منداڵێکی قاچ پەڕیو

کەژاڵ نوری – شاعیر و نووسەر

کە منداڵێکی دەست و قاچ پەڕیووی غەززە دەبینم، حەز دەکەم قەڵەمەکەی مەحمود دەروێش بخوازم و نامەیەک بۆ سەلیم بەرەکات بنێرم و بۆی بنوسم :-

(کورد دۆستی نیە جگە لە با نەبێت)٭

 

کە تورکێکی گەریلا بە قەندیلەوە دەبینم، حەز دەکەم لەگەڵ ئەحمەد کایادا بچمە خزمەت (ئەحمەد ئاڵتان)٭ لە زیندان و چیرۆکی حەیدەر و ئەستەنبوڵ بە زمانی ئەو بکەم بە چامەیەکی نووسراو.

 

کە مناڵێکی دەست و قاچ پەڕیووی عەفرینیش دەبینم، پڕ بە دڵ پێم خۆشە ناوچاوی خالید مەشعەل بە تف سواغ دەم و بە حەماسیەتەوە، پێڵاوەکانی بە ئاڵاکەی حەماس پاک بکەمەوە و بینێرمە مۆزەخانەی لۆڤەر.

 

کە بیریش لە دیسپلینی ئەشکەنجەی ئیمراڵی دەکەمەوە، حکومەتی ئیسرائیل و مافی مرۆڤەکەی دەخەمە تەنەکەی خۆڵەوە..

 

نەفرەت لە جەنگ، ئەو کاتەی حکومەتەکان دەیکەن و مناڵەکان بێ قاچ لێی دێنە دەرەوە.

 

٭ شاعیری گەورەی فەڵەستینی مەحمود دەروێش شعرێک بۆ کورد دەنووسێت و دەینێرێت بۆ شاعیری گەورەی بە ڕەچەڵەک کورد سەلیم بەرەکات کە هاوڕێیەتی، بەناونیشانی (لیس للکردي الا الريح) ، واتە کورد هیچ پەنایەکی نیە جگە لە با نەبێت.

 

٭ ئەحمەد ئاڵتان نووسەر و ڕووناکبیری گەورەی تورک کە چوار ساڵ زیندانی کرا، لە زیندانەوە نامەیەکی بۆ ئەردۆغان نارد بە ناونیشانی :- ئێمە چیمان لە کورد ئەوێ؟ تیایدا نووسی شەرم لە خۆم دەکەم کە تورکم، بە هەزاران کوردی بێ تاوان لە زیندانەکانی تورکیادان.

 

لە کۆتاییدا، ئێمە دوژمنی گەلان نین، نەفرەت لە جەنگەکان دەکەین، کاتێک فەڵەستینییەکی وەکو یاسر عەرەفات پشتی سەدامی تیرۆریست دەگرێت و تیرۆریستێکی وەکو خالید مەشعەلی سەرۆکی پێشووی حەماس پشتیوانی ئەردۆغان دەکات و پیرۆزبایی لە گرتنی عەفرین دەکات، کاتێکیش ئیسرائیل ئاپۆ بۆ تورکیا دەستگیر دەکات، ئەوە ئێمە نەفرەت لە ئۆتۆریتەکان دەکەین، ئەوە ئێمە دوژمنی گەلە چەوساوەکان نین و ئەوە ئێمە هێشتا دەزانین کە ئازاری قاچ پەڕین لە لای مناڵێکی فەڵەستینی و مناڵێکی ئیسرائیلیی، هەمان ئازاری قاچ پەڕینی مناڵێکی عەفرینی هەیە.

 

مناڵەکان کە قاچییان دەپەڕێت، وەکو یەک ئەگرین، وەکو یەک خوێنیان لێ دەتکێت و خوێنی هەمووشیان سورە، برینی هەمووشیان کسپەی دێ، مناڵەکان کە قاچییان دەپەڕێت، بە زمانی گریان یەکتریی تێدەگەیەنن کە قاچ پەڕین چەند بە ئازارە!!

 

ئەوەی تاوانبارە، حکومەتەکان و ئۆتۆریتەکان و دەسەڵاتدارە چەوسێنەرەکانن، ئەگینا ئازار هەر هەمان زمانی هەیە، لە لای مناڵێک ئەگەر بە کوردی قسە بکات، یان عەرەبی، یان عیبریی، ئازار هەر یەک زمانی هەیە، ئەویش زمانی گریان و کسپەیە.

 

نەفرەت لە جەنگ و لە فەڵەستینییەکی تیرۆریست کە دەبنە هۆی سەرئێشە بۆ فەڵەستینیەکان، لە تورکی فاشی کە ناهێڵێت ئەحمەد ئاڵتان گوێ لە ئاوازێکی ئەحمەد کایا بگرێت، لە کەسانێکی ناو حکومەت و وڵاتەکەی نەتانیاهۆ کە هاوکاری تورکیای کرد و نەیهێشت کوردێکی جولەکەی ئیسرائیلی، مێشکی بە پارادایمەکەی ئاپۆی کوردان خاراو ببێت..

 

نەفرەت لە سیاسەت.