خۆزگە ئەو ڕۆژە زوو دەهات کە ماچی ناوچاوانت لە خاکی باتماندا بکەم

هەوار محەمەد – ڕۆژنامەنووس و هاوڕێی گوڵستان تارا

 

گوڵێ گیان، گوڵستانەکەی کوردستان، زۆر بیری تۆم کردووە ئەمڕۆش تێپەری و باوەشی گەرمت نەکردم، دەستت نەگرتم و نەتوت "دەی هەڤاڵ زوو زوو بچە، های دێ" لە تەلەفزیۆن گەڕامەوە ماڵەوە، ویستم پشوویەک بدەم، نەمتوانی..

 

 لە بێزاریدا چوومە بەردەم پەنجەرەی چێشتخانەکە، تەماشایەکی دەرەوەم کرد. گوڵێ گیان ئەزانی ئێستا گەرماکەی سلێمانی شکاوە و دەرەوە هەوایەکی فێنکی هەیە.. نزیکەی ساڵێکە لێرەم بەس یەکەم جارە پۆلێک کۆتر دەبینم لەسەر باڵەخانەکەی لای ڕاستمانەوە هەندێکیان وەستاون و هەندێکیان کەم کەم دەفڕن و دەنیشنەوە، وا دەردەکەون چێژ لە فڕینی ئەم ئێوارەیەیان وەربگرن. دەزانی ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژی پایزە، تۆ و هێرۆ گیانیش دەمەو پایز شەهید کران، ئەمڕۆ مانگێکی تەواوە تۆ و هێرۆمان نەبینیوە..

 

هەر بەڕاستی چۆن ئەژین؟!

چۆن لەسەر پێ ماوین؟!

هەڤاڵ گوڵی شتێکت پێ بڵێم

 

من جاران کە خەمێکم دەبوو یان دڵم دەشکا لەناو جێگە بێدەنگ دەمام، بەڵام ئێستا ئێش بە دڵم گەیشتووە، بینینی وێنەیەکت، ناوهێنانت، دانیشتنت لە کۆبوونەوەی بەیانیانی ژندا، بیرهاتنەوەی یادەوەرییەکانت، ئارامییم لێ هەڵدەگرێت و شوێنێک پەی پێ نابەم ڕامچڵەکێنێت، ڕامگرێت. ئەزانم ڕەنگە ئەمەت پێ خۆش نەبێت.

 

با باسی نووسینی ئەم نامەیەت بۆ بکەم..

بینینی کۆترەکان و هەوای پایزیی خستمیەوە بیری ڕۆحە پاک و دڵە باشەکەت، وێنای چاوە گەش و پڕ لە هیواکانتم کرد کە خەمێکی قوڵ بەنەرمی لەسەر پێڵوە ناسکەکانت نیشتبوو، وتم ڕەنگە پەیامەکان نەگات بە ئەو کەسانەی دونیا بەجێدەهێڵن، بەڵام تۆ شەهیدیت، بۆیە بێ دودڵی چووم دەفتەرەکەی هەڤاڵ نورحەقم هێنا و دەستم کرد بە نووسینی، ئەزانی بەر لە چەن ساڵێک مامۆستا نورحەق ئەو دەفتەرە بچوکەی بە دیاری بۆ هێنام، وتی: "پلان و زانیارییەکانی ڕۆژانەتی تیادا بنووسە"، بەڵام دڵم نەئەهات لەسەری بنووسم، هەڵمگرتبوو، نەمویست لە کۆمپیوتەر یان لە دەنگ هەڵگرەکەما بینووسمەوە، چونکە تۆ عاشقی سروشتیت و منیش هەستێکی ڕۆحی خۆمت بۆ دەنووسم.

 

با ئەو شتانە بڵێم کە دەبوون بە پرسیار و دڵم نەدەهات لێت بپرسم، هەستم ئەکرد ئازاردەرن بۆت و لە دوورەوە لێت ورد دەبوومەوە، هەندێک ساتت هەن کە هەمیشە لە یادمن و بەشێکی ئەو چرکە ساتانە لە پەیامی هاوڕێکانتدا پاش شەهادەتت لێی تێگەیشتم.

