لە دەرئەنجامی جەنگەکان مرۆڤایەتی زەرەرمەند بووە

شادی نەوزاد – پەرلەمانتاری پێشوو

بەدرێژایی مێژوو و لە دەرئەنجامی هەموو ئەو جەنگانەی ڕوویان داوە، زەرەرمەندی یەکەم و بێ کۆتا تەنیا مرۆڤایەتی بووە، براوە یان دۆڕاو لە جەنگەکاندا بونیان نییە، ئێمە تەنیا دۆڕاوین.

 

دەرئەنجام خاپور بوون و کاولکارییەکی زۆر لەو ناوچانەدا کە جەنگی لێ ڕوودەدات بەجێ دەمێنێت، ئەمەش وادەکات ئاوارە و پەنابەرێکی زۆر ڕوو لەو ناوچانە بکەن کە کاریگەرییەکانیان کەمتر پێوە دیارە یاخود دەستی جەنگیان پێ نەگەشتووە

 

جگە لەوەی ئەو ناوچانەی خاپور دەبن پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە دەبێت و ئەوەش پێویستی بە توانایەکی لەڕادەبەدەری مادی و کارکردنێکی دەیان هێندەی توانای بەکار هاتووە بۆ خاپورکردنیان، دەبێت.

جگە لەمانە و لەناو ڕزگاربووان لە دەستی جەنگ و کاولکاری بە دەیان جۆری جیاواز کەمئەندامبوونی جەستەیی و تراوما و ترسی نەبڕاوەی چەندین وەچەی دوای خۆیان دەناڵێنن (بەپێی چەند لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەنی دەروونی، ئەو کەسانەی لە جەنگ ڕزگاریان دەبێت، وەچەکانیان هەڵگری هەمان جۆرەکانی کێشەی دەروونین کە جەنگ بۆی دروست کردوون بە ڕێژەی جیاواز)، لەناو ئەمانیشدا زەرەرمەندی سەرەکی ژنان و منداڵانن، بە کوشتن یاخود کەمئەندامبوون یاخود بەکارهێنانیان وەک جەستەیەکی ڕووت یان بێ گیان و لەسەرشانی کەسانێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جیهان و پشتگیری کردن بۆ لایەنێکی دیاریکراو.

 

لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ئەمەمان بە ڕوونی لە پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەلایەک و بۆردوومانەکانی ڕۆژئاوا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لەلایەکی دیکەوە بینی و پێشهاتەکان پێمان دەڵێن زیاتریش دەبینین.

 

ژنان وەک جەستە

بەکارهێنانی ژنان وەک کەرەستەیەک لە جەنگدا مێژویەکی دێرینی هەیە، گەر بڵێین لە سەرەتای مرۆڤایەتیەوە بەردەوامە تاکوو ئێستا، حاشا هەڵنەگرە، ئەم بەکارهێنانە دەیان جۆر و ناوی هەبووە، ئەوەی بە زاکیرەی ئێمە ئاشنایە و نوێترینە غەنیمە و سەبایا و بە کۆیلەکردن و بە دیل گرتنە، بەڵام دەستدرێژی سێکسی لە دیارترین ئاکارەکانە کە لە کاتی جەنگەکان و دوای جەنگەکان بەسەر جەستەی ژندا دەهێنرێت بە زیندوێتی بێت یان مردوێتی.

 

دەیان نمونەمان بۆ ئەم ئاکارە هەیە، وەک: ژنانی چێژ لە یابان(کە ژنانێکی بە کۆیلە کراو بوون و وەک لەشفرۆش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا بە درێژایی جەنگی جیهانیی دووەم)، دەستدرێژی بەکۆمەڵ لە بۆسنە (کە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدرا بۆ لەناوبردنی ڕەچەڵەکێکی دیاریکراو)، کەوتنی نازییەت و ڕزگارکردنی ئەڵمانیا، نزیکترینیان بە سەبایا کردنی کچانی ئێزیدی بوو لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش.

 

بە کەرەستەکردنی ژنان لەوێدا ناوەستێت کە جەستەی بێ ڕۆحیان ڕۆژانە نیشانمان بدرێتەوە، بەڵکوو درێژە دەکێشێت بۆ ساڵانێکی زۆر دوای تەواوبوونی جەنگەکان و بۆ ڕەوایەتی دان بە کۆمەڵێک ئاکار کە لە جەنگەکاندا پەیڕەو کراون یان گیراونەتە بەر.

 

بەشێک لەم ئاکارە پەیوەندیدارە بەوەی کە دەستدرێژی سێکسی لە جەنگەکاندا بە تاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێت (ئەویش دوای لێکۆڵینەوەی دەیان ساڵە و لە زۆربەی کاتەکاندا ناتوانرێت بسەلمێنرێت، یاخود پرۆسێسی دادگاییکردنەکان نزیکن لە بە کۆتا نەگەیشتن تا بە کۆتا گەیشتن و سزادانی تاوانباران).

 

بەڵام لە بەشی زۆری کاتەکاندا بەکاردێن بۆ دروستکردنی پاڵپشتی و ڕاکێشانی سۆز و سەرنجی دونیا لە بەرژەوەندی لایەکی دیاریکراو.

 

هەموو ئەم هەوڵانە گەر لە پێناوی وەستاندنی جەنگ و بەرقەرارکردنی ئاشتی بێت (گەر کاتیش بێت) هێشتا دەکرێت قبوڵکراو بێت، بەڵام گرفت کاتێکە کە کارەکان هیچکات نەگەیشتونەتە ئاستی ئەوەی کە ئەم جۆرە ئاکارانە و دەیان جۆری ئاکاری دیکە دوبارە نەبنەوە (لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی کەمبونەوەی ڕێژەکان کەم تا زۆر).

