دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، لەنێوان شەرم و هۆشیارییدا
خەڵات فەرەیدون-سەرپەرشتیاری پەروەردەیی
دیاردەی گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان بووە بە پەتایەکی جیهانی، لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە و تایبەت نییە بە وڵاتێکی دیاریکراو، بەداخەوە هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو مەترسییە، هەرچەندە جیاوازیی کەلتوری و فرەچەشنی و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی وڵاتان لەسەر رادە و چڕی بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە کاریگەرییان زۆرە.
ئەم پرسە یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کە پێویستە هەموو دایک و باوکێک بە بایەخەوە لێی بڕوانێت، چونکە تەندروستی جەستەیی یان دەروونی یان دڵخۆشی و خۆشگوزەرانی منداڵ لە ئەستۆی دایک و باوک یان کەسانێکدایە کە بەرپرسن لێی.
خێزان پەناگەیەکی پاڵپشتە بۆ هەر تاکێک، رۆڵی دایک و باوک لە پشتگیریی سۆزداری و پەیوەندی ئەرێنی و دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت، هەستی ئاسایش و متمانە بەخۆبوون لەلای مناڵەکانیان دروست دەکات و یارمەتییان دەدات کە باشتر رووبەڕووی ئاستەنگ و قەیرانەکانی ژیان ببنەوە، خۆیان لە لادان و چەواشەکارییەکانی ئەمڕۆ بە دوور بگرن، بەڵام کاتێک ئەم پاڵپشتییە دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە، بە تایبەتی لە ساڵانی سەرەتای تەمەندا، رەنگە ژیانی منداڵەکە بە کێشە و زیانەوە بەردەوام بێت، هەرچەندە زیانەکە لە منداڵیدا روودەدات، بەڵام لێکەوتەکانی تا تەمەنی گەورەیی بەردەوام دەبێت، ئەمەش وا دەکات منداڵان تێگەیشتنیان لە خۆیان و جیهانی دەوروبەریان بشێوێت و هەستی بێ متمانەیی و ترس و دڵەڕاوکێیان لەلا دروست بێت.
چیرۆکی کچێک
سەرەڕای ئەوەی كەمترین دۆسیەی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵ لە میدیاكانەوە بڵاودەكرێنەوە و رای گشتی لێیان ئاگادار نییە، بەڵام جار جارە کۆمەڵگە نوقمی شۆک و دڵتەنگی دەبێت کاتێک رووداوێکی پڕ لە ئازار روودەدات و هەواڵی دەستدرێژی و کوشتنی منداڵێک لە سوچێکی شارەکاندا بڵاودەبێتەوە، ئەم بابەتەش دەبێتە هۆی گفتوگۆکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا بۆ چەند رۆژێک و بابەتەکە دووبارە لەبیردەچێتەوە تا رووداوێکی ئازاربەخشی هاوشێوە روودەداتەوە.
وەک بینیمان لە چەند رۆژی رابردوودا کچێکی گەنجی کورد زۆر بە بوێری و ئازایانە چیرۆکی ژیانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خستەڕوو کە بە مناڵی دەسترێژی کراوەتە سەر لەلایەن کوڕە پورێکییەوە کە ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هەموو ئەو کچانەی وەک ئەو گێچەڵیان پێکراوە لە تەمەنی مناڵیدا پێشوازییان لە هەوڵی ئەو کچە کرد و لە کۆمێنتەکانیاندا لەژێر ناوی شاراوەدا چیرۆکی هاوشێوەی خۆیان باسکرد، ئەمەش بەداخەوە دەرخەری ئەوەیە کە زۆرینەی کچی کورد بگرە کوڕانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان گێچەڵ و دەستدرێژییان کراوەتە سەر.
لە ئەزمونی خۆمەوە وەک پەروەردەکارێک کە لە قوتابخانەکاندا کارم کردووە، کەم تا زۆر ئەم دیاردەیەم بینیوە، بە داخەوە رێژەیەکی زۆری کەسانی دەستدرێژیکەر، کەسانی نزیک و متمانە پێکراوی خانەوادەکەن و ئەو منداڵانەی کە بە رێژەیەکی زۆر رووبەڕووی ئەم حاڵەتە دەبنەوە، ئەو منداڵانەن کە بارودۆخی خێزانیان ئارام نییە و تێکچووە یان ئەو منداڵانەن کە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ خێزانەکانیان نییە، تاکو بتوانن لەبارەی هەموو شتێکەوە گفتوگۆ لەگەڵ خێزانەکانیان بکەن.
هۆشیاریی هەوێنی پاراستنە
بەداخەوە زۆربەی خێزانەكان كاتێك دەستدرێژیی دەكرێتە سەر منداڵەكانیان هەوڵی شاردنەوە و چارەسەركردنی دەدەن بە سوڵحی عەشایەری لە بری ئەوەی هەوڵبدەن پەنا بۆ چارەسەری یاسایی و پزیشكی ببەن.
هۆشیاریی کۆمەڵگە و دایکان و باوکان هەوێنی پاراستنە و بۆ بنبڕکردنی ئەم گرفتە ئەرکی دایک و باوکە جگە لە چاودێریی بەردەوامی منداڵ، هەر لە تەمەنێکی کەمەوە فێری بنەمای تایبەتمەندی و سنوور و چەمکی رەزامەندییان بکەن، پێیان بڵێن کە قبووڵکراوە بڵێیت نەخێر بە هەر کەسێک، تەنانەت کەسە نزیکەکانیش، ئەگەر نەیانویست دەستیان لێبدات یان لە باوەشیان بگرێت، چونکە بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەی تایبەتن و کەس بۆی نییە لێی نزیک بێتەوەو دەستی لێبات، هەروەها دایکان زۆر گرنگە منداڵەكانیان رابهێنن ئەو روداوانە نەشارنەوە و وایان لێبکەن هەست بکەن کە پاڵپشتن و سەرچاوەی ترس و سزا نین.
رۆڵی قوتابخانەش کەمتر نییە لە رۆڵی خێزان، زۆر پێویستە لە قوتابخانەکاندا گرنگی بدرێت بەم بابەتە بە تایبەت بۆ ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان نییە یان دایک و باوکیان هۆشیاریی باشیان نییە، گرنگە وەزارەتی پەروەردە و بڕیاردەرانی پەروەردە وانەی پەروەردەی سێکسی بکەنە ناو پرۆگرامەکانی خوێندنەوە بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی زیاتری خوێندکاران لەوبارەیەوە، هەروەها هەنگاوی پێویست بنێن بۆ پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان سەبارەت بەو مەترسییانەی رووبەڕووی منداڵەکانیان دەبنەوە، هەروەها هاندانیان بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ لەگەڵ منداڵەکانیان، بێگومان کۆمەڵگەیەک لە رووی پەروەردەییەوە گەشەسەندوو بێت، ئەگەری روودانی ئەم دیاردە ترسناکە کەمتر دەبێتەوە.