ئاشتی حەمە ساڵح: کاتێک میدیا پەیام، ئامانج و فەلسەفەی نەبوو ناتوانێت خزمەت بە کۆمەڵگە بکات

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_ لە کاتێکدا پێویست بوو میدیای کوردی وەک دەسەڵاتێکی باڵا چاودێری دامەزراوەکان بکات و پەرە بە تواناکانی ژنان بدات، ئێستا بەشێک لە بەرنامە و دراماکان سیمای ڕاستەقینەی خەباتی ژنانیان شێواندووە، میدیای کوردی پاش ساڵی ١٩٩١ و دواتریش دوای ساڵی ٢٠٠٣، گەشەیەکی چەندایەتی خێرای بەخۆوە بینی، بەڵام لە ڕووی جۆرییەوە پاشەکشەی کرد. مۆدێلی ئابووری سەرنج  کە لەسەر بنەمای زۆرترین بینەر و لایک کاردەکات، وایکردووە کێشە بنەڕەتییەکانی وەک بێکاری، گرانی، و سیستمی پەروەردە فەرامۆش بکرێن. لە بەرامبەردا، ورووژاندنی بابەتە زایەندییەکان، فرەژنی، و ژیانی تایبەتی مۆدێلەکان کراونەتە ڕۆژەفی سەرەکی بۆ شاردنەوەی قەیرانە ستراتیژییەکان.

 

میدیا چەمکی ڕزگاربوونی ڕاستەقینەی ژنی بەتاڵ کردووەتەوە. ئازادی ژن لە بەشداری سیاسی، سەربەخۆیی ئابووری، و پێگەی زانستییەوە گۆڕدراوە بۆ کورتکردنەوەی ژن تەنها لە جلوبەرگ، نەشتەرگەری جوانکاری، و شێوازی دەرکەوتنی دەرەوە. ئەمەش بە مەبەست دەکرێت بۆ ئەوەی چەمکی ڕزگاریی ڕاستەقینە بێبەها بکرێت و کۆمەڵگە دژایەتی بکات.

 

بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ د. ئاشتی حەمە ساڵح، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی کرد.

 

میدیا چییە و ئەرکی چییە؟

سەرەتا دەبێت پێناسەی پرۆسەی گەیاندن بکەین؛ کە بریتییە لە کردەیەکی دینامیکی کە تێیدا کەسێک یان چەند کەسێک، پەیامێک لە دەزگایەکی ڕاگەیاندنەوە ئامادە دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ، زانیاری، بیروباوەڕ و ئامانجەکانیان لە پێناو مەبەستێکی دیاریکراودا. ئەم پەیامانە دەگەنە کۆمەڵگە و هاووڵاتیانیش لە ڕێگەی پەرچەکردارەوە ڕای خۆیانی لەسەر دەردەبڕن، میدیا ئەرکێکی گەورەی لەسەر شانە؛ یەکەمینیان گەیاندنی هەواڵ و زانیارییە، لە پاڵ ئەرکەکانی دیکەی وەک مێژوویی، کات بەسەربردن و پەروەردەیی. هاوکات میدیا ئەرکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکات. لە وڵاتی ئێمەدا، گرنگترین بوار ئابوورییە کە پێویستە میدیا گرنگی پێبدات و دەزگای تایبەت بە گۆڕانکارییە ئابوورییەکان دابنرێت؛ وەک بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئابووری و بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرەی تایبەت بەو بوارە. ڕەخساندنی هەلی کاریش لە ڕێگەی ڕیکلامەوە، ئەرکێکی دیکەی میدیایە. جگە لەوەش، میدیا دەتوانێت ڕای گشتی بۆ هەر بوارێک کۆبکاتەوە؛ بۆ نموونە کاتێک تێبینیمان لەسەر شێوازی کارکردنی بەشێک لە دەزگاکان هەیە، ئەرکی میدیایە ڕای گشتی دروست بکات و ئەو کارانە ئیدانە بکات کە کاریگەریی خراپیان لەسەر کۆمەڵگە هەیە.

 

ئایا میدیا لە باشووری کوردستاندا توانیویەتی ببێتە دەسەڵاتی چوارەم؟

لە هەموو جیهاندا سێ دەسەڵاتەکە هەن، بەڵام دەبێت میدیا لە سەروو ئەم دەسەڵاتانەوە بێت نەک هاوشانیان. دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی چوارەم واتە هێزێک کە چاودێریی دەسەڵاتەکانی دیکە بکات، بۆیە زۆر جار بە دەسەڵاتی یەکەمیش ناو دەبرێت، چونکە چاودێریی بەسەر دادگا، پەرلەمان و دەزگاکاندا هەیە. میدیا هۆکاری پێشکەوتنی کارگێڕیی وڵاتانی پێشکەوتووە، چونکە بەرپرسان لە چاودێریی میدیا دەترسن، سیاسییەکانی خۆمان ئێستا لە جاران باشترن، چونکە دەزانن هەموو ژیانیان لە ژێر چاوی میدیادایە. لەبەر ئەوە، زۆرجار کار دەکەن و لە میدیاکانیاندا بڵاوی دەکەنەوە بۆ ئەوەی خەڵک بە باشی بیانبینێت، یان تەنها لەبەر چاوی کامێراکان سەردانی شوێنێک دەکەن تا وەک سەرکردەیەکی نیشتمانی بناسرێن. تەنانەت لە پەرلەمانیشدا کاتێک دەزانن هەواڵەکان ڕاستەوخۆ دەگوازرێنەوە، جوانتر و ڕێکوپێکتر قسە دەکەن. کەواتە میدیا بە مانا ڕاستەقینەکەی، لە سەروو هەموو دەسەڵاتەکانەوەیە.

