حەقیقەت عیشقە و عیشق ژیانی ئازاد

کەژاڵ نوری – نووسەر

 

بۆ ئەوەی لە ئۆجالان تێبگەین، دەبێت لە ڕەهەندی مێژوویی و تێپەڕاندنی ترس تێبگەین، تێبگەین کە مشتومڕ لەسەر رزگاری نیشتمان رەهەندێکی دیالێکتیکی هەیە نەک چەمکیی. وەک چۆن فیورباخ دیالێکتیکی هیگڵی تێپەڕاند و مارکیسش دیالێکتیکی فیورباخی تێپەڕاند، دواتر هەر لەسەر ئەم پرەنسیپە راسیۆناڵە ( بنەمای عەقڵانی) دیالێکتیکیە، ئۆجالان مەدرەسەی چەپەکانی ئەڵمانیای تێپەڕاند و رێچکەی خۆی گرت و رێبازێکی نوێی هێنایە ئاراوە، کە لە نێوییدا سێ چەمکی زۆر گرنگی جێگیر کرد، وەکو چەمکی ئازادی، چەمکی بەختەوەریی، چەمکی ماف.

 

بەختەوەریی لای ئۆجالان بە مانای گەیشتنە بە حەقیقەت، ئا لێرەدا ئۆجالان وتە بەناوبانگەکەی خۆی وت، کاتێک کە وتی (حەقیقەت عیشقە و عیشقیش ژیانێکی ئازاد)، ئا ئەمەیە پێی دەوترێت تیپەڕاندنی ترس، ترس لە هەموو شتێک، ترس لە مرۆڤە کۆیلەکەی ناخی خۆمان، لە دوژمن و داگیرکەر، لەوەش دەمانکات بە مرۆڤی پلە دوو، بۆ گەیشتن بەم ژیانە ئازادەش، پێویستە بگەڕێینەوە لای دیالێکتیکی هیگڵ و بەرهەمهێنانی مەعریفە، بۆ بەرهەم هێنانی مەعریفە پێویستمان بە حەقیقەتە، بۆ گەیشتن بە حەقیقەتیش پێویستمان بە تێپەڕبوونمانە بەنێو ناکۆکییدا.

 

لێرەدا ئاپۆ فێرمان دەکات چۆن بەناو ناکۆکیدا تێپەڕین و سود لە میتۆدی هەڵە وەرگرین، بۆ زاڵ بوون بەسەر هەموو ئەو ریتوێڵە دژ بە یەکانەی کە تێماندا هەن و دژ بە خۆمان لە ژیانی رۆژانەدا پێیدا تێدەپەڕین. ئاشنامان دەکات بە مێژوو، بە ئێستا و بە داهاتوو، بەوەی چی بووین و دەبێت چیمان بوێت، ئۆجالان بە ئاراستەکردنمان بەرەو ژیانی ئازاد، دەمانکات بە مرۆڤی باڵا، بە تاکی ئۆتۆنۆم، میتۆدێکمان لە حەقیقەت پیشان دەدات، کە تێپەڕاندنی ترسە لە تێپەڕاندنی ترس، بەپێی وتەی خۆی و لای هیگڵ (هەڵە پلەیەکە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت)، بەڵام کاتێک ئۆجالان ئەو رێچکە مێژووییە تێدەپەڕێنێت کە تونێلەکانی دەچێتەوە سەر دیالێکتیکی هیگڵ، لە بری هەڵە عیشق هەڵدەبژێرێت بۆ گەیشتن بە حەقیقەت.

 

عیشق لای ئۆجالان پرۆسەیەکی رۆحانیە، کە هەموو رەهەندەکانی ترس لە تێپەڕاندنی ترس و شەڕ و ئازار و راستگۆیی و هەڵە و درۆ و ململانێ و هزر و ئەخلاق، بە بنەما وەردەگرێت و لە کۆتاییدا لەوسەری بونیادی کەسایەتییەوە دەمانهێنێتە دەرەوە و خۆمان بە خۆمان دەناسێنێت.

 

ئێمەی ژنان بۆ ئەوەی باش بزانین بە چییدا تێپەڕیوون دەبێت ئۆجالان وەک ئارکۆلۆژیستێک و ئیتنۆلۆژیستێک و کۆمەڵناسێک و مێژووناسێک و ژنناسێک و ئەتنۆگرافێک بخوێنینەوە.

 

حەفتا و پێنجەیەمین ساڵیادی لەدایکبوون لەو مرۆڤە پیرۆز بێت، کە لە دیسپلینی ئەشکەنجەی زیندانیی نێونەتەوەییدا، زیندانی کرد بە قوتابخانەیەک بۆ ئەو عاشقانەی دەیانەوێت بگەن بە حەقیقەتی هەزاران ساڵەی مانیفێستی ژن و ژیان و ئازادی، سوپاس کە لەدایکبوویت، سوپاس کە هاتیت، پیری مەزن

 

 کەژاڵ نوری

هۆڵەندا ٤-٤-٢٠٢٤