کاریگەریی پەروەردە لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی ژنان
خەڵات فەرەیدون - سەرپەشتیاری پەروەردەیی

پەروەردە بناغە و بنەمای بنیاتنانی کۆمەڵگەیە، یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی بەهێزکردنی ژنان لە هەموو کات و سەردەمێکدا پەروەردەیە، بەتایبەت لە سەردەمی ئێستادا کەوا دەوڵەمەندیی پەروەردەی سەردەم دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت، بۆئەوەی مرۆڤ ئاسانتر سوود لە ئەزموونەکان وەربگرێت، هەروەها پەروەردە هاوکارە لە پەرەپێدان بە کارامەیی و تواناکانی ژنان، بۆئەوەی بتوانن بە ئازادانە بیربکەنەوە و بڕیار بدەن و جۆرێتیی ژیانیان باشتر بکەن، لەسەر ئاستی جیهانیش نموونەی باڵا زۆرن.
پەروەردە دەرفەت دەڕەخسێنێت
تێبینی ئەوە دەکەم ژنانی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە دەرفەتی زیاتریان لەبەردەمدایە بۆ زیاتر بەشدارییکردن لە چالاکییەکانی کۆمەڵگەدا لە رووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتورییەوە، هەروەها زیاتر پەی بە مافەکانیان دەبەن و بوێرانەش داوای یەکسانیی و دادپەروەریی دەکەن، ئەوەش هۆکاری ئەوەیە ئیرادەی وایان بۆ دروست دەبێت، دەتوانن راشکاوانەتر رووبەڕووی نایەکسانیی جێندەریی ببنەوە.
پەروەردە ئاگایی زیاتر دەبەخشێ
شووکردنی پێشوەختە یەکێکە لە دیاردەکانی کۆمەڵگە ناهۆشیارەکان، ئەوانەی خاوەن سیستمێکی پەروەردەیی تەندروست و مەدەنیی نین و زیاتر عەقڵی خێڵ و رەشۆکیانە تێیاندا زاڵە، لەو کۆمەڵگەیانەدا پێشکەوتن سەنتەری بیرکردنەوە نییە، هەروەها بەهاکانی مرۆڤ و ژیان و ژن جێی بایەخ نین، بۆیە ژیانی ژن مەحکوم بە هەڵبژاردەی ناتەندروست دەکرێ.
پێچەوانەی ئەوە، ئەو کچانەی دەخوێنن و ئاستی ئاگاییان بڕێکی زۆر پێگەیشتووە کەمتر شووکردنی پێشوەختە دەکەن و دوور دەکەونەوە لە زوو دووگیانبوون، زیاتر ژیانێکی تەندروست و بەرهەمدار بەڕێوەدەبەن و خۆیان بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکانی ژیانی خۆیان دەدەن، بەوەش دەرگای داهاتوویەکی گەشتر و باشتر لەبەردەم داهاتوویاندا دەکرێتەوە.
پەروەردە بۆ ئابووری گرنگە
جێگیرکردنی سیستمێکی پەروەردەیی سەردەمیانە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پێگەیاندنی کادری خاوەن پسپۆڕیی جیاواز لە سەرجەم کایەکاندا هەیە، بەتایبەت کادری پیشەیی بۆ بوارە جیاوازەکان، ئەوەش دەرگا بەڕووی هەلی کاری باشتر و داهاتی زیاتردا دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی سەقامگیریی دارایی بۆ خێزانەکان و بەهێزکردنی ئابوورییان، بەمەیش کچان ئاییندەیەکی باشتر بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بنیات دەنێن.
ئابووریی سەربەخۆ بۆ ژن زۆر گرنگە، ئەوە هەر لەبەرئەوە نییە وەک چەکێکی بەهێز بۆ خۆی بەکاریبێنێت، بەڵکو وردتر لە گرنگیی پارەی وەدەستهاتوو و چۆنییەتی خەرجکردنی و هەوڵدان بۆ راگرتنی هاوسەنگیی لەنێوان خەرجیی و پاشەکەوتدا تێدەگات و ئەوەش بۆ ژیان و ماڵ و تەنانەت هاوسەرەکەشی گرنگە.
ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا لە هەموو کاتێک زیاتر کچان دەچنە خوێندنگە و کۆلێژەکان و رێژەی خوێندەواریی ژنان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، ژنان لە ئاستە جیاوازەکانی سیاسەت و کۆمەڵگەدا پۆستی بەرزیان هەیە، دەتوانن بیرۆکەکانی خۆیان بخەنەڕوو و داکۆکی لە خۆیان بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ژنان نەگەیشتوونەتە ئازادییە راستەقینەکەی خۆیان، چونکە هێشتا ئاستەنگەکان زۆرن بە هۆکاری کۆمەڵایەتی و دابونەریتە کۆن و رەگ داکوتاوەکانی کۆمەڵگەی کـــــــوردەوارییەوە، هــــەروەها سنووردارکردنی داراییش زۆرجار رێگری لە توانای کچان دەکات بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن، بەتایبەتی ناوچە گوندنشینەکان رێژەی وازهێنان لە خوێندن تاڕادەیەک تێیاندا زیاترە و دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی کوالێتیی بەرز لەناو شارەکان قورستترە، بۆیە گرنگیدانیش بە پەروەردە و خوێندن لە لادێکان زۆر گرنگە.
ژن دەتوانێت پەروەردە بگۆڕێت
هەندێکجار، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خەڵکانێک لە بەهێزبوونی تواناکانی ژن و سەرکەوتنەکانی دەترسن، ئەوە هەڵەیەکی لۆژیکییە و دەرئەنجامی بیرکردنەوەی ناتەندروستە، بەڵکو دەبێت پشتیوانیی بەهێزبوونی ژنان و تواناکانیان بکرێت.
دەبێت کۆمەڵگەی کوردی لەوە دڵنیابێت کەوا بەهێزبوونی تواناکانی ژنی کورد دەستەبەری گۆڕانکاریی جدییە لە کەرتی پەروەردەدا بە ئاراستەی پێشکەوتنی زیاتردا، رۆڵی پەروەردە لە بەهێزکردنی ژنانی کورد لە توانای گۆڕینی بیرکردنەوە و داڕشتنی پەیکەری کۆمەڵایەتیدایە، پێویستی بە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی و هاوکاریی دارایی هەیە بۆ خوێندکارانی خێزانە کەم داهاتەکان، بۆ دڵنیابوون لە یەکسانیی جێندەری لە پەروەردەدا، ئەم پشتگیرییە دەبێتە هاوکارییەکی زۆرباش بۆ زۆرێک لەو خێزانانەی رەنگە بەهۆی سنوورداربوونی دۆخی داراییانەوە یەکەمایەتی نەدەن بە خوێندن، هەروەها لە رێگەی راهێنانی زانستی، تەکنیکی و پیشەیی بۆ بەرزکردنەوەی لێهاتوویی و زانیاریی ژنان، کە بتوانن چالاکتربن لە بازاڕی کاردا، بڕیاری ئاگادارانەتر بدەن، باشتر لە مافەکانیان تێبگەن و بەشداریی لە ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا بکەن.
رێژەی بەرزیی ئاستی خوێندەواریی ژنان کوالێتی ژیان باشتر دەکات، بۆ ئەو مەبەستە گرنگە پێکەوە کاربکەین بۆ تێکشکاندنی بەربەستەکانی بەردەم بەشدارییکردنی ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا لە رێگەی پەروەردەوە، بۆئەوەی کۆمەڵگەی کوردەواریی ئاوەدانتر بێت، هەروەها هەڵمەتەکانی هۆشیاریی دەربارەی گرنگی پەروەردەی کچان دەتوانن یارمەتیدەربن لە گۆڕینی هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی بەهای پەروەردە بۆ کچان.
نێرسالاری دژی پەروەردەیە
ئەوەی دژی رۆڵبینینی ژنە بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە، نێرسالارییە، ئەوە رەگ و ریشەیەکی مێژوویی هەیە و بۆ سەردەمی ئێستا دەبێت بخرێتە دەرەوەی ژیان و پەروەردەوە، بۆئەوەی پەروەردە رۆڵی زۆر زیاتری هەبێت لە پێشکەوتنی ژنان دەبێت داماڵرێت لە بیرکردنەوەی جیاوازیی جێندەریی و نێرسالاریی، چونکە پەروەردە دەروازەیە بۆ هەموو پێشکەوتنەکان بەتایبەت بۆ کۆمەڵگەی خۆمان کە زیاتر پێویستمان بە بوونی ژنی ئازا و ئازاد و خاوەن بەهرە و شارەزایە لە بوارە جیاوازەکاندا.
دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەوەش رابکێشم کە پیشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان دەتوانن رۆڵی کاریگەریان هەبێت لە پێشخستنی کەرتی پەروەردە و پێشخستنی تواناکانی ژندا، بەو پێیەی بنەمای پەروەردەی سەردەم و رێگەی جیاواز و ئاسان دەخەنە خزمەت پەروەردە و ژنەوە، بۆئەوەی سوودی لێ وەربگرن.