خولی پیاوە دوو ژنەکانی پەرلەمان

شادی نەوزاد – ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

 

لەدوای دەیان جار هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و لابردنی هەندێک لەو ماددانەی بە ئاشکرا جیاکاری ڕەگەزی بوون لە یاسای باری کەسێتیدا، لە ساڵی ٢٠٠٨ بەشێک لەم هەوڵانە بە ئامانج گەیشتن بە ڕێبەرایەتی سەرۆک مام جەلال و بە هەوڵ و ماندوو بوونی بەشێکی زۆری چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بە درێژایی کارکردنیان هەوڵیان بۆ بەدیهێنانی ئەو یەکسانییە بوو لە نێوانی ڕەگەزەکاندا و بە کردارەکی شەڕیان لەپێناودا دەکرد، ئەم هەوڵە بە ئەنجام گەیشت و لە پەرلەمانی کوردستانەوە هەمواری ژمارە (١٥)ی یاسای باری کەسێتی تێپەڕی، ئەمەش دوای دژایەتییەکی زۆر لە زۆر لایەن و کەسایەتیەوە.

 

ئەم هەموارە بووە هۆکاری سەرنجی گەورە و دڵخۆشی زۆربەمان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری یاسایی بۆ ژنان، یاخود دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری یاسایی.

 

یەکێک لەو بابەتانەی کە بەجددی و زۆر بە باشی بۆ کاتی خۆی کاری لەسەرکرا و جێگیر کرا بابەتی فرەژنی بوو، کە لەوکاتدا دیاردەیەکی سەرەکی بوو لە هەرێمی کوردستاندا، یاساکە بووە هۆکاری ئەوەی بەشێک لەو دیاردەیە پەکبخات و ڕێژەی فرەژنی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.

 

بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان و بیرلێکردنەوەیە لەم خولەی پەرلەماندا زیاتر لە ٦ ئەندامی پەرلەمان، چوونەتە پرۆسەی هاوسەرگیری دووەم یاخود سێیەمەوە (بەشێکی دیکەش بە زارەکی باسی لێوە دەکەن و بە ئاشکرا خۆزگەی بۆ دەخوازن)، هەرچەندە هەموارەکە بە تەواوەتی نەیتوانی فرەژنی  قەدەغە بکات و نەیهێڵێت، بەڵام مەرجەکانی ئەوەندە قورس کردووە کە ئەستەمە پیاوێک بتوانێت بەدەستیان بهێنێت تا بچێتە پرۆسەی هاوسەرگیری دووەم و سێیەمەوە.

 

بەشێوەیەکی گشتی ئاساییە کە کەسێک لە دەرەوەی پەرلەمان بەدوای بۆشاییەکانی نێوان دێڕەکاندا بگەڕێت تا بتوانێت هاوسەرگیری دووەم ئەنجامبدات، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە خودی ئەندامی پەرلەمان یاساشکێنی بکات، (بەو پێیەی بەهۆی هاوپیشەییمەوە دەزانم کە هیچ یەک لەو مەرجانەی ڕێگەی داوە بە هاوسەرگیری دووەم لەو ئەندامانەدا بوونی نییە کە ژنی دووەم یان سێیەمیان هێناوە).

 

هەرچەندە ئەو ڕوئیایە بۆ من جێی شۆک بوون نییە، کاتێک پەرلەمانێک لەو هەموو ژوورەی هەیەتی یەک لە تابلۆکانی ئاریان ئەبوبەکر لەناو ڕێستۆرانتەکەی و شوێنی چێشتلێنان و نانخواردنەکەی هەڵبواسێت(کە بۆ گوزارشت لە ئازارەکانی ژن بوون کێشراوە و ژنێکی سکپڕە)، بەواتایەکی دیکە ڕوئیای شوێنی ژنان ئێرەیە، دەبێت ئاوا ئاسانیش بابەتی هێنانی ژنی دووەم و سێیەمی بەسەردا تێبپەڕێت.

 

ئەم دیاردەیەی ناو ئەندامە پیاوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبێت بە زوویی و وەک میساقێکی شەرەف کاری لەسەر بکرێت لەلایەن سەرۆکایەتی حزبەکانەوە بۆ ئەو ئەندامانەی کە هەڵدەبژێردرێن بۆ پەرلەمان، لەپاڵ ڕاستگۆیی و کارکردنیان لەپێناو خاک و هاونیشتمانی و پارێزگاری لە یاساکان، لەپێناو یەکسانی یاسا بۆ هەمووان، لەپێناو دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری یاسایی، دەبێت سەرۆکایەتی حزبەکان بە جەوهەریانەتر کار لەسەر کێشەکانی ژنان بکەن، گەر دەیانەوێت لە بابەتی یەکسانیدا زەڕەیەک هیوا بمێنێت و شانازییەک بە هەرێم ڕەوا ببینرێت.