سێ ڕەوتی توندوتیژی و تیرۆر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا
بێریڤان شاهۆ- ڕۆژنامەنووس
کڵان کە سەرەتایی ترین و بنچینەیی ترین یەکەی دامەزرێنەری ژیانی کۆمەڵایەتییە، بە ڕەچاوکردنی جیاوازییەکان و بەرهەم هێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان لە تەوەرەی ژن-دایکدا، توانی کاریگەری لەسەر ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی هەبێت و تا ڕۆژی ئەمڕۆمان وەک سەرکەوتووترین شێوە یا سیستمی ژیانی کۆمەڵایەتیبوونی کۆمەڵگە باسی لێوە دەکرێت و وەک یەکەی بنچینەیی، بنیادنانی نەتەوەی دیموکراتیی و مۆدێرنێتەی دیموکراتیک پێناسە دەکرێت.
لە کۆمەڵگەی کڵاندا جیا لەوەی خستنەوە و بەخێوکردنی منداڵ لە ئەستۆی دایک بووە، هاوکات کۆمەڵگەشی لە دەوری خۆی دامەزراندووە، لەم ڕوەوە دەنگ، زمان، کولتوور و بەهاکان لەسەر دەستی ژن شکڵیان گرت و بەمەش هێز و توانایی ژن-دایک بەرجەستەتر بوو و پیاویش نەیدەزانی کە ڕۆڵی لە دروستکردنی منداڵدا هەیە، تەنها سەرقاڵی ڕاوکردن بووە، کاتێک هێز و توانای ژن دەبینێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە خۆ بە کەم ببینێت، ئەم هەستەش ئیرەیی لەناو گروپە ڕاوچییە پیاوەکان بەرامبەر بە ژن دروستکرد.
هەر لێرەوە لە لایەن ئەم گرووپە ڕاوچییەوە بنەمایی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن و ئەو بەهایانەی کە خوڵقاندوویەتی سەرهەڵدەدات، سەرەتا هەوڵدەدەن ژنان و منداڵان بە کۆیلە بکەن، ئەو پیاوانەی کە بە برای ژنان دەناسرێن، دەکوژن، دواجار ڕوودەکەنە کوشتن و لەناوبردن و دزین، بەم شێوەیە، "بکوژی کاستیک" کە مێژوویەکی ٣٠ هەزار ساڵەی هەیە، سەرهەڵدەدا.
لەم ڕووەوە ڕێبەر ئاپۆ بکوژی کاست وەک یەکەم جۆری توندوتیژی یا تیرۆری مێژوویی بەرامبەر بە کۆمەڵگەی سروشتی پێناسە دەکات و لە مانیفێستۆی کۆمەڵگەی کۆمیناڵی دیموکراتیکدا سەبارەت بە بکوژی کاست دەڵێت؛ بۆ ئەوەی سیفەتی کۆمیناڵی کڵانەکان تێک بدەن و فۆرمێکی کۆمەڵایەتی بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دروست بکەن، تیرۆر بە ڕووتترین و بێبەزەییانەترین شێوە بەکاردەهێنن. گواستنەوە بۆ کشتوکاڵ و ژیانی نشتەجێبوون، بە زەبری هێز ئەنجام دەدەن. لە پەرەستگەکاندا بە زۆر کاریان بە مرۆڤ دەکرد، کاتێک بە پێویستیان دەزانی، مرۆڤیان قوربانی دەکرد.
لە بەشێکی دیکەدا گرێ مرازا وەک یەکەم پەرەستگە کە مێشک، دڵ و ڕنجی مرۆڤ کە لە لایەن سیستمی کاستەوە تیایدا داگیرکرا و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٢ هەزار ساڵ لەمەوپێش، دەستنیشان دەکات.
