"بەچکەکانی خەلافەت"... منداڵە لەبیرکراوەکانی جەنگ
ڕۆژنامەنووس سەوسەن ئەمین خەلەف- دیپلۆماس لە کۆنگرەی ستار
دەوڵەتی ئیسلامی تەنها قەوارەیەکی سەربازی یان گروپێکی توندڕەوی ڕاگوزەر نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی ئایدیۆلۆژی بوو کە پێش چەک وەبەرهێنانی لە مرۆڤەکاندا دەکرد، منداڵیش پێش چەکداری،لە ساتەوەختی فراوانبوونی بەربڵاوی لە سووریا و عێراقەوە، ڕێکخراوەکە بۆی دەرکەوت کە مانەوەی نەک تەنها پەیوەستە بە کۆنترۆڵکردنی خاکەوە بەڵکو بەندە بە بەرهەمهێنانەوەی خۆی لە نێوان نەوەکاندا، منداڵی بووە یەکێک لە مەترسیدارترین مەیدانەکانی شەڕ، ئەگەرچی ڕاگەیەندراو نەبووە، کە سەرنجی تەواوی خۆی لەسەری چڕکردۆتەوە، بەتایبەتی دوای ڕووخانی بەناو "خەلافەت".
لە ڕووی جوگرافیاوە، لە مانگی ئاداری ٢٠١٩، لە دوای شەڕی باغۆز، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی ڕاستیەکی بێ وێنە بووەو، کە بوونی دەیان هەزار ژن و منداڵی سەر بە ڕێکخراوەکە، لەنێویاندا هەزاران منداڵ هەبوون کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لەدایک بوون یان لە ژێر ئایدۆلۆژیاکەیدا گەورە بوون، کەوتوونەتە ژێر بەرنامەی ئیندۆکتریناسیۆنی ڕێکخراو کە بە "بەچکەکانی خەلافەت" ناسراون.
پرسیارەکە لەو قۆناغەدا تەنها پرسێکی ئەمنی نەبوو، بەڵکو پرسیارێکی ڕەوشتی و یاسایی و مرۆڤیە، ئەم منداڵانە کێن؟ ئایا قوربانین یان بۆمبی کاتین؟زززز بەرپرسیارێتی دەسەڵاتە خۆجێییەکان لە کوێوە دەست پێدەکات و بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە بەشداری شەڕی دژی ئەو ڕێکخراوەیان کرد و دواتر لە دەرئەنجامەکانی کشایەوە لە کوێوە کۆتایی دێت؟
زاراوەی "بەچکەکانی خەلافەت" ئاماژەیە بۆ ئەو منداڵانەی کە داعش لە چوارچێوەی بەرنامە ڕێکخراوەکانی ئیندۆکتریناسیۆنی ئایدیۆلۆژی و سەربازیدا کردنیە ئامانج، ئەم منداڵانە یەک گروپ نەبوون، بەڵکو تێکەڵەیەک بوون لەو کەسانەی کە لەناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانی ڕێکخراوەکەدا لەدایک بوون، ئەوانی تریش کە ڕفێندراون یان وەرگیراون لە شار و ناوچەکانەوە کە لەدوای هێرشەکانی ڕێکخراوەکە دەستی بەسەردا گیراون، ئەمە جگە لە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بە زۆرەملێ بردراون بۆ کامپەکانی مەشق و ڕاهێنان.
وەک لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش یونیسێف و هیومان ڕایتس وۆچ لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەڵگەی لەسەر کراوە، داعش کامپەکانی بۆ منداڵان دامەزراند کە تیایدا مەشقی چەکیان پێدەکرا، لەگەڵ ئیندۆکترینکردنی ئایینی ئایدیۆلۆژی، هەروەها سەیری دیمەنەکانی توندوتیژی و لەسێدارەدانیان دەکرد وەک بەشێک لە پرۆسەی "ئاساییکردنی خوێن"، ئەمەش ئامانجی تەنها ئامادەکردنی چەکدارانی گەنج نەبوو، بەڵکو شکاندنی بەربەستی دەروونی نێوان منداڵی و توندوتیژی و گۆڕینی منداڵ بوو بۆ ئامرازێکی گوێڕایەڵ و کاریگەر، کە تایبەتمەندییە یاسایی و مرۆییەکانیان لەڕادەبەدەر ئاڵۆز دەکات، چونکە توخمەکەی قوربانیبوون لەگەڵ مەترسییەکی ئەگەریدا تێکەڵ دەکەن ئەگەر بەبێ دەستێوەردان بمێننەوە.
دوای ئازادکردنی باغۆز، خێزانەکانی داعش گواسترانەوە بۆ کامپەکان، دیارترینیان هۆل و ڕۆژ بوو، ئەم کامپانە بە واتای یاسایی وەک ناوەندی سزا یان دەستبەسەرکردن دانەمەزراون، بەڵکو وەک ڕێوشوێنێکی پێویست دامەزراون کە بەهۆی نەبوونی هیچ پلانێکی نێودەوڵەتی بۆ جێگیرکردنی ئەم ژمارە زۆرەی خەڵک، کامپی هۆل کە لە سەرەتادا لە ساڵی ٢٠١٩ وەک گەورەترین کۆبوونەوەی خێزانەکانی داعش لە جیهاندا دامەزراوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی هیومان ڕایتس وۆچ تا ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٥٦ هەزار کەسی تێدابووە، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئێمە لەبەردەم قەیرانی منداڵی بەکۆمەڵداین، نەک تەنها پرسێکی ئەمنی.
منداڵانی ئەم دوو کامپە دادگاییکردنی تاوانکارییان نەخراوەتە بەردەم، هەروەها لە زیندانە نەریرتییەکانیشدا نیشتەجێ نەکراون. بەڵکو لە کامپی داخراو یان نیمچە داخراودا دەژیان بەهۆی نیگەرانی ئەمنی و نەبوونی جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ چاودێریکردنیان، جیابوونەوەی هەندێک لە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە دایکەکانیان لە حاڵەتی تایبەتدا ڕوویدا کە پەیوەندییان بە بەشداریکردنی دایکانەوە لە توندڕەوی توندوتیژ یان بەکارهێنانی منداڵان لە چالاکییەکانی ناو کامپەکەدا هەبوو، ئەم ڕێوشوێنانە لە ڕاپۆرتەکانی هیومان ڕایتس وۆچ و یونیسێفدا بەڵگەدارکراون، کە بە ڕوونی جەختیان لەسەر پێویستی فراوانکردنی بەرنامەکانی چاکسازی کردووەتەوە نەک تەنها گۆشەگیرکردنی منداڵەکان.
سەرەڕای شکستی سەربازی داعش، ئایدۆلۆژیاکەی لەناو کامپەکاندا نەماوە، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن هیومان ڕایتس وۆچ و ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕادیکاڵبوون بڵاوکراونەتەوە، تۆڕەکانی ژنانی سەر بە ڕێکخراوەکە لەناو کامپی هۆلدا بەردەوام بوون، ئەم تۆڕانە جۆرێک لە "پۆلیسی ڕەوشت"یان سەپاند و منداڵان و هەرزەکارانیان خستە ژێر وتاری ئایینی توندڕەو.
هەروەها لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییەکان و ڕاپۆرتە ئەمنییەکانیش شایەتحاڵی پەیوەندییە سێکسییەکانی زۆرەملێ یان ڕەوای ئایینی لەنێوان ژنان و هەرزەکارانی داعشدا لەخۆ گرتووە، بە دروشمی "بەردەوامبوون بە ڕەچەڵەکی جیهادی"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی توندڕەوی لە چوارچێوەی ژینگەیەکی داخراو و هەژاری دەروونی و کۆمەڵایەتیدا.
هەروەها دەستدرێژی کردنە سەر ژنێکی بەتەمەن لەلایەن سێ کەسی هەرزەکار لە شاری ڕەققە لە ساڵی ڕابردوودا، لە بەرامبەر دزینی بتێلک غازدا، ناتوانرێت لەم چوارچێوەی فراوانتر جیابکرێتەوە، لە کاتێکدا کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی ڕووماڵی ڕووداوەکەیان کرد بە تاوانێکی شۆککەر، شارەزایان بە ڕەنگدانەوەی شکستی بەکۆمەڵیان زانی، ئەم منداڵە کەم تەمەنانە بە تاوانبار لەدایک نەبوون، بەڵکو لە ژینگەیەکدا گەورە بوون کە منداڵی بێبەشی کردوون و توندوتیژی ئاسایی کردووەتەوە و سنوورە ڕەوشتیەکانی لە مێشکیاندا شکاندووە و لە بۆشایییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی کوشندەدا بەجێیانی هێشتووە.
لێرەدا پرسیارەکە بۆ پاساوهێنانەوە نییە بۆ تاوانەکە، بەڵکو تێگەیشتنە لە ڕێڕەوەکەی: چۆن منداڵ دەبێت بە دەستدرێژکار و جیهان لە کوێ بوو لە کاتێکدا هۆشیاری ئەم منداڵانە لە قاڵب دەدرایەوە؟
لەناو ئەم دیمەنە ئاڵۆزەدا، زیندانی ئەقتان لە ڕەققە وەک نموونەیەکی توند دەردەکەوێت کە چۆن پرسی منداڵانی پەیوەست بە داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەدەبرێت، ساڵانێکە ئەو زیندانە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بووە و وەک دەستبەسەرکردنی ئەندامانی داعش و هەروەها منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بەکارهێنراوە، کە هەندێکیان تۆمەتبارکراون بەوەی سەر بە داعشن یان پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، لە نەبوونی پرۆسەیەکی دادوەری ڕوون یان پێناسەیەکی یاسایی گشتگیر بۆ دۆخەکەیان، کە لە ڕاپۆرتەکانی جەزیرە نێت، ئاژانسی هەواڵی هاوار و یۆرۆنیوز عەرەبی لەناو دۆسیەکانیاندا سەبارەت بە زیندانەکانی ڕێکخراوەکە و بەشەکانی هەرزەکاران باسی لێوەکرا.
