“ژنان لە ڕەگی مێژووەوە بۆ جەژنی زمانی کوردی”

ڤانێست مەهدی - خوێندکاری زانکۆ

 

لە ١٥ـی ئایاری ساڵی ١٩٣٢  لە سەر داوای شارەزایان و پسپۆڕانی زمانی کوردیی و بە پێشەنگیی جەلادەت عەلی بەدرخان، یەکەمین گۆڤاری کوردیی بە ئەلفبێی لاتینی دەرچووێندرا، کە دەنگی گەلی کوردی پەرشوبڵاو و ماندوو و دەربەدەری گەیاندە یەک، بۆیە بە بۆنەی ئەو چالاکییە مەزنەوە، لەسەر داوای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لە ١٥ـی ئایاری ساڵی ٢٠٠٦ ئەم ڕۆژە مەزن و مێژوویەیان بە ڕۆژی جەژنی زمانی کوردی ناودێر کرد.

 

ئەمە ڕۆژێکی گرنگ و مێژووییە بۆ گەلی کورد، چون زمان ڕۆلێکی گەورەی هەیە لە زیندوو مانەوەی نەتەوە و پێشڤەچوونی تاکەکانی ئەو نەتەوەیە، بە پاراستن و بەکارهێنانی لەلایەن نەوەکانی سەردەمەوە، زمانی دایک زمانی بیرکردنەوە و تێفکرین و دەربڕینە.

 

باسکردن لە زمانی کوردی بێ گەڕانەوە بۆ ڕۆڵی ژن لە مێژوودا بێ واتا دەمێنێتەوە، چونکە لە سەرەتای سەرهەڵدانی مرۆڤایەتی لە نێو میزۆپۆتامیادا، کە لانکەی شارستانیەت بووە، مرۆڤ لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە لە سەر ڕووی دیواری ئەشکەوتەکان و تاشەبەردەکان  گوزارشتی لە دەربڕینەکانی کردووە، بۆ پەرەسەندن و بەرەو پێشچوونی زمان، هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ ژنان  ڕۆڵێکی بەرچاو و دیاریان هەیە، لە بەر ئەوەی ژنان ڕۆڵ و ئەرکی پەروەردەیان لە ئەستۆ  گرتووە لە پەرەسەندنی زماندا بەوەی ژن توانیوێتی بە دەروونێکی ڕێکخراو و فەرهەنگێکی دەوڵەمەندەوە لەگەڵ هەموو زیندەوەرێکدا قسە بکات، لە نموونەی گوڵ و دار و درەختەوە هەتا دەگات بە پەروەردەی منداڵ، بە تایبەت  ژنانی کورد ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە بە بەرەودان و پێشڤەچوون و پاراستنی زمانی کوردی، بە هەموو زارو شێوە زارە ناوچەییەکانەوە، بە هۆی ئەوەی هەمیشە کورد زمان کولتوور و ڕەنگەکانی لە بەرانبەر هەڕەشەی داگیرکاری وڵاتە زلهێزەکاندا بووە.

 

دەتوانین بڵێین ژنان یان دایکانی کورد قەڵغانی پاراستن و هەبوونی گەلی کوردن، دایکان بە وتنەوەی لایەلایە و گێڕانەوەی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چیا و دەشتەکانی کوردستان، بە دەنگە چیاییەکانیان گوێی کۆرپەکانیان پڕ دەکەن لە ئاوازی ڕووبار و کانیاوەکان، دایکان باسی پاڵەوانی نێو چیرۆکە ئەفسانەییەکان دەکەن لە پێناو پەروەردەکردنی ڕۆڵەیەکی بەرخۆدێر، لە پێناو پاراستنی زمان و فەرهەنگی ئاوەزی، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی هەبێت و بەرەنگاری دووژمنانی گەلەکەی ببێتەوە، چونکە دایکان لە هەموو کەس زیاتر هەست بە مەترسییەکانی داگیرکاری دەکەنەوە، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ژنانی کورد، بە ڕۆڵی دایکایاتی گەورەترین هێز و سووپا و قەڵغانی پاراستنی زمان و گەلەکەیانن.

 

زمانی کوردی سەرەڕای دژایەتیکردنی لەلایەن وڵاتانی داگیرکەر و نەیارانی کوردەوە، هێشتا بە زیندوویەتی ماوەتەوە و نەیانتوانیوە پایەکانی بلەرزێنن، ئەگەر بێینە سەر باسی دۆخی زمانی کوردی لە باشووری کوردستاندا، دەبینین دەسەڵاتی کوردیی بە هەموو شێوەیەک گرنگی زمانەکەیان فەرامۆش کردووە، بێگوومان ئەمەش لە سەر خواستی دووژمنانی گەلی کوردە، لە بەر ئەوەی سیستەمی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خوێندن بۆ مەبەست و بازرگانی بە کار دەهێنن لە چوارچێوەی هاوردەکردنی خوێندنگەی نا حکوومی بە زمانە بیانییەکان لە ژێر ناونیشان و پڕووپاگەندەی نا  پەسەند و نا ڕەوادا، کە بوونە بە هۆکارێک بۆ ئەوی زمانی دایک لە لای نەوەی سەردەم کاڵ بکەنەوە.

 

چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەو دۆخە خراپ و نا هەمووارە کە زمانی کوردی لە باشوری کوردستان تێیدایە، بریتییە لە سەرلە نوێ بونیاتدنانەوەی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، گێرانەوەی ڕۆڵی ژنان جارێکی دیکە بۆ نێو کۆمەڵگەی کوردی دوور لە زیهنیەتی دەسەڵاتداری و پیاوسالاریی لە پێناو ڕاستکردنەوەی دۆخی زمان لای نەوەی سەردەم، چونکە ژنان لە ڕەگیی مێژووەوە ژیان دەکەن هەتا جەژنی زمانی کوردی.