بۆچی خۆپاراستن پێویستییەکی سەرەکییە بۆ ژنان؟

هێلین هارون چەکدار - نووسەر

کاتێک خاک و جەستەی ژنان لە ژێر هێرشی دڕندانەدان، مەحاڵە بەبێ پاراستنی جەوهەری بژین. لە کاتێکدا سەرەتاییترین ئامرازەکانی سەرمایەداری وەک دەوڵەت، خێزان، بکوژی کاستیک و هەڕەشەی داعش هەبێت، ژنان چۆن دەتوانرێت بپارێزرێن؟

 

لە کۆمەڵگەی سرووشتییەوە ژنان دوای ئەوەی هەموو بەها، دەستکەوتەکانیان زەوتکرا تا ئەم ساتە بێکەس و بێ هیچ شتێک مانەوە. مەحاڵە گەواهیدەری ئەو ئازارانە بین کە بەدرێژایی سەدەکان کەڵەکە بووە. ویژدانەکان بێدەنگ بوون، ویژدانەکان مردن.

 

ژنان لێیان دەدرا، ئەشکەنجەیان دەبینی، بە زیندووی دەنێژران، سوکایەتییان پێ دەکرا، دەنگیان دەبڕدرا و دەکوژران. هەموویان بە ئازارێکی زۆرەوە دەژیان. وەک دایکێک، وەک هاوژینێک، وەک خۆشەویستێک، وەک خوشکێک و وەک منداڵێک ئازاریان چەشتووە. بەبێ ئەمانە نەیاندەتوانی ناسنامە و ئەرکێکیان هەبێت.

 

هەموو کەسێک، هەموو پیاوێک، مافی ئەوەی دۆزییەوە کە لەسەریان قسە بکات؛ بەڵام نەیانتوانی یەک وشە بۆ خۆیان بڵێن. ژنان چەندین سەدە زنجیری کۆیلایەتی لە دەست، پێ، پەنجە و مل، بە کورتی لە هەموو خانەیەکی جەستەیان کراوە. هەبوونی ماددی و جەستەیان پارچە پارچە فرۆشرا. ئێستاش دۆخەکە وەک خۆیەتی.

 

بۆ نموونە: لە ڕۆژئاوا دەبینیت هەندێک لە ئەندامانی چەتەکانی داعش دێنە دەرەوە، ژنە دیلەکان نیشان دەدەن و دەڵێن: "بەهای ئەمانە بە ئەندازەی پیازێکە، هەرکەسێک پارەیان بۆ بدات، ئەوانە دەبێت". چ چەتەیەکی دڕندەی جیهادی بێت یان درەوشاوەترین سەرمایەداری... لە چاوی ئێمەدا هیچ جیاوازییەک نییە. هەردووکیان ئەو ژنانە داگیردەکەن کە ژیان درووست دەکەن، پارچە پارچەیان دەکەن، کە مانای ژیانن.

 

جا قەفەسێکی ئاسنی ژەنگاوی بێت یان قەفەسێکی شووشەی ڕازاوە؛ هەردووکیان دەرگای سەرمایەن کە ئیرادەی ژن دەشکێنن و دەیکەن بە موڵک.

 

لە جیهاندا تەقریبەن هیچ یاسا، ڕێسا و کایەی ژیانێک کە ژن بپارێزێت، مافەکانی بپارێزێت و مرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات نییە. لەم ژیانەدا تەنها ژن خاوەندارێتی لە ژن کردووە. ئەگەر دوژمنیشی بێت، تەنها ژنێک دەستی بۆ ژنێکی دیکە درێژ کردووە، هاوکاری کردووە، فرمێسکەکانی سڕیوە و نانی لەگەڵدا دابەش کردووە. لە جیهان ژندا هەستی دوژمنایەتی، دڕندەیی و خیانەت نییە. لە سرووشتی ژندا شتێکی لەو جۆرە نییە. هەموو ئەم درووستکردن و زیهنیەتە بکوژی کاستیکە.

 

بەڵام بۆ ئەو ژنانەی کە بوونەتە "پیاو"، واتە زیهنیەتی پیاویان قبوڵ کردووە، وەریانگرتووە و جێبەجێیان کردووە، لە ڕووی ئەخلاقییەوە گونجاو نییە بڵێین "ژن ژیان درووست دەکات". هەندێک تایبەتمەندی هەیە کە ژن دەکاتە ژن؛ ئەگەر ئەم تایبەتمەندیانە نەبن، ئەو ژنە بووەتە پیاو و بە واتایەکی تر ژنێکە لە زیهنیەتی کۆیەلایەتی دەژی. تەنانەت وشەی "ژن"یش بۆ ئەوان نائەخلاقییە.

 

وەک وتم، تەنها ژن خاوەندارێتی لە ژن کردووە. لە ڕێگەی چالاکی و ناڕەزایەتییەوە ژنان لەسەر شەقامەکان و بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوون بە یەک و لە دژی زیهنیەتی پیاوسالاری بکوژی کاستیک تێکۆشانیان کرد. هێرشەکانی دەوڵەت، سوپا، پۆلیس، جەردەوانان و میت لە دژی ئەم چالاکییانە، واقیعی ترسناکی زیهنیەتی بکوژی کاستیکی ئاشکرا کرد. بە تایبەتی میت، لەو ناوچانەی کە شۆڕشی ژنان بەهێزە - لەوانە چیاکان-سیاسەتی شەڕی تایبەتی لە دژی ژنان ئەنجام دا.

 

لە دژی گۆڕەپانەکانی ژنان کە پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن، بکوژی کاستیک پەرەی پێدەدرا و ئەو ژنانەی پێشەنگایەتی تێکۆشانیان دەکرد، کرانە ئامانج و کوژران. ئەمانە ڕاستی مێژوویی و هەنووکەیین. لە کوردستان و تورکیا لە دژی ئازادی ژن و لە دژی ڕزگاری ژن، سیاسەتی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبرێت.

 

بە تایبەتی ئەوە ڕوونە کە ئامانجی حکومەتی ئاکەپە لە ڕاگەیاندنی ساڵی ٢٠٢٤ وەک "ساڵی خێزان" پەرەپێدانی زیهنیەتی بکوژی کاستیکە. ئەم ڕاگەیاندنەی "ساڵی خێزان" بۆ ساڵی ٢٠٢٤ دەبێت وەک لێدانێک لە دژی تێکۆشانی ژنان و وەک ساڵێک بۆ بەرەوپێشبردنی بکوژی کاستیک بخوێنرێتەوە. چونکە دەزانرێت مەبەستی حکومەتی ئاکەپە بۆ خێزان چییە.

 

کۆیلایەتی بەسەر ژیانی ژناندا دەسەپێنرێت و پێیان دەوترێت "با ژنان لە ماڵ بن، با دایکی منداڵ بێت"؛ هەروەها لە هەموو ڕوویەکەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن. دەیانەوێت بڵێن "سەر، دەم، ئیرادە و دەنگت بگرە". ئەمە سیاسەتە زۆر بە زانابوون ئامادەکراوە و بە خەسڵەتی ئەمینە ئەردۆغان "مۆدێلی ژنیی خێزانی نمونەیی" نیشان دەدرێت.

 

لە ڕاستیدا هەموو ئەمانە دژەیەکن کە لە دژی پڕۆژەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ناسنامەی ژنی ئازاد درووست کراوە. ڕێبەر ئاپۆ لە بەرگرینامەکانییدا و لە زۆرێک لە هەڵسەنگاندنەکانیدا بە وردی و بە زانیاری مێژوویی ئەو سیستەمەی دەوڵەت و خێزان کە بەربەستێکە لە بەردەم ناسنامەی ژنی ئازاددا ئەناڵیزەی بۆ کردووە. بۆ ئەوەی وەک ناسنامەی ژنی ئازاد دەربکەوێت، بوێری و فیداکاری لە دژی زیهنیەتی ئەو دامەزراوانە نیشانداوە.

 

ڕێبەر ئاپۆ خێزان وەک "مۆدێلی پرۆتۆ-دەوڵەت" شی دەکاتەوە، نیشانی دا کە چۆن کەسایەتی خێزان لە کوردستان خزمەت بە کۆیلایەتی ژن دەکات و بە کوشتنی ژن بە لەژێر ناوی "نامووس"ـەوە ژیان چۆن دەکوژرێت. وە نیشانی هەموو گەلانی داوە کە نامووسی ڕاستەقینە جەستەی ژن نییە؛ نامووس پاراستنی خاک و ژیانە.