زیندانی ئەقتان لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٦ بە گواستنەوەی بەڕێوبەرایەتیەکەی بۆ حکومەتی کاتی سووریا گەڕایەوە پێشەنگی سەرنجی میدیاکان، دوابەدوای ئەوە ١٢٦ منداڵ دوای پێداچونەوە بە کەیسەکانیان ئازاد کران، وەک وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایدەگەیەنێت، دیمەنەکانی ئازادکردنی منداڵەکان دیالۆگی دەوری یاساییبوونی دەستبەسەرکردنی منداڵانی لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا هەڵگیرساندەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گەواهیەکانی دوای ئازادکردن کە وردەکارییەکانی مامەڵەکردنی خراپ، بارودۆخی توندی دەستبەسەرکردن و نەبوونی پشتیوانی دەروونی و بەرنامەکانی چاکسازی کۆمەڵایەتی، وەک لە ڕاپۆرتە مرۆییەکاندا هاتووە کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەرەبی و ناوخۆییدا بڵاوکراونەتەوە.
لە بەرامبەر ئەو ڕەخنانەدا، بەڕێوبەرایەتی زیندانەکانی خۆبەڕێوبەری ڕوونیکردەوە، کە ژمارەیەک منداڵ بە ئارەزووی خۆیان دەستبەسەر نەکراون، بەڵکو بە پشتبەستن بە سکاڵای فەرمی سەبارەت بە بەکارهێنانیان لەلایەن داعشەوە لە چالاکییە مەترسیدارەکانی ناو شاری ڕەققەیە، ئەم چالاکییانە بریتی بوون لە دامەزراندنی زۆرەملێ، بەکارهێنانی سێکسی، تێوەگلان لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و بەشداریکردن لە پێکهێنانەوەی خانە خەوتووەکان، بەپێی ڕاگەیاندراوە فەرمییەکان کە لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەرەبیەوە بڵاوکراونەتەوە، بەڕێوبەرایەتیەکە جەختی لەوە کردەوە، کە گواستنەوەی ئەو منداڵانە بە هۆکاری ئەمنی و ڕێکخراوەیی بووە، بە لەبەرچاوگرتنی مەترسی جێهێشتنیان لە ژینگە کراوەکاندا بەبێ چاودێری و سانسۆر، هەروەها بەرنامەکانی چاکسازی لە چوارچێوەی ئەو بەشانەی کە بە تایبەتی بۆ هەرزەکاران دیاریکراون پێشکەش دەکرێن.
جگە لەوەش بەکارهێنانی پرسی منداڵانی پەیوەست بە داعش وەک چەکێکی سیاسی دژی خۆبەڕێوەبەری بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە هەستیاری ڕەوشتییەوە، ئەمەش ڕێگە دەدات بە شێواندنی تەواوی ئەزموونێکی سیاسی لە ڕێگەی پرسێکی مرۆیی ئاڵۆزەوە، بەبێ ئەوەی جێگرەوەیەکی پراکتیکی پێشکەش بکرێت یان لێپرسینەوە لەو وڵاتانە بکرێت کە ڕەتیدەکەنەوە هاوڵاتییان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان یان پارە بۆ بەرنامەکانی چاکسازی خۆیان دابین بکەن.
هەمان ئەو جیهانەی دەسەڵاتە خۆجێیەکان بەرپرسیار دەکات لە پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان، هەمان ئەو جیهانەیە کە لە کامپەکاندا وازیان لێدەهێنن و ڕەتیدەکانەوە پشکی خۆیان لە بەرپرسیارێتی یاسایی و مرۆیی هەڵبگرێت، ئەم منداڵانە یان "بەچکەکانی خەلافەت"، بارگرانییەکی ناوخۆیی نین لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵکو بەرهەمی شکستێکی ئاڵۆزی نێودەوڵەتین، شەڕێکە دژی تیرۆر کە لەسەر زەوی بەڕێوەچوو، دواتر دەرئەنجامەکانی بۆ ئەو کەسانە جێهێڵدرا کە مابوونەوە.
ئەم منداڵانە یان دەبێت وەک زیانلێکەوتووی ململانێ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، مافی منداڵی و چاکبوونەوە و یەکگرتنەوەیان بۆ بگەڕێتەوە یان بەجێدەهێڵرێن تا ببنە سووتەمەنی بۆ سووڕێکی نوێی توندوتیژی.
لە نێوان ئەم دوو بژاردەیەدا، هیچ ناوچەیەکی خۆڵەمێشی ڕەوشتی نییە، بێدەنگی نێودەوڵەتی ناتوانرێت بە بێلایەنی هەژمار بکرێت، چونکە هاوبەشی ناڕاستەوخۆیە لە بەردەوامکردنی کارەساتەکەدا.