مەترسیدارترین کێشە ژینگەییەکان

نەرمین عوسمان- نووسەر

 

کێشە ژینگەییەکان، بەو کێشانە دەوترێت، کە پەیوەستن بە پێکهاتەکانی ژینگەی هەسارەی گۆی زەوی، وەک: هەوا، ئاو، خاک… هتد، کە لە ئەنجامی دەستتێوەردانی مرۆڤ، یاخود خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێکهاتانە و زیادبوونی ماددە نەخوازراوەکان، گۆڕانکاری لە چەندایەتی و چۆنایەتی کوالێتیی پێکهاتەکاندا ڕوو دەدات و کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر زەوی و پێکهاتەکان دەبێت.

 

کێشەکانی ژینگە زۆرن، بەڵام مەترسیدارترینیان: بارانی ترش، پیسبوونی هەوا، ترشبوونی ئاوی دەریا و زەریاکان، گەرمبوونی گۆی زەوی، زیادبوونی دەرهاویشتە مەترسیدارەکان بەهۆی خراپ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ پاشماوەکان، تەنکبوونی چینی ئۆزۆن، تەمە دووکەڵییەکان، پیسوونی ئاو، لەدەستدانی دارستانەکان، بەبیابانبوون، کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو…هتد، ئەمانە لە کێشە گەورە و مەترسیدارەکانی جیهانن، لە ئێستادا پەیوەندی و کاریگەریی لەسەر هەموو تاکێک هەیە، هەروەها کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاژەڵ و ڕووەک و زیندەوەرەکان بە گشتی هەیە.

 

لێرەدا باسی هەندێک لەو کێشانە دەکەین:

*ترشبوونی زەریا و دەریاکان: زەریا و دەریاکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە باڵانسکردنی هەوای سەر زەوی و بەشێکی زۆر لە ئۆکسجین دابین دەکەن. هەروەها زیاتر لە سێ ملیار کەس بۆ بژێوی، پشت بە سامانی زەریا و دەریاکان دەبەستن، بەڵام چالاکییە نادروستەکانی مرۆڤ وای کردووە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی زەریاکاندا ڕوو بدات، بۆ نموونە: ترشبوونی زەریاکان. ئاوی زەریاکان دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا دەمژن و ترشی کاربۆنیک دروست دەکەن و دەبێتە هۆی دابەزینی (PH) کاتێک ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن زۆر بێت، ئەوا زیاتر لەناو ئاودا دەتوێتەوە و ترشبوونی زەریاکان دروست دەکات. ئێستا لە هەوادا (CO2) بە ڕێژەی لە ٪٥٠ زیاترە بەراورد بە پێش شۆڕشی پیشەسازی، ئەم پرۆسەیەش دەبێتە هۆی نەمانی کۆراڵ-مەرجانەکان، بەمەش زنجیرە خۆراکییەکان تێک دەچن و زیندەوەرە ئاوییەکان کەم دەبنەوە و هەندێکیان لەناودەچن.

 

*بارانی ترش: نیشتنی هەر جۆرە توخمێک کە ماددەی ترشی تێدا بێت بۆ سەر زەوی، وەک: ترشی کبریت، نایتریک…هتد کە لە بەرگەهەوادا هەن و بە شێوەی تەڕ، یاخود وشک دەکەونە سەر زەوی، بە بارانی ترش یاخود نیشتنی ترش ناودەبرێن، ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی: باران، بەفر، تەم، خۆڵبارین، تەپوتۆزەوە ڕوو دەدات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕووەک و ژیانی ئاویی دەبێت.

 

*تەنکبوونی چینی ئۆزۆن:  چینی ئۆزۆن، قەڵغانێکی ناسکی گازێکی رەنگ شینی سەوزباوە، ژەهراوییە و لە سێ ئەتۆمی ئۆکسجین (O3) پێکهاتووە کە زەوی لە بەشە زیانبەخشەکەی تیشکی خۆر دەپارێزێت، بەتایبەتییش تیشکی سەڕوو وەنەوشەیی و یارمەتیدەرە بۆ بەردەوامبوونی ژیان لەسەر هەسارەی زەوی.

 

کەمبوونەوە و تەنکبوونی چینی ئۆزۆن لە بەرگەهەوادا، لە ئەنجامی کارلێکی مۆلیکولەکانی ئۆزۆن لەگەڵ ئەتۆمەکانی توخمی کلۆر و برۆم ڕوودەدات. ئەم گازانەش بەهۆی زیادبوونی چالاکییە پیشەسازییەکان، چالاکییەکانی مرۆڤ بەگشتی، ماددەکانی پاککردنەوە و ساردکردنەوە و دەردانی گازە زیانبەخشەکانەوە زیاد دەکەن. کلۆرۆفلورکاربۆن باوترین ماددەی کیماوییە کە چینی ئۆزۆن تەنک دەکاتەوە.

 

*پیسبوونی هەوا: پیسبوونی هەوا، مەترسیدارترین جۆری پیسبوونە و زیانی زۆرە، چونکە بڵاوبوونەوەی ماددە و گازە زیانبەخشەکان لە رێگەی هەواوە ئاسانە و هەوا دەتوانێت ئەو مادانە هەڵبگرێت و بە ئاسانی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بیانگوێزێتەوە، ئەو مادانە زۆربەیان دەرهاویشتەی کارگەکان، ئامرازەکانی گواستنەوە، ئەو تۆزانەی لە ئەنجامی بیناسازی و پرد و رێگەوبان و سووتاندنی خاشاکەوە بەرز دەبنەوە، ئەمە جگە لە دەرهاویشتەکانی وێستگەکانی نەوت و پاڵاوگەکان.

 

*پیسبوونی ئاو: بەزۆری لە ئەنجامی هەڵسوکەوتی هەڵەی مرۆڤەکانەوە پەیدا دەبێت، زۆرێک لە کارگەکان و شوێنە پیشەسازییەکان پاشماوە و پاشەڕۆیان بەبێ چارەسەر فڕێ دەدەنە ناو ئاوەکانەوە، یاخود ئاو و پاشەڕۆی زێرابەکان بەبێ چارەکردن دەچنە ناو ڕووبارەکانەوە، ئەمانە و زۆر هەڵەی تر وا دەکەن کوالێتیی ئاو تێکبچێت و کاریگەریی نەرێنی لەسەر بوونەوەرە ئاوییەکان و مرۆڤ و خاک دروست دەکات، هەندێکجاریش پیسبوونی ئاو سروشتییە، ئەویش بەهۆی هەڵمبوونەوە ڕێژەی خوێ تێیدا بەرز دەبێتەوە.

 

*پیسبوونی خاک: ئەم جۆرە پیسبوونەش، بەرەنجامی هەڵسوکەوتە خراپەکانی مرۆڤە لە فڕێدانی پاشماوەدا، فڕێدانی خاشاک و پاشماوەی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ، خاک لاواز دەکات و کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی بە پیتی خاک دەبێت و ئەنجامی بەرەو بیابانبوونە.

 

*لەناوچوونی دارستانەکان: یەکێکە لە هۆکارەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا کە چەندین شێوازی هەیە: سووتاندنی دارستانەکان، لەناوبردنی درەختەکان بە مەبەستی فراوانکردنی زەویی کشتوکاڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵ، یاخود بڕینەوە بە مەبەستی سوود لێوەرگرتنی لە پیشەسازیی تەختە و بینادا، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گازە گەرمکەرەکانی بەرگەهەوا و لەناوچوونی جۆرەکانی بایۆلۆژی و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجین و باران.