 

'لە دژی کۆنسێپتی نامووس کە لە واقیع دابڕاوە، شۆڕش مەرجە'

کۆنسێپتی نامووس؛ لە ئەفسانەی یۆنانیدا وەک وشەیەک بە واتای "بنەمای دامەزرێنەر" یان "بنەمای گشتی" دێت. لە تورکیادا بە دوو شێوازی جیاواز لە فەرهەنگی زمانی تورکیدا ڕوون کراوەتەوە: یەکەمیان "پاپەندبوون بە یاسا ئەخلاقی و بەها کۆمەڵایەتییەکان و داوێنپاکی"، و ئەوەی دیکەیان "ڕاستگۆیی و ڕاستبوونە".

 

بەکورتی ئەم پێناسانە نیشانمان دەدەن: ئەوانەی زیهنیەتی پیاوسالاریین، تەنها لەمەوە وشەی "داوێنپاکی"یان وەرگرتووە، بەو پێیەی داوێنپاکی تەنها لە ژن و جەستەی ژندا دەبینن، پێیان وایە نامووس پێوانێکە کە ژنان دەبێت لەسەری بژین. ئەم دۆخە بووەتە داب و نەریتی و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بە "ژن نامووسی پیاوە" گوازراوەتەوە.

 

ڕێبەر ئاپۆ ئەم چەمکە "ژن نامووسی پیاوە" کە بەرهەمی زیهنیەتی پیاوسالارییە، گەیاندنی بە پێناسەی ڕاستەقینەی خۆی؛ ڕایگەیاند، ژن ژیانە و خاک نامووسە.

 

ئەمڕۆ کاتێک مرۆڤ لە واقعی شەڕی ڕۆژئاوا دەڕوانێت، دەبینێت گەلی کورد بۆ پاراستنی خاکی خۆی و دەستەبەرکردنی ئازادی خۆی لە بەرخۆدانێکی بێ‌وێنەدایە. لە منداڵە تا گەنج و پیر هەمووی چەکی هەڵگرتووە و خاکەکەی لە دژی داگیرکەران دەپارێزێت. ئەمە بەرگری ڕەوای خۆپاراستنی گەلێکە کە قڕکردن بەسەریدا دەسەپێندرێت. کەس ناتوانێت دژی ئەم هونەری بەرگرییە بڵێت "بۆچی ئەمە دەکەیت؟" ئەمە ناچارییەکە.

 

گەلی کورد، لە سەروبەندی ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ـی شوبات، لەبەردەم پیلانگێڕییەکی نوێی نێونەتەوەییدایە. لەبەرانبەر هەموو ئەو هێرشانەدا، ئەو هیوایەی کە گەلی کورد بەرگری لە خۆی نەکات، ئەگەر بە سووکیی باسی بکەین، کوێربوونی سیاسی و مێژووییە. گەلێک کە بەرگری جەوهەری نەبێت، گەلێکە کۆتایی پێهاتووە، بەڵام گەلی کورد ئیدی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر لە دەوری یەکێتیی نەتەوەیی یەکدەگرێت. تا هێرشەکان زیاتر بن، یەکێتی و یەکپارچەیی بەهێزتر دەبێت.

 

ئەو کەسەی هێڵی بەرخۆدانی درووست کرد کە دەبێتە هەوێنی ژیان و تێکۆشان، ڕێبەر ئاپۆیە. ئەو هەڤاڵ و ژنانەی ڕاستی و واقیعی ڕێبەر ئاپۆیان کردۆتە هەوێنی ژیانی خۆیان. ژنان لە پێشەنگی ستراتیژی بەرگری جەوهەرییدان و بە خوێن، گیان و سەری خۆیان ئەم تێکۆشانە بەڕێوەدەبەن. کاتێک خاک و جەستەی ژن لە ژێر هێرشێکی دڕندانەدایە، مەحاڵە بەبێ بەرگریکردن لە خۆیان بژین. چۆن ژنان بێ پاراستن بمێننەوە لە کاتێکدا سەرەتاییترین ئامرازەکانی سەرمایەداری وەک دەوڵەت، خێزان، بکوژی کاستیک و هەڕەشەی داعش بوونیان هەیە؟

لە شەڕی ڕۆژئاوا بینیمان ئەگەر ژنان لە بەرانبەر هەموو هێرشە گڵاوەکانی دوژمندا شەڕ نەکەن و بەرگریی جەوهەری خۆیان بنیات نەنێن، لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکەن و جگە لە خۆیان کەس نییە بیانپارێزێت. ئێمە گەواهیدەری ئەوە بووین هاوشان لەگەڵ ڕای گشتی جیهانی، کە چۆن ژنان پێشەنگایەتی گۆڕەپانەکانی شەڕیان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" کرد لە پێناو هەموو ژناندا. ئەمەش بەبێ هۆشیاری خۆپاراستنی جەوهەری و ڕێکخستنبوون ئەستەم بوو.

