی سیخوێتی گرێدراو بەمیت دروستکراوە و بەسەدان تۆریان دروست کردوە و بەئاشکرا خەڵک ناونووس دەکەن لەبەرامبەر بە بڕێک پارە سیخورێتیان بۆ بکەن.
ئەوکاتەش ئێمە باسی گەورەیی ئەو مەترسیەمان کرد، دواتریش نەک تەنیا ئەندامانی تەڤگەری ئازادی، تەنانەت پارێزە و رۆژنامەوان و دەیان وڵاتپارێزەکان لەلایەن تۆرە سیخوریەکانەوە روبەرووی هەرەشەی مەترسیدار دەکرانە، کە یان دەبێ سیخورێتیان بۆ بکەن یان ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان دەکەوێتە مەترسیەوە.
ئاشکرایە مەترسیەکانی ئەم هێرشە سیخوڕیانە تەنیا پارتێک یان کۆمەڵێ چالاکوان و شۆڕشگێڕ نین بەڵکوو یەک بەیەکی مرۆڤە ئازادیخواز و بەکەرامەتەکانی ئەم گەلەیە، تەنانەت مەترسی لەسەر ئێستا و ئایندەی هەموو کۆمەڵگەی کوردیە.
ئەو پەیوەندیانەی لەنێوان حزبەکانی باشور و دەوڵەتی تورک لەرابردوو پێش کەوتوون زۆرێنەی لەسەر بناغەی هەواڵگری و پێدانی زانیاریە لەسەر تەڤگەری شۆڕشگێڕی پەکەکە و شۆڕشگێرەکانی، بەجۆرێ زۆر بێ شەرمانە سەرۆک و بەرپرسانی ئەم پارتانە شانازیان بەو بەکرێگیراوێتیە کردوە.
سیخورێتی و خیانەت سیستەماتیک هەرگیز هێندەی ئێستا قوڵ و فراوان خۆی رێکنەخستوە و رێگای بۆ خۆشنەکراوە.
لەلایەک ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی دەکوژن و لەلایەکی تریش ئەو کەسانەی بۆشایی فکری یان کێشەی مادیان هەیە پەلکێشیان دەکەن بۆ خیانەت و سیخورێتی.
گەر ئێمە ئەو هێڵی خیانەت و سیخوڕێتیەی لە باشوری کوردستان پێشدەخرێت باش نەناسین و روبەرووی نەبینەوە ، خیانەت لە رەگەوە دژایەتی نەکەین ناتوانین سیخورەکان لەناو ببەین.
دەبێ لەپاش ساخبونەوەی تاوانەکەیان ئەم دووسیخورە دادگایی ئاشکرا بکرێن و بەسزای توندی خۆیان بگەن، بەڵام گرنگە هەموو سوربین لەسەر ئەوانەی لەسەرو ئەم دوو تاوانبارەوە هەن ئاشکرا بکرێن، تۆڕە سیخوریەکان ئاشکرابکرێن و سزابدرێن، ئاگری ئەو تورەییە ببێتە بڵێسەی ئاگرێک کە ختانەتکارە گەورەکانیش بگرێتەوە.
هزری خیانەتکار، پارت و رێکخراو وسەرکردە، هەڵوێست و کردەوە و خەتی خیانەتکاری بەگشتی ئاشکرا بکات و بسوتێێت، بەم جۆرە خیانەت لەناو دەچێت.
پێویستە لەرەگەوە کۆتایی بەو بزنسە بێنێ کەلەسەر خوێنی شۆڕشگێڕان دەکرێت و خەون و ئایندەی ئەم گەلە هەرزان فرۆش دەکات و لەسەر سینی زێرین پێشکەشی داگیرکارانی دەکات.