بە کەسی کردنی سیاسەت و حوکمڕانی
بڵێسە جەبار فەرمان – پەرلەمانتاری پێشووی عێراق
لەسەردەمی حوکمڕانی دێرینەوە ھەموو حکومڕانەکان ھەوڵیان داوە بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆیان جیاواز نمایش بکەن، حکومڕانەکان ھەوڵیان داوە شوێن کەوتەکان و ھەوادارەکانیان بێ ھیچ دوودڵیەک دوایان کەون و ھیچ گومانێکیان لە شێوازی حکومڕانی و بڕیارەکانیان نەبێت، بۆ ڕەوایی دان بە خۆیان حاکمەکان ھەرجارەو پەنایان بۆ تاکتیک و میکانیزم و دەستەواژەو شێوازێک بردوە، بە پێی سەردەم و شوێن، بەکارھێنراوو دەستەواژەکان گوڕدراون.
بۆ نمونە لە میسری فەرعەونەکان، ھەندێک لە فیرعەونەکان خۆیان بە خوا بە شوێنکەوتەو ژێردەستەکانیان ناساندووە و بەو شێوەیە ھەموو ڕەواییەکیان داوە بە بڕیارەکانیان، ھەرکەسێک گومانی لە بڕیاری فەیرعەون ھەبوایا، واتا گومانی لە خوا ھەیە، بۆ چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیە فیرعەونەکان پەنایان بۆ پیاوانی ئاینی و پەرستگاکان بردوە، ئەم شێوازی خۆ بە خوا دانانە لە دوو ھەزارەی پێش زاین لە زۆر شوێنی جیھان دا بینراوە.
لە سەدەی دوانزە بە دواوە پاشاکانی ئەوروپا دا بەھەمان شێوە بۆ ئەوەی میللەتەکانیان بێ دوودڵی دوایان بکەون و ھیچ گومانێکیان لە بڕیار و حکومرانیان نەبێت، خۆیان بە خوێن شینەکان ناساندوە، میللەت وا تێگەێنراوە کە پاشاکان خوێنیان سور نیە و بگرە شینە و لە لایەن خواوەندەوە بە تایبەت دروست کراون بۆ فەرمان ڕەواویی کردن.
دوای سەردەمی پاشایەتی و دەستپێکی سەردەمی دیکتاتۆریەتەکان ئەم شێوازی خۆسەپاندنە بەردەوامیەتی ھەبوو، دیکتاتۆرەکان بەھەمان شێوە لە ھەوڵی ئەوەدا بوو کە لە لایەن لایەنگران و میللەتەوە بپەرسترێن و بە نێردەی خودایی و فریادڕەس و پارێزەر ببینرێن و بێ دوودڵی بکرێنە پێشەوا.
ھیتلەر بە نمونە، ھەموو ئەڵمانیا خۆی لە ھیتلەر دا دەبینیەوە، سڵاوی نێو ئەڵمانیەکان (Heil Hitler) بوو، کە ئەکرێت بە بژی ھیتلەر تەرجومە بکرێت، وشەی Heil واتا کامل یا تەندروست، بەشێکی زۆری ئەڵمانیەکان نازی نەبوون، واتا نازی بوونیان وەکو ئایدۆلۆژی قەبوڵ نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان لە کەسایەتی ھیتلەردا دەبینیەوە و سڵاوی ھیتلەریان بەکار دەھێنا.
ھیتلەر رەمزی ئەڵمانیا و ئەڵمانیەکان بوو، لە سەردەمی ھیتلەردا بە دیموکراسیەت پەرلەمان ھەڵوەشێنرایەوە و دەستور لە کار خرا و ھیتلەر بوو بە پێشرەوی ئەڵمانەکان، ھەموو بڕوایەکی کوێرانەیان بە ھیتلەر ھەبوو وە بێ ھیچ دوو دڵیەک بڕیارەکانی چێبەجێ دەکران.
گەر بێت و باسی عێراق بکەین، لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ھیچ کەسێک پرسیاری دەستور و شێوازی حکومرانی نەدەکرد بەڵکو کوێرانە دوای پیاوێک کەوتبوون کە خۆی بە جەنگاوەر و پارێزەری ئومەی عەرەبی دادەنا، صدام خۆی نەک ھەر وەک نوێنەری عێراق پیشان دەدا، بەڵکو خۆی بە نوێنەر و پارێزەری ھەموو ئومەی عەرەبی دەزانی، دەستەواژەی ئەگەر صەدام وتی واتا عێراق وتی "إذا قال صدام قال العراق" لە ھەموو میدیا فەرمیەکان و وتارەکان دا بەکار دەھێنرا، منداڵ و نەوەکانی عێراق بە "ڕۆح و خۆێن فیدای صەدام بێت" گەورە دەبوون، بە درێژایی چەندەھا ساڵ ئەم شێوازی شۆردنەوەی مێشک و فکرە بەکار دەھێنرا.
