وتارەکەی سەرۆکی حکومەت، بێمنەتی بوو بە گەل
پەیمان عیزەدین – چالاکوان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا باسی لە چەندین دەستکەوتی ئەم کابینەیە کرد بێ خستنە ڕووی هیچ زانیاری و ژمارەیەک .
ئەو وتارەی سەرۆکی حکومەت سەرباری ئەوەی کە هیچ زانیاری و ژمارەیەکی تیادا نەخراوەتە ڕوو بۆ پاڵپشتیکردنی، چەندین ناڕوونی تیادایە کە پرسیار و ڕونکردنەوەی تر هەڵدەگرن .
-بۆ نمونە لە دەستپێکی باسکردنی دەستکەوتەکانی ئەم کابینەیەدا دەڵێت کە توانیمان موچە بەبەردەوامی بدەین، ئەگەرچی هەندێک جاریش دواکەوتبێت یان چەند مانگێکی کەم بە ڕێژەی ٪١٠٠ دابەش نەکرابێت .
سەرەتایترین ئەرکی حکومەت و مافی موچەخۆر پێدانی موچەیە وەک خۆی و لە کاتی خۆیدا، واتە دابەشکردنی موچە بە ڕێژەی لە سەدا سەدیش نابێتە دەستکەوت، کەچی ئەم کابینەیە دابەشکردنی نیوەناچڵی موچە بە دەسکەوت حساب دەکات .
-لە خاڵێکی تری پەیوەندیدار بە دەستکەوتە ئابورییەکان، سەرۆکی حکومەت باسی لە زیادبوونی داهاتی ناوخۆ کرد و بە لە ٪١٠٠ داینا، بێ ئەوەی بەڕێزیان بە وشەیەکیش باسی جۆری ئەو داهاتانە بکات کە بەو ڕێژە بەرچاوە زیادیکردووە.
کاتێک کە قاچاخچێتی سەر سنورەکان وەک خۆیان بن و بازرگانی نەوت و دەرمان هەر لەدەستی حیزب و بەرپرسانی حیزبدا بێت، بە دڵنیایی ئەوەی دەمێنێتەوە لە داهاتی ناوخۆ و زیادیکردووە، ئەو باج و ڕسوماتانەیە کە بە لە سەدا سەدی خراونەتە سەر هاوڵاتیان .
-لە ڕووی ژێرخانی ئابوریشەوە، سەرۆکی حکومەت وەک دەستکەوت باسی لە خەرجکردنی زۆرترین پارە کرد بۆ جادە و ڕێگاوبان .
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو زۆرترین خەرجیە، جادە و ڕێگاوبانی سنوری سلێمانی نەگرتووەتەوە، کەواتە ئەم کابینەیە زۆرترین خەرجی لەو بوارەدا بە ناعەدالەتی دابەشکردووە بە جۆرێک کە جادەکانی هەولێر و سلێمانی نێوانیان ئەرز و ئاسمانە .
-ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو لە زنجیرە دەستکەوتەکانی ئەم کابینەیە، بەهێزکردنی ژێرخانی کارەبایە، بەپێی وتەکەی سەرۆکی حکومەت لە کەرتی کارەبادا چەندین مێگاوات خراوەتە سەر کارەبای نیشتیمانی و ژێرخانی کارەبا بەهێزکراوە، بریا ئەم بەشەی وتەکەی بەڕێزیان لە وەرزی پایز یان بەهاردا بوایە، چونکە بڕواهێنان پێی ئاسانتر دەبوو، بەڵام لەم وەرزی گەرمایەدا خەڵکی ئەم هەرێمە باش ئەزانن کە بارودۆخی کارەبا چەند خراپە .
لە شارەکاندا کارەبای نیشتیمانیی سنوردارکراوە و لە ٤٠ ئەمپێر تێپەڕ ناکات، کەچی لە هەمان ئەو شارانەدا و بۆ ئەو خەڵکانەی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا دەژین، هەمان کارەبای نیشتیمانی بێ سنورە و دانیشتووان ئازادن لە بەکارهێنانی کارەبا، لە هەمان ئەم هەرێمەی سەرۆکی حکومەتدا و بەم گەرمای هاوینە لادێکان لە دوای سەعات ٤ی پاشنیوەڕۆوە کارەبایان پێدەدرێت .
