بێژەری هەواڵ لە میدیادا
پاڤێ جەمیل - ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی
گواستنەوە و خوێندنەوە و پەخشی هەواڵەکان، تەنیا ناردن و پێدانی زانیاری نییە، بەڵکو ئەم زانیاریانە دەگۆڕێن بۆ توخمێکی چارەنووسساز لە داڕشتن و دروستکردنی رای گشتیدا.
رۆڵی بێژەری هەواڵی سیاسی، تەنیا گواستنەوە و شرۆڤەی هەواڵ نییە، ئەوان راستەوخۆ بەشداریی دەکەن لە داڕشتنی تێڕوانین و رای گشتی لە رێگەی گەیاندن و تۆنی دەنگ و شێوازی پێشکەشکردنیانەوە.
بەپێی تیۆرییەکانی میدیای مۆدێرن، میدیا وەک کەناڵێکی بێلایەن سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک نێوەندگیرێک کە واقع لە قاڵب دەداتەوە. تیۆری دانانی کارنامەیی "وضع الاجندة" جەخت لەوە دەکاتەوە کە میدیا بە خەڵک ناڵێت بیر لە چی بکەنەوە، بەڵکو زیاتر دەڵێت بیر لە چۆن بکەنەوە، بە واتایەکی تر شێوازی رێکخستن و پێشکەشکردنی هەواڵەکان راستی لای وەرگرەکانی دیاری دەکات، جگە لەوەش تیۆری چوارچێوەگیری میدیا "التأطیر الاعلامی" ئاماژەیە بۆئەوەی کە دەتوانرێت یەک هەواڵ بە چەندین شێوە پێشکەش بکرێت، هەریەکەیان مانای جیاواز بگەیەنێت.
لێرەدایە کە رۆڵی بێژەر دەبێتە پەیامێکی چارەنووسساز و دەتوانن هەواڵەکان بە تۆنێکی ئارام یان گرژ، دڵنیاکەرەوە یان مەترسیدارەوە یان زانیاری راست و سەرچاوەی باوەرپێکراو، یان هەواڵی سەرلێشێواندن و فەیک بڵاوبکەنەوە.
لە هەندێک کاتدا، پەخش و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان دەبنە سەرچاوەی گرژی و دڵەراوکێ، چونکە پەخشی هەواڵی سیاسی بە شێوەیەک پێشکەش دەکرێت کە دڵەڕاوکێ لای بینەر و وەرگرەکانی دروست دەکات، مەرج نییە ئەمە بەهۆی خودی هەواڵەکەوە بێت، بەڵکو بەهۆی شێوازی گەیاندنی هەواڵەکەوە دەبێت.
کاتێک پێشکەشکار پشت دەبەستێت بە: تۆنێکی دەنگێکی بەرز، یان گرژ، خێراییەکی نائارام لە گەیاندن، گرنگیدانێکی زۆر بە وشەسازی نەرێنی، ناهاوسەنگی لە پێشکەشکردنی زانیاریدا.
دەرئەنجامەکەی شڵەژانی دەروونی لای وەرگرەکانی دروست دەکات، بەتایبەتی لە کاتی قەیرانەکاندا کە خەڵک زیاتر هەستیارن بەرامبەر بەهەر پەیامێکی میدیایی، بۆیە دەتوانرێت بگوترێت هەندێک شێوازی پێشکەشکردن لە هەندێک کەناڵی بەناو پرۆفیشناڵ پێویستیان بە پێداچوونەوەی پیشەیی و ئاکاری کاری میدیایی هەیە، چونکە لەم حاڵەتانەدا میدیا پەیامەکانی نەک تەنها دڵەڕاوکێ دروست دەکات و زیانی زیاتر بە دەروونی وەرگرەکانی دەگەیەنێت، بەڵکو رەنگە بەشدار بێت لە گەورەکردنی رووداوەکاندا.
لە ستانداردە پیشەییەکانی کاری میدیای و ئەدەبیاتی پێشکەشکردنی هەواڵدا، جەخت لەسەر کۆمەڵێک ستانداردی بنەڕەتی دەکرێتەوە کە دەبێت بێژەرانی هەواڵی سیاسی بە تایبەت پابەندبن پێیانەوە، لەوانە:
١-بێلایەنی: دوورکەوتنەوە لە هەر نمایشێکی لایەنگری لە رێگەی تۆنی دەنگ یان دەربڕینی دەموچاو.
