هاوسەرگیری کچانی منداڵ لە یاساکانی عێراقدا

نەجیبە مەحموود - چالاکوانی ژنان

 

هاوسەرگیری منداڵی کچ یەکێکە لەو بابەتە کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا بە قورسی باسی لێوە دەکرێت، لەوانە عێراق کە جگە لەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی تاکەکەسی کچان هەیە، بەڵکو لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرفراوانیشی هەیە.

 

یاساکانی عێراق لەم بوارەدا پێویستیان بە پێداچوونەوەی جددی و چاکسازی هەیە، دۆخی یاسایی هاوسەرگیری کچانی منداڵ لە عێراق، یاساکانی ئێستای عێراق، ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا سنوورێک بۆ تەمەنی هاوسەرگیری دانەناوە.

 

لە زۆر حاڵەتدا کچان دەتوانن لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوە بە ڕەزامەندی دایک و باوکیان و بە مەرجێکی دیاریکراو هاوسەرگیری بکەن، ئەم دۆخە بە هۆی بوونی کولتوورە جیاوازەکان و فشارە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەماڵەکان ، لەدەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان.

 

هاوسەرگیری لە تەمەنی گەنجیدا دەبێتە هۆی کێشەی جددی بۆ کچان، ئەم کێشانە بریتین لە نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، زیادبوونی مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەست بە دووگیانی هەرزەکاران و کەمبوونەوەی دەرفەتی دامەزراندن لە داهاتوودا، هەروەها ئەم پرسە دەتوانێت ببێتە هۆی زیاد بوونی هەژاری و نایەکسانی جێندەری و کۆمەلایەتی.

 

لە زۆررێک لە کۆمەڵگەکانی عێراقدا شووکردنی کچان لە تەمەنێکی بچوکدا بەشێکە لە نەریت و دابونەریتی کولتووری، ئەمەش وادەکات گۆڕینی هەڵوێستەکان و دەستکاریکردنی یاساکان قورس بێت، بەڵام پێویستە وردە وردە هۆشیاری گشتی زیاتر بکرێت سەبارەت بە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە و پەرەپێدانی کولتووری نوێ لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و یەکسانی جێندەری، لەمبارەیەوە پێویستی بە هەمووارکردنەوەی یاسا هەیە، بەمەبەستی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو کێشانە بەهۆی هاوسەرگیریی منداڵی کچانەوە دروست دەبێت، پێویستی چاکسازی یاسایی لە عێراقدا هەیە.

 

پێویستە ئەم چاکسازیانە بریتی بن لە دانانی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری، دروستکردنی پارێزگاری یاسایی بۆ کچان و بەرەوپێشبردنی پەروەردە و هۆشیاری لەم بوارەدا، هەروەها هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی دۆخی مافەکانی کچان، هاوسەرگیری منداڵ لە عێراقدا کێشەیەکی جیددییە و پێویستی بە گرنگیدان و کردەوەی دەستبەجێ هەیە.

 

بە گۆڕینی یاساکان و زیادکردنی هۆشیاری گشتی دەتوانین یارمەتیدەر بین لە باشترکردنی دۆخی کچان و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر، ئەمەش نەک تەنها بۆ کچان، بەڵکو بۆ هەموو کۆمەڵگەش سوودی دەبێت، چونکە گەشەپێدانی بەردەوام و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بە ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت.

 

کارکردن لەو بوارەدا تەنها ئەرکی هاوڵاتیانی عێراق نیتە، بەڵکو ئەرکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیشە، جگە لە بوارە مرۆییەکە، بەڵکو بە پێی دەستوری عێراق کاریگەری راستەوخۆشی دەبێت لەسەر یاساکانی هەرێمی کوردستان، چونکە دارشتنەوەی یاساکانی هەرێم نابێت ناکۆک بێت لەگەڵ بنەما دەستوری و یاساییەکانی عێراقدا.