 

میدیای کوردی تا چەند توانیویەتی خزمەت بە کۆمەڵگە و ژنان بکات؟

میدیای کوردی و بەتایبەت سۆشیاڵ میدیا، گرنگی بە هەندێک بابەت دەدەن کە زەرەری زیاترە وەک لە سوود. ئەگەر توێژینەوەیەک بکەین بۆ زانینی ئاستی گرنگیدانی میدیا بە بابەتی ژنان، ڕێژەی بڵاوکراوەکانی تایبەت بە ژن و ژمارەی پێشکەشکارانی ژن، دەبینین ئامار و ناوەڕۆکی بابەتەکان زۆربەیان لە خزمەتی ژناندا نین و بە پێچەوانەوە ئاستی میدیاکە دادەبەزێنن. بە نموونە، بەرنامەکان دەچنە گوندێک و لەبەردەم ماڵە قوڕەکەیدا پرسیاری بێمانا ئاراستەی پیاوێکی بەتەمەن دەکەن؛ وەک هاوسەرگیریت کردووە؟ بەتەما نیت دووبارە هاوسەرگیری بکەیتەوە؟ یان لەگەڵ چەند ژندا دڵداریت کردووە؟ یاخود بە ژنەکە دەڵێت بە دڵداری بە هاوسەرەکەت گەیشتوویت؟ ئەمانە پرسیاری بێ ئاستن، هیچ خزمەتێک بە ژن و میدیا ناکەن و دەبنە سەرچاوەی کێشەی کۆمەڵایەتی.

 

پێویستە میدیا ئەرکی کاتبەسەربردنی خۆی لە ئاستێکی باڵادا جێبەجێ بکات و ئەرکە پەروەردەییەکەی فەرامۆش نەکات. بەپێی تیۆرە میدیاییەکان، هەر کەسێک ڕۆژانە زیاد لە چوار کاتژمێر بەدیار میدیاوە دابنیشێت، بەبێ ئەوەی هەستی پێبکات گۆڕانکاری لە ژیان و ڕەفتاریدا دروست دەبێت، ئەم کاریگەرییەش لە تەمەنی چوار بۆ پێنج ساڵییەوە تا گەورەبوون ڕەنگدەداتەوە.

 

میدیا بۆچی 'ترێند' دروست دەکات و ژنان دەکاتە کاڵا؟

کاتێک میدیا پەیام، ئامانج و فەلسەفەی نەبوو، ناتوانێت خزمەت بە کۆمەڵگە بکات، میدیای سەرکەوتوو ئامانجی ئەوەیە ژن لە ئاستێکی باڵادا نیشان بدات و بەرنامەکانی بخاتە خزمەت ئەو ئامانجە. بەڵام زۆرێک لە میدیاکان دەچنە سەر بابەتە لابەلاکان و پێیان وایە ئەگەر پێشکەشکارەکە شۆخ و شەنگ نەبێت، کەس سەیری ناکات؛ لە کاتێکدا جوانیی ڕووکەش تەنها جارێک یان دوو جار سەرنجڕاکێشە و دواتر کەمبایەخ دەبێت. ئەرکی میدیا بەبازاڕکردنی 'ترێند'ی بێمانا نییە، بەڵکو ئەگەر ترێندیش دروست بکات، دەبێت بابەتێکی بەسوود بێت کە ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە بەرز بکاتەوە.

 

ئەگەر میدیا تەنها بەپێی خواست و ئاستی کۆمەڵگەیەکی ناهۆشیار کار بکات، دەبێتە میدیایەکی ئاستنزم. بۆیە نابێت میدیا تەنها ئاوێنەی کۆمەڵگە بێت، چونکە کۆمەڵگە هەمیشە گۆڕانکاریی ئەرێنی و نەرێنی بەسەردا دێت؛ ئەگەر میدیا تەنها ڕەنگدانەوە بێت، هەمان سیفەتە نەرێنییەکان دووبارە پەخش دەکاتەوە. پێویستە میدیا لە ڕووی هۆشیارییەوە لە سەروو کۆمەڵگەوە بێت، کۆمەڵگەش پێویستە بایکۆتی ئەو میدیایانە بکات کە بابەتە دژەباو و زیانبەخشەکان بڵاودەکەنەوە.

 

"دەبێت میدیا لەو قۆناغە دەربچێت کە ژن وەک قوربانی نیشان دەدات"

ڕۆڵی ژنان زۆر خراپ پیشان دەدرێت؛ زۆرجار وەک کەسێکی دەمەوەر، فیتنە، یان لە ڕۆڵە سەرەکییەکاندا وەک کەسایەتییەکی خراپ نیشان دەدرێن. هەروەها پیاوانی ئاینیش بە هەمان شێوە، لە کاتێکدا لە هەردوو توێژەکەدا مرