ژنانی کورد لە ئەوروپا
بێریڤان محەمەد – ڕۆژنامەنووس
تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا حەوتەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا و ۱۰۰ نوێنەری ڕێکخستن و دامەزراوەکانی ژنان لە وڵاتانی جیاجیای ئەوروپاوە بەشداریان کرد، هاوکات ژنانی هەرچوار بەشی کوردستان و ئاین و باوەڕە جیاوازەکانیشی تێدابوون، ژنانی بیانیش لەناو ئەم تەڤگەرەدا بەشدارن و بونەتە پارچەیەک لە تێکۆشانی ژنانی کورد.
تەڤگەری ژنی کورد خاوەنی دەیان دامەزراوەیە لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا لەئەوروپا، لەیەک ڕۆژدا هێزی هەیە هەزاران ژن بێنێتە سەر شەقامەکانی ئەوروپا، لەمسەر هەتا ئەوسەری جیهان لەناو پەیوەندی و دیپلۆماسیدایە، لە کامپەکانی پەروەردەدا نەک تەنها ژنانی کورد، بەسەدان ژنی بیانیش دێن و لەسەر ژنۆلۆژی و تێکۆشانی ئازادی ژنی کورد پەروەردە دەبینن، لە مانگەکانی ڕابردوو، کۆنفرانسێکی ژنانی لە بەرلین ڕێکخست زیاتر لە ٨٠٠ ژنی کورد و بیانی سیاسەتمەدار و ئەکادیمیسیان لە دەیان وڵاتەوە بەشدار بوون.
ئەمەی باسیدەکەم مشتێکە لە خەرمانی تێکۆشانی ئەم تەڤگەرە مەزنەی ژنی کورد لە ئەوروپا، منیش لەسەر ناوی ژنانی باشوری کوردستان وەک ئەندامێکی بەڕێوەبەرایەتی ئەو شانازیەم پێبەخشراوە و تێیدا بەشدارم،
خاڵێکی زۆر گرنگ کە زۆر نامۆیە بە حزب و زۆرینەی ڕێکخستنەکانی باشوور ئەوەیە کە سەرەڕای ئەم دەسکەوت و پێشکەوتنانەی بەهەوڵ و ماندوو بونێکی زۆر بەدەست هاتوون، هێشتا لە کۆنگرە ڕەخنە لە خۆ گرتن و کەم ماوین ببوە مژارێکی سەرەکی و سۆز و بەڵێنی ئەوە دەدرا کە لە ساڵەکانی داهاتوو ببنە وەڵامێکی بەهێز لە دژی هێرشەکانی سەر ژنان، کوردستان و ڕێبەر ئاپۆ، لەم پێناوەشدا زۆر پلاننامەی فراوان بۆ تێکۆشانی دیبلۆماسی، ڕێکخستنی و پەروەردەیی دانران.
ماوەتەوە بڵێم لە زۆر ناوەندی ئەوروپا ئێستا کورد بە ژنە تێکۆشەرو شۆڕشگێڕەکانیەوە دەناسرێتەوە، ئەمەش لەسایەی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ئەو ژنانەی ڕۆحی خۆیان پێشکەشی شۆڕشی ئازادی کرد، گەریلا و شەڕڤانان و هەموو ئەو ژنانەی لە هەرچوار بەشی کوردستان بۆ ئازادی لەتێکۆشاندان.