داگیرکارییە پەروەردەییەکانی ستەمکاران

ساری کەریم – چالاکوانی ژنان

 

لە دێر زەمانەوە داگیرکارییەکان بە مەبەستی خۆسەپاندن و زاڵکردنی مەرامی سادیزمیانەی ستەمکارانەوە ئەنجام دراوە، هەر لەم پڕۆسەیەدا پەروەردە بێ بەش نەبووە لە داگیرکردن و قۆرخکردنی بۆ مەرامەکانی مانەوەی دەسەڵات، وەک دەزانین پەروەردە سەرجەم کایەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە بۆ کۆنتڕۆلکردنی سەرجەم ئەم کایانە پەروەردە خرایە ژێر ڕکێفی خۆسەپێنەرانەوە تا بەرگی مرۆڤ بوونیان لێ نامۆ دەکرێت، چونکە پەروەردەی تەندروست بە مرۆڤ کردنی مرۆڤەکان مسۆگەر دەکات، ئەم مسۆگەر بوونەش لە ڕێگەیی هونەری فێربوونی ڕاستەقینەوەیە بە خوڵقاندنی ژینگەیەکی لە بار کە دانەبڕێنرا بێت لە بەها مرۆییەکان و کۆمەڵاتیەکان و هۆشیاریی ڕەخنەیی و دیالۆگ و ڕۆشنبیری … لێرەدا ستەمکاران بۆ لە قاڵبدانی مرۆڤ و دوورخستنەوەی لە پێگەی شیاوی خۆی، هەوڵی پەکخستنی تواناکانی مرۆڤ دەدەن بە سەپاندنی فێرکردنی زۆرەملێی بێ دیالۆگ، لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا، تەنانەت ئەم سیاسەتە دەگوێزنەوە ناو ماڵەکان بە ڕەوایی دان بە سیستەمی باوک سالاریی و بە پیرۆزکردنی پێگەی باوک.

 

لە سیستمی پەروەردەیی داگیرکاریدا فێرخوان دەکرێتە فێرکاری بانگی

بۆیە لەم جۆرە فێرکردنەدا فێرخواز وەک بانکێک زانیاری و زانستی تایبەت بە ئامانجی ستەمکارانی تێ دەئاخنرێت، بە بێ بوونی ڕەخساندنی ژینگەیەکی تایبەت بە پەروەردەی ئازادیخوازانە، کە ئەمەش دوورە لە سیاسەتی ستەمکارانەوە، لێرەدا فێرخوازان مافی دیالۆگ کردن و پرسیارکردن و ڕا گۆڕینەوە و بیرکردنەوە و تێڕامان و قوڵ بوونەوە لەو زانیاریانەی ئاراستەی دەکرێت، پێ نادرێت و فێرکار بە مافی ڕەوایی خۆی دادەنێت سەرجەم فێرخوازان وەک بانکێک زانیاریان تێ هەڵبگیرێت، هەربۆیە بەم جۆرە فێرکردنە دەوترێت فێرکاری بانکی ... ئەم پرۆسەیە بە ئەنجامی نامۆکردنی واقع کۆتایی دێت لای تاک، چونکە تاک ون دەبێت لە سەرجەم ئەو ڕێگایانەی کە هۆشیاریان دەکاتەوە لەو واقعەی بەسەریاندا سەپێنراوە، ئەمە لە کاتێکدا شکاندنی توانایی مرۆڤە بۆ ئاگاییەکانی لە سەرجەم ئەو پرۆسێسانەی لە دەوروبەری ڕوو دەدەن، بەمەش ڕێ لە دیالۆگ دەگرن.

 

دیالۆگ وەک پڕۆسێسێکی خۆبوونیادنان و دووبارە بوونیادنانەوەی کۆمەڵگەیە

سیاسەتی ڕێگری کردن لە دیالۆگ بە زاڵ بوون دێتە کایەوە، چونکە بە بێ سادەیی بوون و خاکی بوون دیالۆگ ناکرێت، کە پێچەوانەی مامەڵەی سادیزمیانە خۆسەپێنەرانەیە، بۆ نموونە چۆن دەتوانین دیالۆگ بکەین لە کاتێکدا کەسانی دیکە وەک کاڵا ببینین و قبوڵیان بکەین و خۆمان بە جیاواز بزانین لە خەڵکانی دیکە، ئەوانمان خۆش نەوێت لە کاتێکدا خۆشەویستی بناغەی دیالۆگە و خودی دیالۆگیشە، بۆیە کەسی هۆشیار لەناو کۆمەڵگەدا دیالۆگ وەک پڕۆسێسێکی خۆبوونیادنان و دووبارە بوونیادنانەوەی کۆمەڵگە و ئاگاداربوونی لە واقع دادەنێت و بە پرۆسەیەکی پەروەردەی ئازادیخوازانەدا خۆی پەروەردە دەکاتەوە، پێویستی دووبارە خۆبوونیادنانەوە دەگەیەنێت بە کەسانی دیکە و ئاگاییان بە لای پرسەکانی ئازادی و خۆ پەروەردەکردن و شۆڕش و خەبات و ڕزگاریی و دیالۆگ دەبات بۆ کەسانی ناو ژینگەیەکی داسەپێنراو، لە کاتێکدا کەسایەتی ستەملێکراو خۆیان ڕادەستی ئەو واقعە دەکەن کە لە لایەک دوژمن نامۆیان دەکات بە کولتوور و دەسەڵاتیش نامۆیان دەکات بە هۆشیاریی ڕەخنەیی نموونەیی، ئەم پرسە لە واقعی بەرچاوی ئێستای باشووری کوردستان ڕەنگی داوەتەوە.

