جەستەی پارچەکراوی ژن، جیهانی دامەزراوی پیاو
بەسرا ڕۆژ - ئەندامی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی
مێژوو زۆربەی کات بە پێنووسی "براوەکان" نووسراوەتەوە. بەڵام ئەفسانەکان جێپەنجەی ئەو شتانە دەهێڵنەوە کە سەرکوت کراون، پەردەپۆش کراون و بە توندوتیژی بێدەنگ کراون. داستانی "ئەنوما ئەلیش"یش جێپەنجەیەکی لەم شێوەیەیە. ئەمە تەنها داستانێکی خولقاندن نییە؛ بەڵکو تۆمارێکی دێرینە کە چۆن ژن لە جیهان، لە مەعریفە و لە دەسەڵات دابڕێنراوە.
لە "ئەنوما ئەلیش"دا، خودا "ماردۆک"، دایکی خۆی کە خوداوەند "تیامات"ە دەکوژێت. جەستەەکەی پارچە دەکات؛ بە پارچەیەکی زەوی و بە پارچەکەی تری ئاسمان دەخوڵقێنێت. لە چاوەکانیشیەوە دیجلە و فورات دروست دەکات. جەستەی ژن دەبێتە کەرەستەی خاوی ئەو جیهانە نوێیەی کە ئەقڵی پیاو دایمەزراندووە. ئەم گێڕانەوەیە تەنها دیمەنێکی میتۆلۆژی نییە؛ بەڵکو سەرەتایەکی سیمبولییە بۆ دەستبەسەرداگرتنی زۆرەملێی هێزی داهێنەری ژن و سەپاندنی باڵادەستی لە ڕێگەی پارچەکردنی ئەوەوە.
لێرەدا ئەو عەقڵییەتەی کە ناومان ناوە "بکوژی کاستیک" دێتە سەر شانۆی مێژوو: ئەقڵێکی پیاوسالار کە هەمیشە خۆی دەشارێتەوە، بە دەمامکەوە دەسوڕێتەوە و لە توندوتیژییەوە هەڵدەکێشت. ئەم پێکهاتەیەی بە سەرکوتکردنی ژن هەڵدەکشێت، تەنها تۆوی یەکەمی باوکسالاری نییە، بەڵکو هی سەرمایەداریشە. چونکە سەرمایەداری بەبێ پارچەکردن، بەبێ گۆڕینی جەستە، ڕەنج و سروشت بۆ "کاڵا"، ناتوانێت بوونی هەبێت. جەستەی ژن یەکەمین مەیدانی داگیرکراوی ئەم سیستمەیە.
بکوژی کاستیک، لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا لە ڕاپەڕینی ژن ترساوە. ئەم ترسە لە پشت بچووککردنەوە، پلە دووکردن و ناچارکردنی ژن بە خزمەتکردن شاردراوەتەوە. بەڵام ترسەکە هەمیشە لەوێدایە. چونکە ژن تەنها بوونەوەرێک نییە کە منداڵی دەبێت؛ بەڵکو هێزێکی بونیاتنەر و گۆڕانکارە.
لەبەر ئەوە، شۆڕشی ڕۆژئاڤا تەنها وەرچەرخانێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو دروستبوونی درزێکی مێژووییە. تێکۆشانێک کە تێیدا ژنان "بکەر" بن، چەک و وشە پێکەوە هەڵبگرن، لە تەواوی جیهاندا دەنگی داوەتەوە. ئەمە بۆ ژنان بووەتە ئومێد و بۆ عەقڵییەتی پیاوسالاریش بووەتە مۆتەکەیەکی دێرین.
ئەو تووڕەییەی بەرامبەر بە تەرمی "دەنیز چیا" نیشان درا، دەربڕینی ئەم مۆتەکەیە بوو. فڕێدانی جەستەی ئەو لە نهۆمی سێیەمەوە بە گوایە بە "هاواری سەرکەوتنەوە"، نیشاندانی هێز نییە؛ بە پێچەوانەوە دانپێدانانە بە ترس. ڕاگەیاندنی سەرکەوتن لەسەر جەستەیەکی پارچەکراو، بەردەوامی هەمان ئەو عەقڵییەتەیە کە لە ماردۆکەوە تا ئەمڕۆ گواستراوەتەوە. ترسی مێژوویی لە هێزی ژن، جارێکی تر بە زمانی توندوتیژی دوا.
بڕینی کەزیی شەڕڤانانی ژنیش ڕێکەوت نییە. ئەمە تەنها هێرشێک نییە بۆ سەر جەستە؛ بەڵکو هەوڵێکی سیمبولییە بۆ لەناوبردنی ناسنامە، یادەوەری و بەرگری. ئەو عەقڵییەتەی بە کوشتنی "تیامات" جیهانێکی داگیرکەری دامەزراند، ئەمڕۆش بە سووکایەتیکردن بە جەستەی ژن دەیەوێت بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆی بدات.
ڕەفتارە دڕندەیی چەتەکانی داعش بەرامبەر بە جەستەی شەڕڤانانی ژن، لادانێکی مۆدێرن نییە؛ بەڵکو وێنەی سەردەمیانەی باڵادەستییەکی پیاوسالارانەی دێرینە. دەمامک دەگۆڕێت، ڕێباز دەگۆڕێت؛ بەڵام عەقڵییەت وەک خۆی دەمێنێتەوە.
مێژوو جارێکی تر خۆی دووبارە دەکاتەوە: ژن پارچە دەکرێت، بەڵام جیهان دووبارە دادەمەزرێتەوە. ئەمجارە بە دەستی ژن. ئەمجارە "تیامات" بێدەنگ نابێت. چونکە ژن ئیتر تەنها لە ناو ئەفسانەکاندا نییە؛ بەڵکو لە ناوەندی مێژوودا، بە پێوەیە و ڕێکخراوە.