بۆیە ئەو مێگاواتانەی زیادکراون بۆ خەڵک نییە، بۆ دانیشتوانی گەڕەکە ئاسایی و هەژارنشینەکان نییە، بۆ لادێ و ناوچە دوورە دەستەکان نییە، ئەوەی زیادیان کردووە بۆ خزمەتی ئەو پڕۆژەی نیشتەجێبونانەیە کە هی بەرپرس و سەرکردە سیاسیە-بازرگەنەکانە، کە بە بەرنامە خەڵک ناچار دەکەن بۆ نیشتەجێبون لەو پڕۆژانەدا، ئەگەرنا هیچ مانایەکی تیادا نییە دوو هاوڵاتی هەمان شار یەکێکیان بێسنور کارەبای بدرێتێ ئەویتر سنوردار.
ئەم سنوردارکردن و بوون و نەبوونی کارەبایە بەرهەمی سی ساڵ حکومڕانی و بەهێزکردنی ژێرخانی کارەبایە.
-لە بواری گواستنەوەی گشتیدا، سەرۆکی حکومەت دەڵێت هەنگاوی کردەیی نراون بۆ کاراکردنی گواستنەوەی گشتی و دروستکردنی هێڵی ئاسنین .
ئەگەر چاو لەوەش بپۆشین کە کەس زانیاری نییە لەسەر ئەو هێڵی ئاسنینە و کەی دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت و لەکوێوە بۆ کوێ دەبێت، جێی خۆیەتی بپرسین چ هەنگاوێکی کردەیی نراوە بۆ کاراکردنی گواستنەوەی گشتی؟ پاس و تەکسی کە تەنیا دوو ئامڕازی گواستنەوەی گشتین چۆن کارا کراون؟
تائێستا جۆر و ژمارەی پاسەکان لە ئاستی پێویستدا نین، کاتەکانی گەیشتن و دەرچوونی پاسەکان زانراو نین، هاوڵاتی بە زەحمەت و ناڕەحەتی پاسی دەستدەکەوێت، ڕەنگە هەرێمی کوردستان خراپترین بێت لە بواری گواستنەوەی گشتیدا، بۆیەش زۆرینە ناچاربوون بە کڕینی سەیارەی تایبەت، واتا گواستنەوەی گشتی نەک هەر کارا نەبووە، بەڵکو بە جۆرێک پەکخراوە کە خەڵک بە ناچاری نەبێ پەنای بۆ نابات .
-هەنگاونانی حکومەت بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، دەستکەوتێکی تری ئەم کابینەیەیە کە سەرۆکی حکومەت باسی لێکرد.
کەچی تا ئێستا بەشی زۆری یاسای چاکسازی جێبەجێنەکراوە و جێبەجێش ناکرێت، حکومەت ناتوانێی موچەی بندیوار ببڕێت کە بەشێکی گەورەی گەندەڵی لە موچەدا پێکدەهێنێت، چونکە بندیوارەکان سەرمایەی مەعنەوی مانەوەی پارتی و یەکێتین.
.
لە سەردەمی ئەم کابینەیەدا زۆرترین خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات هەبووە، بەشێکی زۆری کوڕ و کچی بەرپرسەکان، خەڵکیان کوشت و بێڕێزیان بە هێزە حکومیەکان کرد و چوونە سەر خاوەنکار و بە چەکی بە مۆڵەت پشێوی و شەڕەتەقەیان لە شارەکاندا دروستکرد، بێ ئەوەی کەسیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت .
جگە لەوەی کە قاچاخچێتی سنورەکان و بازرگانیکردن بە دەرمان داگیرکردنی زەوی و زاری گشتی و وێرانکردنی دارستانەکان بەردەوامیان هەیە، ئەگەر بەڕێز سەرۆکی حکومەت ئەمانە بە گەندەڵی حساب بکات لە هەر شار و ناوچەیەک ڕووبدەن.