 

جاربەجار پارچە کاغەزی بچوکم دەبینی کە پێشتر خوێندبووتەوە و ئەهاتی بە چەرخەکەت دەتسووتاند، سەیری پارچە کاغەزەکەت دەکرد تا تەواو دەسووتا، هەندێک جار خەندەیەکی نەرم و شیرین لەسەر لێوەکانت بوو، هەندێک جاریش مات بوویت، یادمە چاوەکانت غەمگین و بە حەسرەتبوون، دواین جار ڕۆژی پێنج شەممە ڕۆژێک بەر لە شەهیدبوونت هاتیت و لەسەر قەنەفەی لای دەرگاکەوە لە تەنیشتم دانیشتیت بەقەد نینۆکی پەنجەیەک لە کاغەزەکە مابووەوە ئەویشت سوتاند، تەماشایەکم کردی و بە پێکەنینەوە پێم وتیت، هەڤاڵ گیان نامەی زۆر دەسووتێنیت، وتت ئەرێوەڵا هەڤاڵ گیان چیبکەین ئیتر. پر بەدڵ سەیرم کردی زۆر جوانبوویت.

 

زۆربەی بەیانیان کە دەهاتی بۆ ستۆدیۆ بە هەموومانت دەوت: چۆنیت؟ باشیت؟ باش خەوتویت؟ هەندێکجار دەموت وا دیارە تۆ باش نەخەوتووی؟. سەیرە ئێمە هەموو شتێکمان بە تۆ دەوت، بەڵام تۆ جارێکیش نەتوت کە چەن هیلاک و ماندوویت.

 

ئەو دیمەنانەتم لە یادە کە دەچویتە باڵکۆن و بە چیچکانەوە دادەنیشتیت، پشتت بە دیوارەکەوە دەنا و جگەرەت دەکێشا، چاوە قاوەییەکانت سوور ببوون، دیاربوو گریابوویت و هەوڵی شاردنەوەیت دەدا؛ لەوێ یەکەم جار کە بینیمیت تازە هەواڵی گیانلەدەستدانی "باوکت بیستبوو".. بەهێندەی ئێشی دڵت ئێشم چەشت منیش ئازاری باوک مردنم چەشتووە، بەڵام ناتوانم بزانم چی گەورەیی و هێزێکی ئەفسوناوییە، کە کچێک بتوانێت گریانی خۆی بۆ کۆچی دوایی باوکی بخواتەوە، مردنی باوک کێو لەبندێنێ، گوڵێ گیان تۆ لەکێو بەهێزتربوویت. جارەکانی دوای ئەویش هەستم دەکرد هەواڵی شەهیدبوونی هەڤاڵەکانت دەیبردیتە ئەوێ، شوێنێکی باشبوو ئێستا منیش دەچمە ئەوێ و بیری تۆ دەکەم.

 

گوڵێ گیان هەندێک جار دەچمە لای هێرۆ، خۆزگە ئەو ڕۆژەش بێت بێمە لات و ماچی خاکی باتمانم دەکرد، کە ئاوێتەیە بە تۆ.

 

گوڵی گیان چەن کات تێدەپەڕێت زیاتر عەشق، هەڤاڵێتی، ژیان، کەژوکێو و کوردستان لە تۆدا دەبینم، وەک ئاگری نەورۆز پریشکی ڕوانینەکانت، خۆشەویستیت، توڕەییەکانت، وشەکانت خستە دڵی ئێمە، تۆ شامارانی ئەم سەدەیەی ئێمەیت.

 

ساتی شەهیدبوونی تۆ و گوڵە هێرۆ بە کامی دڵ لەو ڕستەیەی کوردی ئازاد تێگەیشتم.

 

کە دەڵێین: "شەهید نامرن"، شەهید نامرن.. هەروەک چۆن بە هێندەی ئێشی شەهیدبوونت لە ئازاری خیانەتیش تێگەیشتم.. خیانەت بە ئێشترین نەخۆشی سەرجەستەی کوردستانە.