هەنگاوەکانی قۆناغی دووەمی بزووتنەوەی ژینا

نەجیبە مەحمود

دەتوانین بڵێین بزووتنەوەی ژینا بزووتنەوەیەکی بەرچاو و هەوڵێک بوو بۆ نوێگەری لە سیستمی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووری و فەرهەنگی لە ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، ئەو هەوڵ و گۆڕانکاریە بەگشتی بەشێوەیەکی خۆڕسکانە و بە هێزێکی گەورەی مرۆیی بەتایبەت ژنان و گەنجان کە پێشەنگ بوون، سەری هەڵدا، مەبەست گەیشتن بوو بە ئامانج لەڕێگای بەدیهێنانی ئازادی، دادپەروەری و دیموکراسی، یەکسانی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی.

لەم بزووتنەوەیەدا، قوربانی زۆر گەورە درا لەلایەن تەواوی کۆمەڵگە لەپێناو ئەنجامدانی گۆڕانکاری جدی و فراوان، گەرچی بە ئاکام نەگەیشت، بەڵام هێشتا ئاسەواری ئەو بزووتنەوەیە لە دڵ و هزری خەڵکدا ماوە و درێژەی هەیە، بەڵام بە شێواز و قۆناغێکی دی، هەربۆیە کۆمەڵگەی ئێران کەوتنە ژێر بەرپرسیارێتییەکی گەورە لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ئامانج و خاوەندارێتی لە قوربانییانی ئەو بزووتنەوەیە، چ لە زیندان، چ لە قوربانییانی دەرەوەی زیندان، هەروەها شەهیدانی ڕێی ئازادی، کە من لەم خاڵانەدا چڕیان دەکەمەوە:

-پێویستە خەڵک هۆشیاری تەواوی هەبێت سەبارەت بە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ووڵاتەکەی و خوێندنەوە و دیراسەکردنی مێژوو و یاسا و ماف و دۆخی ووڵات بەگشتی.

-کار و چالاکی جۆراوجۆر و گەیاندنی پەیامەکانیان سەبارەت بە مافی مرۆڤ، هەروەها پێکهێنانی ڕێکخراوی مەدەنی و دانانی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە.

- یەکگرتن و یەکڕیزی هاوڵاتیان گەورەترین کاریگەری دەبێت لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەڕێی سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و گروپە مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان.

- پێویستە خەڵک خاوەندارێتی بکەن لەو گۆڕانکارییانەی ڕوویانداوە لەڕێی بەکارهێنانی دەسەڵاتیان لەڕێگای نیشاندانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و دروستکردنی فەزایەک بۆ دەربڕینی ڕاو و بۆچوونە جیاوازەکانیان.

-پیویستە خەڵک خاوەندارێتی بکەن لە کەیسی زیندانییانی سیاسی و گرنگیدان بە دۆخی تەندروستییان و بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکانیان، پاشان گەیاندنی بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا.

-سوود وەرگرتن لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ پشتیوانی کردنی زیندانییان و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر وەک کۆکردنەوەی ئیمزا، دەرکردنی بەیاننامە و ئیمزای ئەلکترۆنی، پاشان گرنگیدان بە نووسینی ووتار و بەیاننامەکان.

- دانانی سندوقی مادی بۆ هاوکاری کردن و پاریزگاری کردن لە زیندانیان و قوربانییان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە.

- کارکردن و سوودوەرگرتن لە تاراوگە نشین بۆ دروستکردنی فشاری نێودەوڵەتی لە پێناو داکۆکی کردن لە زیندانییان لەڕێی پەیوەندی کردن بە سەفارەت و قونسوڵ و ناوەندە دیپلۆماسییەکان، هەروەها وەرگرتنی ئیمزا بە واتای بەدەستهێنانی پشتیوانییان.

- هاوکاری کردن و پشتیوانی خانەوادەکانی زیندانیان لە بەدەنگەوە چونی کێشە و داواکارییەکانیان، هەروەها هاوکاری مادی و مەعنەوی بکرێن لە ڕووی دەروونی و بەدەستهێنانی مافەکانیان.

هەموومان دەزانین کە گەنجان قوربانییەکی گەورەیان دا لە پیناو دەستەبەرکردنی ئازادی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، یەکسانی بەرابەری، بەگشتی گۆڕانکاری سیاسی لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵات بەتایبەتی بە ورە و ئازایەتییەکی بێ وێنە ڕووبەڕووی ڕژێمی ئێران بوونەوە، جا بۆ ڕێزگرتن لە بیر و ڕاو و هزر و ئامانجەکانیان، پێویستە لە قۆناغی دووەمدا ئەم سێ خاڵە ئەنجام بدرێن:

- سوود لە بزووتنەوەکانی ڕابردوو و نوێ وەربگیرێن بۆ ئاشنایەتی گەنجان بە گرنگی ئەو بزووتنەوە و شۆڕشانە لەڕێی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەەو بارەیەوە و کۆڕ و کۆبونەوەی جەماوەری لەسەرجەم شوێنەکانی وەک کارگە و شوێنە گشتییە جەماوەرییەکان.

- گرنگی دان بە قوربانییان لەڕێی هونەر بەتایبەت فیلمی دۆکیومێنتاری و نمایش کردنیان لە ناوەندە جیهانییەکان، هەروەها گرنگە بکرێتە کتێب و چاپ و بڵاوبکرێتەوە، چیرۆك و شاکارەکانیان لەڕێی کاری هونەری، ئەدەبی، هەروەها فەرهەنگی گرنگییان پێ بدرێت و زەمینەیەک دروستبکرێت بۆ بەرزڕاگرتنی خەباتیان، پاشان لە ناوەندە کاریگەرەکان نمایش بکرێت.

- بەشداری پێکردنیان لە شوێنە گشتی و کاریگەرەکان سەبارەت بە گرنگی بابەتەکان و ئامانجەکانی گەنجان بۆ شۆڕشەکە.