-سەرۆکی حکومەت باسی لە نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی و جیاکاری ڕەگەزیی کرد، جیا لەوەی لە سەردەمی ئەم کابینەیەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کوشتن و خۆکوشتن زیادیکردووە، تایبەت بە توندوتیژیەکانی دژ بە ژنانیش ئامارەکان لە بەرزبوونەوەدان .
لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ژمارەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان ٨٣ ژن بوون، لەکاتێکدا لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دا ژمارەکە ٦٠ ژن بووە .
-خاڵێکی تری وتەکانی سەرۆکی هەرێم کە مرۆڤ دەخاتە گومانەوە داخۆ ئێمە لە کوردستان ئەژین یان نا، بابەتی فراوانکردنی مەودای ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندنە .
ئەگەر ڕا و سەرنجی هاوڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان جێی متمانە نەبن لەسەر ئاستی پێشێلکردنی ڕای ئازاد و ئازادی ڕۆۆژنامەگەری لەم کابینەیەدا، ئەوا ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بەڵگەن لەسەر پێشێلکارییەکان، لە هیچکام لە کابینەکانی پێشوودا هێندەی ئەم کابینەیە ڕۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر دەستگیر نەکراون.
-لەم هەرێمەی کە خوێندن بە گشتی بەهای نەماوە، زانکۆکان حزب بەڕێوەیان دەبات و ئاستی زانستی تا دێت دادەڕوخێت و خەریکە کەرتی تایبەت جێ بە کەرتی گشتی لەق دەکات، سەرۆکی حکومەت باس لە گرنگیدان بە خوێندن دەکات، لە کاتێکدا کە مامۆستا بە ئاشکرا شەقی تێهەڵدەدرێت و شەق وەشێن کوڕی حزبە و هیچی لێناکرێت، مامۆستا دەکوژرێت، خوێندکاری زانکۆ تیرۆر دەکرێت، کەچی سەرۆکی حکومەت پێیوایە خوێندن گرنگی پێدراوە.
-لە بارەی باشی پەیوەندی نێوان حکومەت و پەرلەمانیشەوە، ئەوەندە بەسە بۆ تێگەیشتن لە ئاستی خراپی پەیوەندی نێوانیان، کە ئەوا سێ ساڵە حکومەت پڕۆژەی بودجەی نەناردووەتە پەرلەمان و گرنگترین ئەرکی پەرلەمانی هەڵپەساردووە، بێ ئەوەی پەرلەمان توانای لێپرسینەوەی هەبێت، ئەوەی تا ئێستا خەڵک دەیبینێت شکستێکی گەورەی حکومڕانیە.
- کەرتی تەندروستی لەوپەڕی خراپیدایە و خەڵک بۆ پاراستنی ژیانی خۆی ناچارە ڕوو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بکات، کە ئەوانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان هی حزب و بازرگانە سیاسیەکانن.
-پایتەختی هەرێم لە زستاندا لافاو دەیبات و لە هاویندا بێئاوی دەیخنکێنێت.
-سلێمانی ئارامی تیادا نەماوە و دارستان و باخ و گردی داگیر دەکرێت.
-هەڵەبجە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاریەوە گیری خواردووە و بە هێواشی ژەهر خوارد دەکرێت.
-لە دهۆک دەست خراوەتر بینە قاقای ئازادی و لەسەر قسەیەک زیندانی دەکرێن.
-تادێت حزب زیاتر دەست دەخاتە دادگاکان و بەهایەک نەماوەتەوە بۆ دادوەری، چونکە بەرپرس و کوڕ و کچ و کەسوکاریان لە سەروو یاساوەن.
بۆیە تەنیا ڕاستیەک لە نێوان وتارەکەی سەرۆکی حکومەتدا، ئەوەیە کە وتارەکە بۆ گەلێک نوسراوە کە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی منەتی بە تورەبوون و بێزارییان نییە .