سیستمی ئەرستۆکراسی درێژەپێدەری سیستمی کاستە، بەڵام بە شێوازێکی دیکە و لە بەرگێکی دیکەدا، لەبەر ئەوەی لە سیستمی کاستدا توندوتیژی ڕەها هەیە، واتە ڕەق و نەگۆڕە، بۆیە کاتێک کە سیستمی ئەرستۆکراسی دروست دەبێت ئەم جۆرە لە سیستمە بۆ خۆی بە مەترسی دەبینێت و بە شێوازێکی نەرم بەردەوام دەبێت لە ژێر دەستە کردنی کۆمەڵگە و نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگەی دایکانە لە ڕێگەی شۆڕشی برۆنز کە بە شۆڕشی تەکنۆلۆژیاش دەناسرێت، دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
ئەگەر بمانەوێت نموونەیەک لە کاریگەرییەکانی سیستمی ئەرستۆکراسی لە ڕۆژی ئەمڕۆدا بهێنینەوە دەبێت سەرنج بخەینە سەر ڕێگرییەکان لە بەرامبەر بەشداری کردنی ژنان لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، کە تا ئێستا لە ناو ئەو سیستمانەی کە لە جیهاندا بەڕێوەدەچن ژنێک نابینیت کە بڕیاردەری سەرەکی بێت بە فکر و ئیرادەی خۆی و ئەگەریش بوونی هەبێت پێویستە لەو بازنە فکرییەی ئەقڵی دەسەڵاتداردا بێت، بە پێچەوانەوە دەرچوون لەو بازنەییە یەکسانە بە لە ناوچوونی، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە هەر چەندە هەوڵبدەن ڕووی ڕاستەقینەیان لە ژێر دەمامکی پەیڕەوکردنی سیاسەتی نەرم بشارنەوە، سیاسەتەکانیان پێناسەی ناخیانە.
ڕێبەر ئاپۆ سیستمی ئەرستۆکراسی وەک دووەمین جۆری توندوتیژی یا تیرۆری مێژوویی پێناسە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات؛
کۆمەڵگەی دایکانە بە هۆی ئەم پێکهاتە ئەرستۆکراسییەوە گورزێکی کوشندەی بەرکەوت، لە ئەفسانەکانیشدا باس لەم پڕۆسەیە دەکرێت، لە ئەفسانەی خوڵقاندی بابلدا باس لەوە دەکرێت کە چۆن ماردۆک دایکە خوداوەند پارچەپارچە دەکات.
لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بەوە دەدات؛ لە ڕێگەی ئەم تیرۆرەوە سەرەتا بەسەر گوندەکان و دواتر بەسەر هەموو جیهاندا زاڵ دەبن و حوکمڕانییان دادەمەزرێنن. ئەم گرووپە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی تیۆلۆژیاوە ڕەوایی بدەن بە کارەکانیان. چونکە خاوەنی کاریگەرترین چەک و تەکنۆلۆژیان بوون، تیرۆریان بە شێوەیەکی بەرفراوان و شێوازێکی ترسناک بەکارهێناوە.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات سیستمی کاستی بکوژ زیاتر و بە شێوازێکی قووڵتر لەگەڵ پەرەسەندنی هزری دەسەڵاتداری و پیاوسالاری خۆی بەسەر سروشت و کۆمەڵگەدا سەپاندووە، بە جۆرێک کە هەستی پێ ناکەیت، پەندێکی پێشینیان هەیە کە دەڵێت؛ بە لۆکە سەربڕین لێرەدا ئاماژەیە بۆ سەپاندن و بەڕێوەبردنی سیاسەتێک کە ئەگەر سەریشت ببڕێت هەستی پێ ناکەیت.
پەیڕەوکاری ئەم سیستمەش چینی بۆرژوا یا شارنشینەکانن کە بە گەشەسەندنی شارەکان و سەرهەڵدانی چینی بۆرژوازی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر گۆڕینی بەها کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوورییەکان هەبووە و کۆمەڵگەی لە کۆمیناڵیتی دابڕاند و ژیانی تاکەکەسی پێشخست، هاوکات گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە پێناو قازانجی سەرمایە و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و پێشخستنی بە مۆدێل بوون و ژن وەک ئامرازی سەرەکی سیاسەتەکانی، بە ئامانج گرتووە.
ڕێبەر ئاپۆ سیستمی بۆرژوازی بە سێهەمین جۆری تیرۆر پێناسە دەکات و دەڵێت؛ ئەو شێوازە بنەڕەتییەی هزر کە بۆرژواکان یا شارنشینەکان پشتی پێ دەبەستن، وەک ناڕەزایەتییەکی گەورە دژی پێکهاتەی ئەرستۆکراتیی، لە دوای چاخی تەوەرەیی سەریان هەڵدا. ئەمە ئەو قۆناغەیە کە تیایدا هەموو کۆمەڵگە خراوەتە ناو گوشارێکی گەورەوە، تیرۆر بە گشتگیرترین و وردترین شێواز دژی مرۆڤ، سروشت و زیندەوەرانی تر بە کار دەهێنرێت.