بەشێک لە ھاوڵاتیانی وڵاتانی عەرەبی بڕوای تەواویان بە صدام ھەبوو، کوێرانە دوای سیاسەت و بڕیارەکانی کەوتبوون.
تا ڕۆژی ئەمڕۆ لە زۆرێک لەو وڵاتە عەرەبیانە جۆرێک لە صەدام پەرستی بەدی دەکرێت. لە فەلەستین و ئوردن و تونس زۆرێک لە منداڵە تازە لە دایک بووەکان بەناوی صدامەوە ناو دەنرێن.
ئەگەر بێت و سەیری عێراقی دوای صەدام بکەین، دەبینین لە دەستپێک دا ھەوڵێک ھەبوو بۆ بە دیموکراسی کردنی عێراق و چەسپاندنی دەستور، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ئەو ھەوڵانە لاوازتر دەبن و ھەوڵی بەشەخسەنە کردنی سیاسەت و شەخس پەرەستی لە پێشرەوی دایە، چەند ساڵێکە کەسایەتیەک بە ناوی موقتەدا صەدر کە لە خێزانێکی شۆرشگێری شیعی عێراقی لە گۆرەپانی سیاسی عێراق دا وەک کەراکتەرێکی سەرەکی دەرکەوتوە، ئەم کەسایەتیە ھیچ بڕوایەکی بەو دەستورەی ئێستای عێراق نیە. ھەندێک بڕگەو مادەی ئەو دەستورە بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەکار دەھێنێت، ئەتوانم بڵێم موقتەدا خوێندنەوەیەکی وردی بۆ کۆمەڵگای شیعی و عێراقی ھەیە.
ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە پێویستیان بە شەخس پەرەستی ھەیە، ھاوڵاتیانیان پێویستیان بە فریادرەسێکە کە بڕوای تەواویان پێی بێت و دوای کەون و بیکەن بە پێشرەوی خۆیان. ناتوانن بڕوا بەوە بھێنن کە مافیان بە دەستور دەپاڕێزرێت و حکومەتێکی شەفاف بێگەرد دەتوانێت ببێت بە حکومرانێکی دادپەروەر بۆیان، موقتەدا کە زێدەی ئەو کۆمەڵگایەیە. پاڵپشت بەو شێوازی بیرکردنەوەیە خۆی گەیاندە لوتکەی دەسەڵات.
ئەوەتا لە سوێندخواردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان دا دروشمی دادوەری و دیموکراسی و بژی عێراق بەرزنەکرایەوە، بەڵکو بە وتنەوەی ناوی موقتەدا چونە نێو قوبەی پەرلەمانەوە.دوای خوا و پێغەمبەر و امامی عەلی ناوی موقتەدایان دەوتەوە.
لە خولی چوارەمی پەرلەمان گەر بۆ بابەتێک گفتوگۆ لە نێو فراکسیونی سائرون بکرایە، کە دەوترا سید موقتەدا ئەمەی فەرمووە ئیتر کەس بوێڕی ئەوەی نەدەکرد لەسەر گفتوگۆکردن بەردەوام بێت و بۆچونی جیاوازی ھەبێت.
تێکرای فراکسیونەکە قسەکانی ئەویان بێ دوودڵی پەیرەو دەکرد.
پێدەچێت لە خولی پێنجەم دا ئەو شێوازی بیرکردنەوەی زیاتر بەرجەستە بکرێت، بەرنامە و کار و ستراتیجیەت ھیچ ئەرزشێکی نیە و کەس بەدواداچونی بۆ ناکات. ھەموو ئەمانە لە شەخسێک دا خۆیان دەبیننەوە و ئەو شەخسە کوێرانە لە لایەن لایەنگرانیەوە دەپەرسترێن و قسە و بۆچونەکانی پەیڕەو دەکرێن، عێراق، عێراقی دەستور و فیدرالیەت نیە، بەڵکو عێراقی شەخس پەرستیە.