هەڕەشە کۆمەڵایەتییەکان و دیاردەی خۆکوشتن

سۆزان حەمەتاتە –نووسەر

چەند ساڵێکە بەکارهێنانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی لە زیادبووندایە، ئەمە سوود و زیانی زۆری هەبووە، لێرەولەوێ کوشتن و کێشەی کۆمەڵایەتیی بەدوادا هاتووە، بەتایبەت ژنان بوونەتە قوربانی، خۆیان سووتاندووە و ژیان و لەشیان کەڵکی نەماوە، هەندێک جاریش لە ڕێگەی هۆز و دانیشتنەوە کۆتایی بە کێشەکان هێنراون، بەداخەوە ئەوە بووەتە هۆکاری بەردەوامیی کێشەکان، وەکو زۆربەی جاران، ژنان قوربانیی سەرەکیی ئەو دیاردەیەن.

 

هەڕەشەکانی بڵاوکردنەوەی وێنەی ژنان، یان بەپێچەوانەوەش وێنەی کوڕان کە زیاتر ڕەهەندی سیاسی و ئەمنیی هەبووە، کارەساتی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێناوە، ڕاستە لەسەر ئاستی جیهان ئەو دیاردەیە هەیە، بەڵام لە وڵاتانی دواکەوتوو زیاتر بوونی هەیە، هێشتا یاسای تووند نییە بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیە، قوربانییەکان زیاتر دەبن.

 

سەروەربوونی یاسا بۆ ڕێگرتن لە چەند بارەبوونەوەی ئەو دیاردەیە گرنگە، یاسایەک بتوانێت بکەرانی ئەو کارە ناشیرینە سزا بدات و ببێتە وانە بۆ ئەوانی دیکەش، بۆ ئەوەی یاری بە چارەنووسی گەنجەکانمانەوە نەکەن.

 

نوێترین نموونە، ئەو ژنە قوربانییەی ناحیەی ڕزگاریی قەزای خەباتە، کە بەهۆی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لەلایەن کوڕێکەوە خۆی سووتاند و گیانی لەدەستدا، ژنێکی گەنج کە ڕەنگە دەیان خەونی رەنگاڵەیی جوانی هەبێت، ڕەنگە ئەگەر مەرگ ڕێگەی بدایە ببووایەتە کەسێکی داهێنەر بۆ نیشتیمان و کۆمەڵگە و خێزانەکەی.

 

هاوشانی یاسا و سزاکانی بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە، هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی خێزان گرنگە، چۆنیەتی بەکارهێنانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و سوودوەرگرتن لێی، نەک بکرێنە مەترسی بۆ سەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە کە تاوانبار و قوربانی، هەردوولایان ئەندامی کۆمەڵگەی کوردیی خۆمانن.

 

لێرەدا تەنها بابەتەکە ڕۆحی کەسێک نییە، بەڵکو تێکچوونی ئاسایشیی کۆمەڵایەتی و خێزان و بڵاوبوونەوەی ترسە، دروستبوونی بێ متمانەییە، ڕەنگە زۆر خێزان بەهۆی ئەو کارانەوە، گەنجەکانیان لە پەروەردە و خوێندن و ژیانی ئاسایی دووربخەنەوە و لە ماڵدا گۆشەگیر بکەن، هەندێکجار ئەوەش خۆکوشتن بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە، تەنها ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو تۆڕێکی پەیوەندیدارە و لە خێزانەوە بۆ قوتابخانە و زانکۆکان و کۆمەڵگە و ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی سەردەکێشێت، بەتایبەتتر پەروەردە کە دەکرێت پەروەردەیەکی ڕەگەزیی نەبێت و بنەماکەی مرۆڤ و ئەخلاق و ئاشتەوایی و قبووڵکردنی جیاوازییەکان بێت، وابکات کەوا مرۆڤەکان ببنە تەواوکەری یەکتر نەک لە بۆسەدابن بۆ ژیانی یەکتر و کارەساتی بەدوادا بێت.