 

بۆیە بۆ ئەفرۆزەکردنی ئەم واقعە پێویستە هەر تاکێک بگاتە ئەو باوەڕییەی کە شۆڕش بە بێ بوونی تیۆرییەکی هۆشیارانە ناگاتە ئەنجام، هەروەها خەباتکردن لە پێناو ئازادی و ڕزگارییدا بە بێ بوونی بیر و دیالۆگی هزرییانە فەراهەم نابێت، دەبێ پڕۆسەی ئازادی وەک نوقمبوونیان لەناو ئەرکێکی ئەنتۆلۆژی و مێژووی سەیر بکەن و وا باوەڕیی بهێنن لە گۆڕان و گواستنەوەیەکیی ڕیشەیی دان.

 

یەکبوون لە پێناو ئازادی

لە مێژووی مرۆڤایەتی دا هەردەم مرۆڤەکان بەرپەرچی هەر مەترسییەکان داوەتەوە کە بە هەڕەشەیان زانی بێت بۆ سەر بوون و مانەوەیان بە ڕێگایی جیاواز، بۆیە هەر کات هەستیان بە سڕینەوە و گۆڕینی ناسنامە و شوناسیان کردبێت لە شێوە جیاوازەکانی قۆرخکردن و پەرتکردن و ئەنفال و جینۆساید و شاڵاو و داگیرکاری و کۆمەڵکوژیدا… لە هەمان کاتدا بەرەنگارییەکیان بە ئەنجام گەیاندووە بۆ سەلماندنی بوون و مانەوەی ئەبەدی ناسنامەکەیان، ئەمەش لە شێوەی سەرهەڵدان و خۆ پەروەردەکردن و خۆ بە ڕێکخستن کردن زۆر جاریش بە چالاکی فەدایی و شەڕی چەکداریی کۆتایی هاتووە، بۆیە هەردەم قوربانیدان و گیان فیدایی بەشێکی دانەبڕاو بووە لە گەلانی شۆڕشگێڕ، ئەوەیی گرنگە لێرەدا ئەوەیە لە سەردەم و قۆناغی ئێستاماندا دوای درک کردن بە ڕەوشی بەرجەستەبووی پڕ لە ستەمی گەلی باشوور، پێویستە پایەکانی پشت ئەنجامدانی ئەم جۆرە بەرەنگارییانە بە هەند وەربگیرێت لێرەدا پێداگۆگی وەک ئەرکی پراکتیزەکردنی ئازادی پێی هەڵدەستێت، بۆیە دەبێ هەوڵدانەکان و دروشمی گەل بکرێت بە کردار و واقع بخەنە بەر باس و لێکۆڵینەوە، بەمەش هەر لە سەرەتایی پڕۆسەیی خۆ پەروەردەکردنی تاک دا دەبێ دیالۆگ بکرێتە ئامانجی یەکەمی گەلی شۆڕشگێڕ و دەست بکەن بە شۆڕشێکی قوڵی کولتووری و کۆمەڵایەتی، بۆیە دەبێت هەردەم وەک مەرجێکی بنەرەتی یەکێتی چەوساوەکان بوونی هەبێت و ڕەچاو بکرێت بۆ گەشتن بە ئازادی لەسەر ئاستێکی مرۆیی بەرز.

 

"پرۆسەی شۆڕش بۆ ئازادی درگا بە ڕووی جیاکاری دادەخات"

یەکێتی گەلیش لە قۆناغەکانی سەرەتایی درک کردن بە دۆخەکە بە هاریکاری نێوان گەل و سەرکردە شۆڕشگێڕەکان بە ئەنجام دەگات، ئەویش بە شێوەیەکی ڕادیکاڵانە تا کرانەوەی دەروازەیەک بۆ ڕزگاریی گەلی چەوساوە، گەل بە هەموو ڕەنگ و نەتەوە و ئاین و ئاینزایەک هەڵگری فۆرمێکی جیاکارییە لە ڕویی ئایدۆلۆژی و زۆر جاریش لە ڕووی ئامانجەکانیانەوە بەڵام پرۆسەی شۆڕش بۆ ئازادی درگا بە ڕووی ئەو جیاکارییە دادەخات و یەکبوون دێنێتە بوون، چونکە گەل پەیوەندیدارە لەگەڵ شۆڕش و سەرکردە شۆڕشگێرەکان ئەم پەیوەندیداربوونەش پێویستییەکی هەمیشەییە، لە بەرامبەر ئەوەشدا سەرکردە شۆڕشگێڕەکانیش ئامانجەکانیان لەگەڵ گەلدا پێکەوە فۆرمەلە پێ دەکەن، بە هاوکاری ئەو ئەزموونە مێژوویانەی کە هەیانە دەربارەی گەلەکەیان، بۆیە پێویستە هەردوولا لە ئاستی ئاگاییان بە باوەڕییەک بگات کە شۆڕش لە پێناو گەلدا بە سەرکردە بەرپا نابێت و بە گەلیش لە پێناو سەرکردە دا دووبارە بەرپا نابێت