بوونی کورد لەسەر زمانی داگیرکارەوە

تەوار پێنجوێنی - رۆژنامەنووس

ئەردۆغان لە وتارەکەی ئەمڕۆیدا کە دوای مەراسیمی چەک سووتاندنی گەریلا ئازادیخوازەکان قسەی کرد، چەندین جار دان بە ڕاستییەکاندا دەنێت، ئەگەرچی بە تیرۆریش بە ناوی بکات، بەڵام هیچ کاتێک ناتوانێت حەقیقەت نەبینێت و بەردەوام بێت لە نکوڵیکردنی. لە بەرامبەریشدا قسەکانی ئەردۆغان خستنەڕووی ڕاستی خۆیان بوو، کە ئەوەی کردەی تیرۆر دەکات، ئەوەی لەناوبردن و کۆمەڵکوژی دەکات، ئەوەی قەدەغە دەخاتە سەر زمان و شوناس و کولتوور و ناسنامە دەوڵەت خۆیەتی و ڕاستەوخۆ ئەردۆغان خۆیەتی.

 

بەشێک لە قسەکانی ئەمانەن؛

-لە ١٥ی ٨ی ١٩٨٤ گروپی تیرۆریستی دەستی بە چالاکی چەکداری کرد، دوو سەربازمان لەدەستچوو، لە دوای ئەوەوە ئێمە نەمانتوانی دەستی تیرۆر لە ناوچەکانی تورکیا و ئەو شوێنانەی تریش کە دەستیان تیایدا هەیە لەناو ببکەین ............... ئەمە دانپێدانانێکی ئەردۆغانە بە توانای هزری و رۆحی پەکەکە کە دەوڵەتێکی بەو شێوەیە ناتوانێت بەرامبەر پەکەکە بوەستێتەوە بۆیەش ئەمڕۆ دەچێتە ناو قۆناغی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵیدا.

 

-دەیان جار باس لە کورد دەکات و لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت؛ کردارەکانی زیندانی دیاربەکر-ئامەد لە ساڵانی هەشتاکان، هەڵەبوون کە کردمان، دایکێک کە بە زمانی کوردی نەیتوانی قسە لەگەڵ ڕۆڵەکەی بکات، هەڵەی ئێمە بوو.

 

-لە بەشێکی تری قسەکانیدا باس لەوە دەکات؛ کە ئەگەر کورد کێشەی هەیە با بێت و بە گفتوگۆ چارەسەری بکەین، ئەگەر عەلەویی کێشەتان هەیە وەرن و بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین.... ناوهێنانی کورد و عەلەوی و هەموو پێکهاتەکانی تریش لەسەر زمانی سەرۆک کۆمارێکەوە کە بە تەمەنی بوونی لەناو سیاسەتدا نکوڵی لە کورد کردووە، دەستکەوتی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی پەکەکەیە لە باکووری کوردستان کە لە خۆڵەمێشەوە سەری هەڵدایەوە و لە بەرامبەر سیاسەتی لەناوبردن و ئاسیمیلەکرد وەستایەوە، کاری ١٠٠ ساڵی کۆماری تورکیای بەرامبەر بە لەناوبردنی کورد سفر کردەوە و ناچاری کردن بە زمانی خۆیان دان بە ڕاستی و حەقیقەتی وڵاتەکەدا بنێن.

 

-ئەردۆغان باس لەوە دەکات زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلاریان لە شەڕدا خەرجکردووە، بەڵام ڕێگەی زیاتر بۆ تیرۆر و شەڕ کراوەتەوە و نەمانتوانی تیرۆر لەناو ببەین. بۆیە ئەگەر چاوێک بە دۆخی ئابووری وڵاتەکەیدا بخشێنرێت زۆر بە سانایی دەبینرێت کە تەرخانکردنی ئابووری بۆ جەنگ، جگە لە ماڵوێرانی و قەیرانی ئابووری خەڵک و تێکچوونی زیاتری ژیانی کۆمەڵگە و زیادبوونی کوشتنەکان، نەیتوانی ئاوەدانی بۆ کۆمەڵگە بهێنێت و بۆیەش ئەردۆغان ئەمڕۆ١٢/٧ دەڵێت کاتی ئەوەیە بۆ ئاوەدانی و کۆمەڵگە کار بکەین.

 

-ئەردۆغان بێ ناوهێنانی پرۆسەی ئاشتی، باس لەوە دەکات، ئەمڕۆ دەرگایەکی نوێ بۆ داهاتووی تورکیا و ١٠٠ ساڵی نوێ کراوەتەوە و کۆتایی بە خوێن و فرمێسک دێت، بۆ پرۆسەکەش کۆمسیۆنێك لە پەرلەمان دروست دەکەین و دەست بەکارەکانی دەکات و کۆمسیۆنەکە گفتوگۆ لەسەر پرۆسەکە دەکات، کە ئەمەش دەکرێت بە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هەژمار بکرێت.