 

لە دەیان قۆناغی دیکەدا ژنان دەبنە زەرەرمەندی یەکەم، بە نمونە لەکاتی ئاوارە بوون و نەهامەتییەکانی دوای جەنگ یەکەم شت کە لەناو دەچێت گرنگیدانە بە لایەنە تەندروستییەکانی ژنان کە خۆی لە بچوکترین خزمەتگوزاری و سادەترینیان دەبینێتەوە تا گەورەترینیان، وەک دەستڕاگەیشتن بە سانتی یان دەرمانی ئازارشکێن لە سوڕی مانگانەدا یان پێداویستی پاک ڕاگرتنی جەستە و چارەسەری ئەو جۆرە نەخۆشیانەی ژنان ڕوبەڕویان دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دەیان جۆر نەخۆشی و دەردەداری کە لە کۆتاییدا و دوای تێپەڕاندنی هەموو دۆخەکان تەنیا ژنانن کە بەدەست ئەو ئازارانەوە دەناڵێنن، کە ئێستاکە بۆمان شتێکی زۆر بچوک و شایەنی باسیش نییە، بەڵام کاتێک ژنان ناتوانن و کەرەستەی پێویستیان لەبەردەست نییە لە کاتی سوڕی مانگانەدا، ڕوبەڕوی دەیان جۆری جیاواز لە بەکتریا و ڤایرۆسەکان دەبنەوە کە دۆخی خراپ و نەبوونی کەرەستەی سەرەتایی بۆ لەناوبردنیان وادەکات لە کاتێکی زۆر کەمدا گەشەیەکی زۆر خێرا و سەیر بکەن و ببنە نەخۆشییەکی درێژخایەن و تاهەتایە لە کۆڵی ئەو ژنانە نەبنەوە و سەر بکێشن بۆ نەخۆشی دیکە کە بەشێکیان جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدانە.

 

یەکێکی دیکە لە دیاردە دزێوەکانی ناو کەمپەکان لە دوای جەنگەکان ڕوودەدەن بەکارهێنانی دەستی کاری ژنانە کە دانیشتوی کەمپەکانن بە کرێیەکی کەمتر لەوەی شایستەیانە بۆ ئەو کارە ناوخۆییانەی نزیکی کامپەکانن، بۆ ئەمەش دەیان جۆر نمونەی دیار و جیهانیمان هەیە لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەکارهێنانی ناشایستەی دەستی کاری ئاوارەکان لە سەرتاسەری جیگاندا، بەتایبەت ژنانێک کە منداڵیان هەیە و تەنیا ماونەتەوە و پێویستیەکانیان زۆر زیاترە لەوەی کە دەتوانرێت لە ڕێی ڕێکخراوەکانەوە بۆیان دابین بکرێت.

ئەم ژن و کچانە بەکار دێن لەو هەلیکارانەی کە دەکەونە نزیک کامپەکان، وەک بیناسازی و کشتوکاڵ و چەند جۆرێکی دیکەی کار، کاری قورس و شایستەیەکی کەم کە هەندێک کات ڕۆژێکی تەواو کار دەکەن تەنیا بە بەرامبەری ٥ دۆلار.

 

بەکارهێنانی توانای ژنان لە بونیادنانەوە و دروستکردنەوەی شارە خاپورەکان یەکێکی دیکەیە لەو ئەرکە قورسانەی دەکەوێتە ئەستۆی ژنان، کاتێک ژنانێک دەبینین دوای جەنگەکان تەنیا خۆیان و منداڵەکانیان لە ژیاندا ماون، بەڵام پرۆژەی بچوکی وەبەرهێنان دروست دەکەن و هەلی کار بۆ خۆیان کەسانێکی دیکە دروست دەکەن، بەڵام ڕووبەڕووی دەیان جۆر ڕێگری و بەربەست دەبنەوە، بەهۆی ڕوانینی باوی کۆمەڵگای دوای جەنگەکان یاخود بەکارهێنانەوەی ئەو یاسایانەی کە کورتبینانە لە کاتی خۆیدا نووسراونەتەوە و ئێستا دووبارە کاریان پێ دەکرێت، بە نمونە وەک خاوەن کار ڕەنگە نەتوانن خۆیان بناسێنن لە ترسی بەکارهێنانەوەیان وەک کەرەستە و ئیستغلالکردنیان، بۆیە پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی ناوی پیاوێک کە زۆرینەی جارەکان ئەم کارە بەشێک لە داهاتیان لەدەست دەدات و وادەکات خاوەنداریەتی تەواوی کارەکەیان نەکەن.

 

مرۆڤایەتی هەمیشە و لەگەڵ دۆخە جیاوازەکاندا پێویستی بە پێداچونەوە هەیە بەو بابەتانەی باوەڕی پێیان هێناوە و وەک پرەنسیپ کاریان لەسەر دەکات، کە ئەمە بەشێکە لە کاری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەمیشە پرۆتۆکۆلی نویی هەیە بۆ پاکێجی مافی مرۆڤ و کار لەسەر نوێکردنەوەی باوەڕی گشتی دەکات و ڕێگەی نوێ هەڵدەبژێرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دیاردەکان، ڕەنگە لە داهاتوودا و دوبارە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێویستی بە پێداچونەوە هەبێ بە بیر و باوەڕەکانیدا دەربارەی شەڕ و جەنگەکان.