٢- روونی: پێشکەشکردنی زانیاری بە شێوەیەکی روون و دوور بێ لە ئاڵۆزی و خێرایی لە رادەبەدەر بێت و کەشێکی نائارام بۆ وەرگرەکانی دروستبکات .
٣- هاوسەنگی: خستنەڕووی هەموو لایەنەکانی رووداو و هەواڵەکە بەشێوەیەکی گشتی بەبێ ئەوەی سەرنجی تەنها لەسەر یەک لایەن بێت.
٤-کۆنتڕۆڵی سۆزداری: پاراستنی تۆنێکی ئارام، تەنانەت لەکاتی راپۆرتکردنی هەواڵی هەستیاریشدا خۆی نەکات بە بەشێک لە رووداوەکە.
لێرەوە لە روانگەی تیۆری خولگەی بێدەنگی "دوامه الصمت" وەرگری میدیایی رەنگە کاریگەری ئەو پەیامانەی لەسەر بێت کە وەک رای گشتی باو هەستی پێدەکەن، کە زۆرجار لەلایەن میدیاوە لە قاڵب دەدرێت، بۆیە جێبەجێ نەکردنی هەر پرنسیپێکی کاری میدیایی، یان دروستکردنی هەر گرژییەک، یان زیادەڕەوییەک لە پێشکەشکردنی هەواڵەکاندا رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی خەڵک هەستی دڵەڕاوکێ یان ترسی لا دروست ببێت.
جگە لەوەش تیۆری پشت بەستن بە ئامرازەکانی میدیا "الاعتماد علی وسائل الاعلام"، جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەڵک لە کاتی قەیرانەکاندا زیاتر پشت بە میدیا دەبەستن بۆ زانیاری، بەم شێوەیە بەرپرسیارێتی بێژەر وەکو گەیەنەری پەیامە میدیایەکان زیاد دەکات بۆ پێشکەشکردنی ناوەڕۆکێکی هاوسەنگ و ئارام بۆ رووداوەکان، کاری میدیایی و پیشەی کاری رۆژنامەگەری پیشەیی تەنها ئەوە نییە کە هەواڵەکان بە خێرایی بگوازنەوە، بەڵکو بە بەرپرسیارانە راپۆرتی بکەن، پەخشی سەرکەوتو، ئەو میدیایەیە کە بتوانێت:
- هاوسەنگی لە گەیاندنی راستییەکان و لە هەمان کاتدا پاراستنی ئارامیی بینەر بپارێزێت.
- هەواڵەکە بەبێ زیادەڕەوی و هەستیاری پێشکەش بکەن.
- دەنگ و تۆن لەکاتی پێشکەشکردنیدا بەشێکی دانەبڕاوە لە پەیامی میدیایی.
- بێژەر بە پرەنسیپی ئاکاری کاری میدیایی و پیشەییانە، مامەڵە لەگەڵ رووداو هەواڵەکاندا بکات، نەک حوکم بدات و ببێتە بەشێک لە رووداوەکان.
لە کۆتاییدا شێوازی پێشکەشکردنی هەواڵەکان وەک هۆکارێکی چارەنووسساز لە کاریگەرییەکانی میدیادا دەمێنێتەوە. تەنها خودی وشە و پەیام و رووداوەکان نین کە دەگەنە بینەر و وەرگرەکانی، بەڵکو شێوازی پێشکەشکردنیش کاریگەریی هەیە لەسەر رووداو قوربانییەکان و بەلاڕێدابردنی راستەییەکان و دەست خستنە ناو رووداوەکانەوە. لە کاتی گرژیدا وەرگری میدیایی پێویستیان بە میدیایە کە بە هێمنی راستییەکان بخاتەڕوو، نەک گوشاری زیاتر بۆ ژیانیان دروست بکات، دەزگاکانی راگەیاندن بەرپرسیارن لە کەمکردنەوەی قەیرانەکان نەک توندتر و زیادکردنی.