ئازادییە ساختەکان

ڤینۆس فایەق – نووسەر

ژنی زانا هەیە، هەروەک ژنی شەڕکەریش هەیە، بەڵام هەرگیز ژنی داهێنەر وجودی نییە –ڤۆڵتێر- 

 

کۆمەڵگە پیاو سالارییەکان، هەرچەند ئیدیعای پێشکەوتوویی و {هەبوونی} ئازادییەکان بکەن، هیچ کات باوەڕم بەوە نییە ژن ببێتە خاوەنی تەواوی مافەکانی خۆی، لەو کۆمەڵگەیانەدا کە زۆر بە تۆخی مۆرکی پیاوانە لە بوارە هەستەوەرەکاندا زەقبووەتەوە، ئەوەی کە هەندێ ژن بە مافی دەزانن، هەندێک سەرەپارچەی مافە کە پیاوەکان بۆ جوانکردنی رۆڵی خۆیان بۆیان فڕێ دەدەن. ئەوەی ئەو بە ئازادی پێناسەی دەکات، ئازادییەکی ساختەیە، بۆ ژن دەبێتە جۆرێک لە {بێعاری} و خۆهەڵخەڵەتاندن، نەشتەرگەریی جوانکاری و سەرچۆپی گرتن و خواردنی ژەمەکانی خواردن لە دەرەوە..تاد ماف و ئازادی نین.

 

پیاوی خۆرهەڵات بە سروشت سەرسامی ژنێکی بەهرەمەندی دەرەوەی خێزانەکەیان دەبن، بەڵام لەناو خێزانەکەی خۆیاندا لەگەڵی هەڵناکەن، لە دەرەوە رووی خۆشییان دەدەنێ، بەڵام لەگەڵیان لەناو یەک ماڵدا بەرگەی مشتومڕ وتوێژیان ناگرن.

 

ئەزموونی رووسی کۆنترین ئەزموونی سۆسیالیستییە لە مێژووی گەلاندا کەچی ژن لەوێ دوو جار ئەشکەنجە دەکێشێت، جارێک وەکو دەستی کار لەسەر دەستی خاوەن کاردا، دووەمجار وەکو ژن لەسەر دەستی پیاوێک لە ژیانیدا، ئیتر لە باشترین حاڵەتیدا مەسەلەکە ئازادبوونی چەند ژنێک نییە لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو مەسەلە گۆڕانی نەخشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداری و هوشیاریی کۆمەڵگەیە، مەسەلەکە لە بنەمادا پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی تێگەیشتنە رووکەشەکەیە بۆ چەمکی ئازادی و داڕشتنەوەی سیستم و هۆشیارییەکی مەعریفی ترە بۆ ئەوەی جارێکی تر خوێندنەوە بۆ ئەوەی بە ئازادی پێناسەکراوە بکرێتەوە. سیستمی سۆسیالیستیش لە هەر جێگەیەک بێت دواجار کە دروشمە راستەقینەکەی ئازادیی ژن نەبوو، لە کۆتاییدا شکست دەهێنێت. چجای لە کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی کوردستان لە گێژاوی دەستێوەردانی حزبی و ئایینی لە ژیانی ئیداری و سیاسی و قانونی کۆمەڵگەدا ناتوانی خەسڵەتەکانی کۆبکەیتەوە و پێناسەیەکی بدەیتێ، سۆسیالیستییە، یان دیموکراتی یان عەلمانی یان دینی... هتد...

 

هاوڕێیەکم هەبوو نووسەرێکی بەتوانا بوو، بەڵام بە ناوێکی خوازراوەوە بابەتەکانی بڵاودەکردەوە، ئەو لە باوک و براکانی دەترسا، بەردەوام پێیان وتووە نووسین ئیشی تۆ نییە، تەنانەت کتێبەکەی کە لە منی قەرز کردبوو بیخوێنێتەوە، لێیان سەندبوو و سووتاندبوویان، لە راستیدا ئەوان لەوە ترساون ئەو بیربکاتەوە، ترساون سنووری هۆشیاریی خێزانەکەی و ئەو ناوەندە تێپەڕێنێت کە تیایدا پەروەردەیەکی نەریتی کراوە و بە ئەقڵی خۆی بیربکاتەوە و بڕیار بدات. ئەمە ترسی زۆرێک لەو پیاوانەیە کە بە گومانەوە سەیری ژنێکی نووسەر، داهێنەر و چالاک دەکەن.

 

مادلین ئۆڵبرایت دەڵێت «کاتێکی زۆری ویست هەتا توانیم دەنگم هەبێت، ئێستا کە دەنگم هەیە، هەرگیز بێدەنگ نابم». هیچ لەو شۆڕشانەی لە خۆرهەڵات ڕوویانداوە هیچ دەستکەوتێکی وای دەرهەق بە ژن لێبەرهەم نەهاتووە، نموونەشمان زۆرە و بگرە دەشێت خۆمان یەکێک لە نموونەکان بین.

 

ئازادبوونی ژن مانای وەرگرتنی هێز و پیادەکردنی بەسەر ڕەگەزی بەرانبەردا نییە، وەک هەندێ لە پیاوان سڵی لێدەکەنەوە، بەڵکو ئازادی بە پلەی یەکەم «توانای هەڵبژاردن، بڕیاردان و داهێنان..تاد»یە، چونکە ژێردەستەیی کارەکتەرێکی بێ ئیرادە و لە ناوەوە ڕووخاو دروستدەکات، ئەوەشە کە هەندێ پیاوان دەیانەوێت.