جەنگ، کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵ دەبێت؟
چرۆ ڕەشید- مامۆستا
لە کاتێکدا جیهان چاوی لەسەر گۆڕەپانی جەنگە و سەرقاڵی ململانێی نێوان هێزەکانە، قوربانییەک هەیە کە هیچ کاتێک وەک پێویست ناخرێنە بەر باس و لەبەرچاو ناگیرێن، ئەوانیش منداڵانن، ئەمڕۆ تەنیا ئەو منداڵانە نابنە قوربانی کە راستەوخۆ لە ناوچەکانی جەنگدان، بەڵکو منداڵان لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا دەژین جەنگ کاریگەریی لە سەریان هەیە، لەبەرئەوەی رۆژانە لە رێگەی شاشەکانی وەک مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە راستەوخۆ بەرکەوتنیان لەگەڵ هەواڵ و وێنە و ڤیدیۆی توندوتیژیدا دەبێت، لە سەردەمی میدیای دیجیتاڵیدا، جەنگ تەنها لە سنووری وڵاتاندا نەماوەتەوە، بەڵکو هاتووەتە ناو ماڵەکانمان، هەرچەندە رووداوەکان لە دوورترین شوێنەکانیش رووبدەن بە چەند چرکەیەک دەگەنە بەر دیدە و گوێی منداڵەکانمان، ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە کە منداڵان وەک گەورەکان ناتوانن رووداوەکان شیبکەنەوە، یان دووری و نزیکی مەترسییەکان هەڵبسەنگێنن.
منداڵ کاتێک دیمەنی بۆردومان، وێرانبوونی ماڵەکان، گریان و هاوار و ترسی خەڵک دەبینێت، لە ناخیدا ئەم پرسیارانە دروست دەبن: ئایا لای ئێمەش ئەمە روودەدات؟ ئایا ماڵەکەمان دەتەقێننەوە؟ ئایا منیش دایک و باوکم لە دەست دەدەم؟ ئەو پرسیارانە هەرچەندە ئەگەر منداڵ بە ئاشکرا نەیڵێت و لێی نەبیسترێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە هەست و بیرکردنەوەیدا هەیە و کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر جێدەهێڵێت، چونکە ئەوان شارەزایی تەواویان لەڕووی جوگرافییەوە نییە، لەبەرئەوە وادەزانن ئەو رووداو و کاولکارییانە زۆر لەوانەوە نزیکە.
ترس لە ژیانی رۆژانەدا
مەترسیی گەورەتر ئەوەیە بەردەوام بینینی هەواڵی جەنگ دەتوانێت ترس بکاتە بەشێکی ئاسایی لە ژیانی رۆژانەی منداڵدا، کاتێک منداڵ رۆژانە دیمەنی کوشتن، خوێن، سووتان و وێرانکاری و توندوتیژی دەبینێت، هەستی ئارامی و ئاسایش لە ناخیدا لاواز دەبێت، ئەمەش دەتوانێت خۆی لە شێوەی خەونی خراپ، دڵەڕاوکێ، کەمبوونی سەرنج، گۆشەگیریی، هەڵچوونی زوو یان پەیوەستبوونی زۆر بە دایک و باوکەوە دەربخات، هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵێکی گەورە لە زیادکردنی ئەم ترسەدا دەگێڕن، چونکە لەو تۆڕانەدا زۆرجار وێنە و ڤیدیۆی توندوتیژی بەبێ هیچ سنوورێک بڵاودەکرێنەوە، هەروەها هەندێکجار دەنگۆ و هەواڵی نا دروست خێراتر لە راستی بڵاودەبنەوە، منداڵێک کە توانای جیاکردنەوەی هەواڵی راست و هەواڵی چەواشەکاریی نییە، بە ئاسانی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو رووداوانە، لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، خێزان یەکەم قەڵای پاراستنی منداڵانە، ئەرکی دایک و باوک ئەوە نییە کە هەموو راستییەکان لە منداڵ بشارنەوە، بەڵکو ئەرکیانە بە شێوەیەکی گونجاو و بەپێی تەمەنی منداڵەکان رووداوەکانیان بۆ شیبکەنەوە و هەستی دڵنیایی و ئارامی لە ناخیاندا بەهێز بکەن، هەروەها پێویستە کاتی بینینی هەواڵ و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵان سنووردار بکرێت.
قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکانیش بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەرە، مامۆستایان دەتوانن بە رێگەی گفتوگۆ، یاری، وێنەکێشان و چالاکییە هونەرییەکان یارمەتی منداڵان بدەن هەستەکانیان دەرببڕن و بەرەوپێش بچن.
لە کۆتاییدا، ئەگەرچی ناتوانین جەنگەکان بوەستێنین، بەڵام دەتوانین منداڵەکانمان لە کاریگەریی دەروونیی هەواڵی جەنگ بپارێزین، منداڵان پێویستیان بە هیوای زیاترە، نەک هەواڵی ترسناکتر، پێویستیان بە دڵنیایی و سۆزە، نەک دیمەنی وێرانکاریی.
پاراستنی دەروونی منداڵان پاراستنی داهاتووی کۆمەڵگەیە، ئەرکی خێزان و پەروەردەکارانە، کاریگەریی و شوێنەواری ئەو دیمەنە ترسناکانە کاڵبکەنەوە و دڵنیایی و کەشوهەوای گونجاو بۆ منداڵان بڕەخسێنن.