ئاژانسی نوژنها لە باشووری کوردستان: بە کارەکانمان بەرەنگاری توندوتیژی دژی ژنان دەبینەوە
ئاژانسی هەواڵی ژن "نوژنها" بەدرێژایی ساڵانی کارکردنی نەک تەنها لە ماوەی ١٦ ڕۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کاری کردووە بۆ هۆشیارکردنەوەی ژن و کۆمەڵگە لە بەرامبەر هەر جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک، ئامانجمان ئەوەیە هەر ژنێک هۆشیار بێت تا کۆمەڵگە بە گشتی هۆشیار بێت.
پەیامنێر و تیمەکانی ئاژانسەکەمان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان ڕووماڵی گردبوونەوە، کۆڕ و سیمینار، دۆخی ژنان و ڕووداوە گشتییەکان دەکەن و لە بەرامبەر هەر جۆرە توندوتیژییەک دەوەستینەوە.
نوژنها وەک یەکەم ئاژانسی هەواڵی تایبەت بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەم ڕێگەیانەوە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەکات:
ئاشکراکردن و بەدۆکیومێنتکردنی تاوانەکان؛بە شێوەیەکی بەردەوام ئاماری کوشتن، خۆکوشتن، و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی (جەستەیی، دەروونی، ئابووری و دیجیتاڵی) کۆدەکاتەوە و بڵاویان دەکاتەوە تاوەکو تاوانەکان لە ژێر ناوی "شەرەف" یان کێشەی خێزانیدا پەردەپۆش نەکرێن.
گۆڕینی زمانی باوی میدیا؛ دژی ئەو وتارە میدیاییە دەوەستێتەوە کە ژن تەنها وەک "قوربانییەکی بێدەسەڵات" یان "کاڵا" نیشان دەدات، و لەبری ئەوە هەوڵ دەدات ژن وەک بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادە و تێکۆشەر پیشان بدات.
گەیاندنی دەنگی ژنانی پەراوێزخراو؛ ڕووداو و چیرۆکی ئەو ژنانە دەگوازێتەوە کە لە میدیا گشتییەکاندا فەرامۆش دەکرێن، بەتایبەت لە ناوچەکانی شەڕ، قەیران، و کۆمەڵگە داخراوەکاندا.
بەرزکردنەوەی هۆشیاری و پێکەوەگرێدانی خەباتی ژنان؛ لە ڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ یاساناسان، چالاکوانان و پسپۆڕانی بواری ژنۆلۆژی، هۆشیاری یاسایی و کۆمەڵایەتی بڵاودەکاتەوە و خەباتی ژنانی کوردستان و ناوچەکە بە خەباتی ژنانی جیهانەوە دەبەستێتەوە.
فشارخستنە سەر دەسەڵات و یاساکان؛ تیشک دەخاتە سەر کەموکوڕییە یاساییەکان و بێدەنگی دەسەڵاتداران لە بەرامبەر بکوژانی ژنان، بە مەبەستی سزادانی تاوانباران و گۆڕینی یاساکان لە بەرژەوەندی پاراستنی ژناندا.