دەنگی ژن لە ڕۆژئاوا؛ هێزی گۆڕانکاری لە باشووری کوردستاندا
سۆما خالید- ڕۆژنامەنووس
ڕۆژئاوای کوردستان تەنها ناوچەیەک نییە، بەڵکو ئەزموونێکی سیاسیی و شۆڕشگێرانەی هێزی ژنە. لە کاتێکدا هەڕەشەی هێرشی گرووپە توندرەوەکان، داگیرکاری و سیاسەتی سڕینەوەی ناسنامە ڕۆژئاوای کوردستانیان هەڕەشەدار کردبوو، ژنانی شەڕڤان بەجەستە بەرگرییان لێکرد. ئەم خەباتە تەنها لە مەیدانی شەڕدا نەما، بەڵکو بووە هۆی شکاندنی تاریکپەرستی و کۆنەپارێزییەکانی ئەو سیستەمانەی کە ژن تێیاندا قوربانییە.
ژنانی شەڕڤان لە ڕۆژئاوا وەک یەکێک لە گەورەترین هێماکانی ئازادی لە مێژووی هاوچەرخدا دەرکەوتن. ئەوان نیشانیان دا کە ژن دەتوانێت بەرگری بکات، بڕیار بدات و فەرمان بدات، بە بێ ئەوەی ژنایەتیی خۆی لەدەست بدات. ئەم وێنە مێژووییە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ژنانی باشووری کوردستان هەبوو؛ هۆکار بوو بۆ هەستیاربوونی زیاتر، چالاکبوونی سیاسی و شکاندنی ئەو ترسانەی کە ژن لە ناو کۆمەڵگەدا سنووردار کردووە.
ژنانی شەڕڤان لە ڕۆژئاوا تەنها هێزێکی سەربازی نین؛ ئەوان هێمایەکی سیاسیین. بوونی ژن لە هێزی بەرگری، شکاندنی ئەو ئایدلۆژیا چەقبەستوانەیە کە سیاسەتە داگیرکەرەکان بەردەوامیان کردووە، ئەوانەی ژن تەنها لە چوارچێوەی ماڵ و خێزاندا دەبینن. ئەم دۆخە ترسناکە بۆ هەموو ئەو سیستەمانەی کە بنچینەی دەسەڵاتەکانیان لەسەر داگیرکاری و سڕینەوەی ناسنامە دامەزراندووە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە یەکێک لە گەورەترین نمونەکانی خەباتی ئازادی، بە تایبەتی لە ڕێگەی بەرگرییەکانی ژنانی شەڕڤان. ئەم خەباتە تەنها شەڕێکی سەربازی نیە، بەڵکو شۆڕشێکی فکری، کەلتووری و مرۆڤایەتییە.
لەو پێناوەدا، ژنانی باشووری کوردستان ڕۆڵێکی دیاریکراویان لە پاڵپشتی ڕۆژئاواو ژنانی شەڕڤان هەبوو، لە کاتێکدا ئیسلامی سیاسیی سەر بە داگیرکەران، بێڕێزکردن و تاوانبارکردنی ژنانی هەڵبژارد، ژنان بە پاڵپشتییەکان و دەنگی بەرزیان نیشانیان دا کە ژن دەتوانێت هێزی گۆڕانکاری بێت، سنوور بشکێنێت و ئاراستەی سیاسەت بگۆڕێت.
ژنانی باشووری کوردستان لە سەرەتای هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاواوە، بە شێوەیەکی ڕوون دەنگیان بەرز کردەوە و پێشەنگی خۆپیشاندانەکان بوون. ئەمە نیشانەی ئەوە بوو کە ژنان تەنها تەماشاکەر نین، بەڵکو خاوەنی دەنگ و بڕیارن. پاڵپشتییان بۆ ڕۆژئاوا هاوپەیوەندییەکی نەتەوەیی و فکری بوو؛ باوەڕیان بەوە هەبوو کە ئازادی ژن لە ڕۆژئاوا، ئازادی هەموو ژنانی کوردستانە. بۆیە هەر هێرشێک بۆ سەر ژنانی شەڕڤان، وەک هێرشێک بۆ سەر کەرامەتی ژنانی باشوور هەژمار دەکرا.
ڕۆڵی ژنانی باشووری کوردستان لە پاڵپشتی ڕۆژئاوای کوردستان و ژنانی شەڕڤان، ڕۆڵێکی مێژوویی و نەتەوەییە. ئەم پاڵپشتییە بەڵگەی ئەوەیە کە ژنانی کوردستان، سەرباری جیاوازی سنوورە سیاسییەکان، یەک دەنگ و یەک هۆزیان هەیە لە پێناو ئازادی، کەرامەتی مرۆڤ و ژیانێکی دادپەروەرانە. دەنگی ژنانی باشوور لە پاڵپشتی ڕۆژئاوا نیشان دەدات کە خەباتی ژن تەنها بابەتێکی ژنانی نییە، بەڵکو خەباتی کۆمەڵگەیەکی تەواوە.