بۆچی من بێدەنگ بم؟

لاڤە کوردە – ڕۆژنامەنووس

ئەو کۆمەڵگەیەی کە بێدەنگی و دەنگ نزمی ژنی کردووە بە پێوانە بۆ بوونی ژنێکی باش، بەڵام دەنگ بەرزی پیاو واتە پیاوێکی ئازاو بەغیرەت، هەر ئەو کۆمەڵگەیە کاتێک ژنێک لە بەرامبەر دەسەڵات بەدەنگ دێت و قسەی دەبێت، بێدەنگی دەکات، بەڵام کاتێک پیاوێک قسە دەکات هەمووان بە پیاوێکی بوێرو چاونەترس و هتد...ی دەزانن.

 

بە تایبەتتر لە ڕاگەیاندندا سەرنج بدەین، هەمیشە هەوڵی بێدەنگکردنی ئەو ژنانە دراوە کە ویستویانە لەڕێی ڕاگەیاندنەوە دەنگیان هەبێت و دەوروبەری خۆیان لە ڕاستییەکانی نادادپەروەری، نایەکسانی و هەموو جۆرە گەندەڵییەک و پێشێلکارییەک هۆشیارو ئاگادار بکەنەوە، نزیکترین و زیندووترین نموونە خۆم، کاتێک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی و رادیۆیی بەشدار بووم هەمیشە پێم وتراوە، ئاگاداری خۆتبەو قسە مەکە، تۆ دایکیت و دوو منداڵ هەیە، ڕاستە لە خەمی مندان، بەڵام بۆچی دەبێت لە بەرامبەر وتنی ڕاستییەکان مەترسییم بۆ دروست ببێت؟ ئەی بۆ کاتێک پیاوێک هەمان قسەکانی من دەکات و ڕاگەیاندن بەهەمان مەبەستی من بەکاردەهێنێت پیاوێکی ئازایە و هانی بەردەوامی دەدرێت؟

 

 

ئەم بێدەنگ کردنەی ژنان، دوورخستنەوەیان لە ڕاگەیاندن هەمیشە لەبەرچاوە، هەر لە خێزانەوە تا دەوروبەرو تا ئەو بزووتنەوەو گروپانەی وەک گروپێکی تیرۆرستی مامەڵە دەکەن و ناسراون، یەکەم کاریان سەرکوت کردن و بێدەنگ کردنی ژنانە، سەرەتا لەڕێی ڕاگەیاندنەوە، وەک تاڵیبان کاتێک لە ئابی ٢٠٢١ەوە دەسەڵاتیان لە ئەفغانستان گرتەوە دەست، لەناو هەموو پێشێلکاریی و قەدەغەکارییەکانی ژنان، کە قەدەغەی خوێندن و کارکردن و هتد،،، قەدەغەی ژنان بۆ کاری ڕاگەیاندنیش کرا، وتیان نابێت دەنگی ژنان ببیسترێت.

 

دوایین قەدەغەکاری بەرامبەر ژنان، لەدوای کەوتنی بەشار ئەسەد لە سووریا لەدوای ٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ زەقتر بووەوە، گروپەکانی بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە دەسەڵاتیان وەرگرتووە، پێشێلکاری جدی بەرامبەر ژنان دەکەن، واتە ژنان دەکەنە ئامانج بۆ بێدەنگکردنیان، لەناو ئەو بە ئامانجکردنانە قەدەغەکردنی ژنانە لە راگەیاندن، لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە ئیدلب، یەکێک لە شارەکانی سووریا، قەدەغەکرا ژنان بچنە بەشی راگەیاندن و بخوێنن، ئەمە پێمان دەڵێت ژنان بێدەنگ دەکرێن، دەنگی ڕاستینەی ژنان لە راگەیاندن دوور دەخرێتەوە.