هەرگیز بە تەواوی ئازاد نیم

سەحەر ئایدار- پەرلەمانتاری پەرلەمانی نەوریج

دەبێت دان بەوەدا بنێم کە سترێسم هەبوو کاتێک بڕیار بوو ئەو کەیسە سەبارەت بە ڕاوەدونانەکەم لەلایەن تورکیاوە بڵاو بکرێتەوە. هێشتا نیگەرانم لەوەی لایەنگرانی ئەردۆغان لێرە چی دەکەن، ئایا تەنها بە ترۆڵکردن لە سۆشیاڵ میدیا کۆتایی دێت، یان تا کەی دەبێت سەیری پشت خۆم بکەم.

 

هەروەها بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەمە چۆن وەردەگیرێت لەلایەن ئەو کەسانەی کە نازانن دەوڵەتی تورکیا چۆن کوردان و ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە و ڕۆژنامەنووسان سەرکوت دەکات.

 

زۆر کەس لە دیاسپۆرا تەوەن، تووشی ڕاوەدونان بوون، تەنانەت ئەگەر لە وڵاتە دیموکراتەکانیشدا بژین. بیر بکەنەوە کە بۆ خەڵکی ئاسایی چۆنە، کاتێک من – کە لە پەرلەمانی نەرویژ "Stortinget" دانیشتووم – تووشی ئەمە دەبم.

 

زۆر سوپاسگوزارم بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە پەیام و کۆمێنتە بەسۆزەکانیان ناردووە. ئەمە زۆر مانای بۆ من هەیە. کەیسەکەی ڕۆژنامەی "VG" نیشانی دەدات کە ئەمە بەشێکە لە "سەرکوتکردنی نەتەوەیی". تورکیا بەدوای نەیارە سیاسییەکاندا دەگەڕێت، تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیشی – لەوانەش لە ڕێگەی هاوکارییە نێودەوڵەتییە دامەزراوەکانەوە. داوات لێدەکەم کە ڕێکخراو بیت. هەرگیز بە تەنها مەوستە. من ئەندامی یەکێتی پیشەییم، ئەندامی پارتێکم "باشترین پارت"، و ئەندامی ڕێکخراوێکی ژنانم.

 

من هەروەها بەشێکم لە دیاسپۆرای کوردی – کۆمەڵگەیەک کە ئێمە تێیدا تەنها گردبوونەوە ناکەین، بەڵکو هاوبەشی خەم و بێزاری و خەباتیش دەبین. زۆر سوپاسگوزاری هەموو ئێوەم، بۆ ئەوەی بە تەنها نەوەستاوم. بە تەنها، گرتنمان زۆر ئاسانترە. من دەزانم کە دروشمی "بۆردومانی عەفرین ڕاگرن" ڕاست بوو و هەرگیز دەست لە وەستانەوە دژی جەنگی نایاسایی نێودەوڵەتی هەڵناگرم. هەروەها هەرگیز دەست لە قسەکردن دژی سەرکوتکردنی کوردان، بۆردومانەکان، کوشتنەکان و زیندانیکردنەکان هەڵناگرم. هیوادارم ئەم کەیسە بە ڕوونی نیشانی بدات کە باسی چ جۆرە ڕژێمێک دەکەین. چونکە ئەوەی من ئەزموونی دەکەم تەنها دڵۆپێکە لە دەریا.

 

عەفرین کە لێرە ئاماژەی پێ دەکەم، دەکەوێتە باکووری سوریا. ئەو کوردانەی لە جەنگەکە ڕزگاریان بوو، کرانە پەنابەر – زۆربەیان ناچار بوون چەندین جار هەڵبێن. ماڵەکانیان، دار زەیتوونەکانیان و داهاتوویان لێ سەندرانەوە. هەزاران کەس لە تورکیا لە زینداندان. چونکە ئازادی ڕادەربڕینیان بەکارهێناوە. دەمەوێت بزانیت کە ئەوەی بەسەر مندا دێت، بەشێکە لە سەرکوتێکی گەورەتر.

 

من هەرگیز بە تەواوی ئازاد نیم. چونکە کوردم، چونکە ڕەخنە لە ڕژێمێکی دیکتاتۆر دەگرم، چونکە پشتیوانیی تێکۆشەرانی ئازادیی ژنان دەکەم، چونکە دژی جەنگەکانی تورکیام. ڕەنگە من سەر بە گەلێک بم کە ئازادییان نییە، هەر شوێنێکی جیهان بن. بەڵام هەروەها سەر بە گەلێکم کە خەبات بۆ ئازادی دەکەن. من کۆڵ نادەم.