بە توركمانیكردن لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە

نیاز عەبدوڵا- ڕۆژنامەنووس

بەخشینی ناسنامەی توركی ساختە بە شار و شارۆچكە و گوندەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتیمانی لە كاتی هەڵبژاردنەكان، مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر خودی پێكهاتەی توركمان و دروستكردنی گۆڕانكاری دیمۆگرافی بێبنەما لە هەرێمی كوردستان.

 

ئەو ئاڕاستەكردنە حیزبییەی گوایە لەگەڵ بەرگریكردن لە مافی پێكهاتەكانە، بەم ستراتیژە نەك بەرگری لە مافەكانی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان ناكەن، بەڵكو جارێكی دیكە دەست وەردەدەنە بژاردە و خواستی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەك ئەوەی لە كاتی بوونی ١١ كورسی كۆتاكاندا دەیانكرد و ڕێگایان نەدەدا پێكهاتەكان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵببژێرن و كرابوون بە پاشكۆی پارتی دیموكرات.

 

لە كاتێكدا ڕێژەی كاكەییەكان لە پارێزگای هەڵەبجە و چەندین شاری دیكەی كوردستان بەرزە، بەڵام هاریكاریان نابن لە بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمانی تا نوێنەرایەتی خۆیان بكەن، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی رێككەوتن و گەمەی سیاسی نابەرپرسانە لەگەڵ دەوڵەتی توركیا، جارێك چۆمان، ئێستاش رانییە و ئاكرێ وەك شاری توركمانی دەناسێنن لە ڕێگای هەڵبژاردنەكانەوە؛ ئەمەش ئەو ڕەوایەتیدانەیە كە توركیا پێویستی پێیەتی بۆ گەڕانەوە و جێبەجێكردنی "میساقی میللی".

 

توركیا بە شێوەیەكی سەربازی و كرداری، زیاتر لە ٤٥%ی پارێزگای دهۆكی داگیركردووە و بە ئاشكرا بنكە و بارەگا سیخوڕییەكانی لە تەواوی شارەكانی هەرێمی كوردستان هەیە. پارتی و یەكێتیش بەم جۆرە ساختەكردنەی دەنگی توركمان كە زیاتر لە رێژەی توركمانی راستەقینەی هەرێمی كوردستانە و، دەستكاریكردنی نەخشەی نیشەتەجێبوونی توركمانەكانە، هاوكاری تەواوكردنی ئەو داگیركارییەی توركیا دەكات لە هەرێمی كوردستان.

 

بۆیە پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكە ڕێگا لەم گەمە مەترسیدارەی ئەو دوو هێزە سیاسییە بگرن، كە بە بەكارهێنانی پێكهاتەكان دەیانەوێت ژمارەی دەنگی كورسییە هاوپەیمانەكانیان لە پەرلەمان زیادبكەن.

 

ئەو گەمە مەترسیدارەی پارتی و یەكێتی بە بەكارهێنانی پێكهاتەكان، هەرگیز نابێت لایەنە سیاسییەكانی دیكە بخاتە كاردانەوە بۆ دژایەتیكردنی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو پێویستە هەموو مافەكانیان زامن بكرێت و بەبێ فشار و هیچ مەترسییەك بتوانن تەواوی مافەكانی خۆیان پیادە بكەن و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵببژێرن تا لە پەرلەمانی كوردستان نوێنەرایەتییان بكەن.