دەرفەتەکان واڵا بکەن حکومەت پێویستی بە ژنانە
هانا شوان - نووسەرو ڕۆژنامەنووس
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقیش کرا، وا ساڵ زیاترە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (کە تا ئێستا کۆبوونەوەی یەکەمی نەکردووە) کراوە، بابەتێکی گرنگە کە پێنج ژن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بە دەنگی خۆیان دەرچوون، بەڵام هەموان ڕاستی حاڵ دەزانین کە ژنان تەواو پاشەکشەیان پێدەکرێت، بەتایبەتی لە بواری سیاسی و زۆرینەی کایەکانی دیکەی ژیاندا، ئەمەش خۆی باسێکە، دەیان توێژینەوەو دۆزینەوەی رێگەچارە دەخوازێت و دەشزانین دەنگهێنانیان، بابەتە حزبییەکەیە نەک متمانە بە ژنەکە.
لە قۆناغێکی مەترسیدارداین، هاوکات لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتداین، هاوتەریب گۆڕانکاریی لە پۆستە حکومییەکاندا دەستیپێکردووە کە ئەمە هەنگاوێکەو دەرفەتێکە بۆ ژنان کە بچنە شوێنی ئەو کەسانەی کە دڵسۆزانە کاریان نەکردووە، هەروەها ئەو پەرتبوونەی بزووتنەوەی گۆڕان مافی تەواوی بە یەکێتی داوە کە پۆستە حکومییەکان وەربگرێتەوە، ئەمەش پێویستە ببێتە دەرفەتێکی واڵاتر لەبەردەم ژنانی دڵسۆز و پۆستە حکومییەکانیان پێبدرێت.
لەم کاتە سەختانەی کۆمەڵگەکەماندا، دەیان ژن هەن دڵسۆزانە و خۆنەویستانە کاردەکەن لەخۆبوردووانە هەوڵی باشترکردنی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە دەدەن، دەبێت ژنێک کە لەسەر ئەرکی خۆی دەرمان و پێداویستی بۆ نەخۆشخانەیەکی دوورە دەست دابیندەکات، ببێتە بەڕێوەبەری ناحیە یان قایمقام، نەک ئەو گەندەڵەی دژایەتی خەڵکی ناوچەکە دەکات لەبەرئەوەی حزبەکەی دەنگی کەمی هێناوە.
کۆمەڵگەی ئێمە ململانێ سیاسی و عەشایەرییەکان هەڵیتەکاندووە کە ئەم دێڕانە دەنووسم بیر لەوە دەکەمەوە، دەبێت ژنانی ناو خێزانی چوار کوژراوەکەی گەرمیان لە چ بارودۆخێکدابن؟ دایکە جەرگ سووتاوەکان بەدیار تەرمی ساردبووەوەی رۆڵەکانیانەوە دانیشتوون کە رۆژی ١٩/١٢، بەهۆی کێشەی مەڕ و ماڵاتەوە لەلایەن ئامۆزاکانیانەوە کوژراون، ئەو ژنانەی لە سوڵحدا دراون ئەو ژنانەی پیاوانی بنەماڵەکانیان لە دوژمنایەتییەوە تێوەگلاون و چارەنووسی خۆیان و منداڵانیان دیار نییە.
لە هەر بەشێکی ئەم کۆمەڵگەیەدا، ژنان بەردەوام لە سێکتەرەکانی پەروەردەو خوێندنگەو خزمەتگوزاریی و چەندین بواری تردا، لەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکاندا، خزمەت دەکەن، ئەو ژنانە پێویستە دەروازەکانیان بۆ واڵا بکرێت، پارێزەرە خەمخۆرەکان فەرمانبەرە دڵسۆزەکان ژنە ئازاکانی بەردەوام لە خەمی ناوچەکانیان و خزمەتی ژن و منداڵەکان دەکەن، سەدان نموونەی جوانمان هەیە کە پێویستە دەروازەکانی پۆستە حکومییەکانیان بۆ واڵا بکرێت و پشتگیریی بکرێن، لەم قۆناغە هەستیارەدا پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە ژنانە، نەک ژنان بە پۆستی حکومەت.