چیرۆکەکەی ئەمڕۆ تاساندمی!!

ئاشتی حەمەساڵح-مامۆستای زانکۆ

 

ئەمڕۆ لە پاسەکەی بەردەم زانکۆی سلێمانی لە قلياسان سەرکەوتم بۆ ناوبازاڕ، چوومە تەنیشت کچە خوێندکارێک دانیشتم، زۆری پێنەچوو تەلەفۆنێکی بۆ هات و زۆر بە گەرمی باسی سەفەرەکەی دەکرد لەگەڵ خێزانەکەدا بۆ بەلاڕوسیا!.

كە تەواو بوو، لەبەر هەستیاری و مەترسی بابەتەکە خۆمم بۆ نەگیرا و پرسیارم لێکرد :دەرۆی بۆ بەلاروسیا؟!

وتی: بەڵێ

وتم: خوێنکاریت ؟

وتی: بەڵێ قۆناغی چواری کۆلێجی (،،،،) و بەشی (،،،،)

 

منیش زۆر بەلامەوە کارەسات بوو، باسی مەترسی ڕێگەکەم بۆکرد، ئەویش بەباشی گوێی بۆ ڕاگرتبووم!، پاشان باسی گرنگی خوێندنەکەیم بۆ دەکرد، حەزم نەدەکرد ڕێگاکە تەواو ببێت!!!، زۆرم وت لەبارەی ئەو ڕەنجەی کەداوێتی با بە فیڕۆ نەڕوات!.

هەرچەندە هەردووکمان کەمامەمان بەستبوو، بەڵام من هەستم بە هەناسەی سارد و ڕەنگی پەڕیوی دەکرد، دوای قسەکانم چاوەکانی بەرز کردەوە و تەماشای کردم و ووتی: ئەی بەچی بژین خوێندن قيمەتی نەماوە؟!

وتم هەرچۆنێک بێت تۆ قۆناغی چواریت، بووەستە تا تەواوی دەکەیت دووایی بڕیار لەسەر ڕۆیشتن بدە!، وتی ئاخر ئێستا کەسێکم پارەمان بۆ دەدات ، ئەوەتا هەمووی دەڕوات، ئەترسم دووایی پەشیمان ببێتەوە و پارەکەمان بۆ نەدات!! یان ئەم دەرفەتەش نەمێنێت!!

کە لەپاسەکە دابەزین وتم ئەوە پێشنیاری منبوو، خۆت چی بە مەسڵەحەت دەزانیت ئەوە بکە بەباشی بیرێکی تری لێ بکەرەوە!!!

زۆرسوپاسی کردم ، بەڵام من گریام !!

وتم دوای دایک و باوک خوێندن دۆستمانە، تکایە با ئاگامان لە ڕۆڵەکانی ئەم نیشتیمانە بێت، با هاوکاری گەبجەکانمان بکەین، با هیوا و ئومێدیان پێ ببەخشینەوە.

با چاوەڕوانی کەس نەبین!