دیکتاتۆریەت چۆن دروست دەبێ و چ ژینگەیەکی پێویستە بۆ حوکمڕانی؟

بڵێسە جەبار فەرمان – پەرلەمانتاری پێشوی عێراق

 

دیکتاتۆریەت جۆرێکە لە جۆرەکانی فەرمانڕەوایی کە تێیدا تاکێک یاخود کۆمەڵێک بەشێوەیەکی تاکڕەوانە بەسەر ھەموو جومگەکاندا حوکم دەکەن بەبێ ڕێگادان بە ئازادییەکان ئازادی سیاسی و ئازادی ڕێکخراوەیی و ئازادی مومارەسەکردنی مافەکان.

 

دیکتاتۆرەکان زۆربەی کات لە ھەلومەرجێکی دژوار و ناھەمواردا دێن و دەسەڵات دەگرنە دەست، بۆ مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات بەدەر لەوەی کە پاڵپشتی دەرەکی و ناخۆیی بەھێزیان پێویستە دەبێت ھەموو مەترسیەک بۆ سەر بەرژەوەندیەکانیان بنبڕبکەن.

 

لە زەمەنی ئێستادا دیکتاتۆرەکان ناوی جیاواز لەخۆیان دەنێن و تەنانەت بە ھەڵبژادن دانیشتنیان لەسەر کورسی دەسەڵات دووبارەو سێبارەو زۆربارە دەکەنەوە.

 

ھەندێک لە دیکتاتۆرەکان ناوی سەرۆک وەزیران یان سەرۆک کۆمار و مەلیک و خادم و حاکمایان لە خۆیان ناوە، پێویستە بۆ دەستنیشان کردنی دیکتاتۆر چاو بە شێوازی حوکمرانی و بارودۆخی وڵاتەکەیدا بخشێندرێت.

 

لە ئێستا دا ٥٠ وڵاتی گۆی زەوی لە لایەن دیکتاتۆرەکانەوە حوکم دەکرێن (بێگومان ئەم ژمارەیە ھەرێمەکان لەخۆ ناگرێت)، پێشووتر دیکتاتۆرەکان ھەوڵێکی زۆریان دەدا بۆ قەدەغەدەکردن و ڕێگری کردن لە بەدەستھێنانی ھەواڵ و زانیاری، وڵاتەکانیان بە ھەموو شێوەیەک بەڕووی جیھان دا دادەخست و میللەتەکانیان لە تاریکیدا دەھێشتەوە، بێگومان بەو شێوەیە کۆنتڕۆل کردنی میللەت ئاسانترە، ھەروەھا سودیان دەبینی لە پرەنسیپی تەداخول نەکردن لەکاروباری ناوخۆیی وڵاتان کە مەبدەئێکی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتوەکانە.

 

بەڵام ئێستا دیکتاتۆرەکان بێباکن لە میدیای دژ و رێگرنین لە بڵاوبوونەوەی ھەوڵ و زانیاری و بۆ بەرپەچدانەوەی ئەو دەنگە ناڕازی و ھەواڵانە ڕێگای تر دەگرنە بەر، بۆ نمونە ھەر دەنگێکی ناڕازیی تۆمەتی تێکدەرەو دەستی دەرەکی بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ناوخۆی وڵاتی دەخرێتە پاڵ و دەبێت بە قورسترین شێوە بەرپەچ بدرێتەوە، زۆرکات ئەو چالاکوان و دەنگە ناڕازییانە ھەر لە لایەن خودی میللەتەوە کە باوەڕ بە پڕوپاگاندەی دەسەڵات دەکەن بەرپەچ دەدرێنەوە.

 

حکومەتە دیکتاتۆرەکان ھەندێک جار دان بەبوونی کەموکورتی لە حوکمڕانی دا دەنێن بەڵام ڕاستەوخۆ خۆیان بە بەرپرس نازانن و بەپرسیارێتی ئەو کەموکورتییانە دەگەڕێننەوە بۆ کەسانی تر یاخود وڵاتانی تر و ھەلومەرجی سیاسی و ئابووری وڵات، داننان بە کەموکورتییداا بەواتای ئەوە نا کە کار بکرێت بۆ چاککردنی ھەلومەرجەکە، بەڵکو بیانوی جیاواز دەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی باوەڕ بە ھاوڵاتیان بھێنن کە کات گونجاو نییە بۆ ئاڵوگۆڕ و قەیران و دوژمن و مەترسی دەرەکی بۆ سەر ئاسایشی وڵات دروست دەکات بۆ ڕازی کردنی میللەت بە بارودۆخێکی ناھەموار،  لە ترسی زیاتر ناھەموار بوونی دۆخەکە میللەت بێدەنگی ھەڵدەبژێرێت.