 

'ژنان چۆن هێزی خۆپاراستنی جەوهەرییان بەدەستهێنا'

ژن ڕابردووی خۆی، مێژووی خۆی، ناسنامەکەی، ڕێکخستنی خۆی، ڕەنج و هێزی خۆی یەکدەخات. بۆ ئەمەش سەرەتا دەبێت هۆشیارییەکی هاوبەشی تێکۆشان درووست بکەن. دەبێت هەموو ئەمانە بزانن بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن. هیچ دامەزراوە و کەسێک ناتوانێت ئەم مافەیان پێبدات، هەروەها ناتوانێت لێیان بسەنێتەوە. ستراتیژی خۆپاراستنی جەوهەری؛ پێگەیەکی بەرگرییە کە دەتوانن لە ناسنامەی جەوهەری و بە یەکێتی جەوهەری خۆیان بونیادی بنێن.

 

جیۆپۆلیتیکی ژن و جیۆستراتیژی ژن تەنها لەسەر بنەمای خۆپاراستنی جەوهەری بنیات دەنرێت. لە زانستی ژناندا، ژنۆلۆژی، دەبێت هۆشیاری و شێوەگرتن دابین بکرێت. پێوانەی ڕزگاری ژن دەبێت بە هەر چوار دەست بگیرێت و هۆشیاری خۆپاراستنی جەوهەری بۆ هەموو ژنان بگوازرێتەوە.

 

هیچ هێزێک ناتوانێت بەسەر هێزی ڕێکخراوی ژناندا زاڵ بێت؛ گەورەترین نمونە لەبەرچاوە، لە چیاکانی کوردستان لەلایەن ژنە گەریلاکانەوە نیشاندرا. شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشی ژنان ناسێندرا و گەلی کورد بە گشتی و بەتایبەت ژنان تا ئێستاش لەسەر بنەمای ئەو پێوانەی خۆپاراستنی جەوهەرییە خۆیان بەڕێوەدەبەن. لەژێر ئەم پێشەنگایەتییەدا دەبێت ژنان یەکێتیی خۆیان بپارێزن، پتەوتر بکەن و بە یەکێتیی خۆیان ڕێکبخەن. جگە لەمەش هیچ ڕێگەیەکی دیکەی چارەسەریی نییە.

 

ڕێبەر ئاپۆ خاوەندارێتی لە ڕەنج و فیداکاری ژنانی شۆڕشگێڕ دەکات و ئەوە نیشان دەدات کە لەگەڵ هەموو ژنانە. ئەم سەردەمەی ئێمە تێیداین وەک "سەردەمی قارەمانێتی ژن" ڕاگەیاندراوە. ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا قارەمانێتی ژنان خاوەندارێتی لێ دەکرێت. هەوڵەکانی ژنانی کورد کە بە ئازارێکی بێ وێنە پێشوازییان لە هەموو ژنانی جیهان کرد، جێپەنجەیەکی لەبیرنەکراوی لەسەر مێژوو بەجێهێشتووە.

 

ئەو حەقیقەتەی ژیان کە لە کەسایەتی ژندا ون بووبوو، لە ڕێگەی بەرخۆدانی ژنانی شەڕڤانەوە بەدەست هێنرایەوە و ئەو ژنانە بوون ژیانیان گەیاندە حەقیقەتێکی نوێ.

 

ڕێبەر ئاپۆ "سەردەمی قارەمانێتی ژنی"ـی ڕاگەیاند؛ ئیدی تەنها ئەوە دەمێنێتەوە کە ژنان خاوەندارێتی لەم مێژووە بکەن و ڕێکخستنی خۆیان زیاد بکەن و هەوڵ بدەن تا دەگەنە هەموو ژنان. ڕێکخستن لە هۆشیاری خۆپاراستنی جەوهەرییدا، تاکە دەرمانە بۆ ژیانی ژنان. ژنان گەیشتوونەتە ڕێکخستنی میلیۆنان؛ لێرە بەدواوە دەگاتە ملیۆنان ژنی تر.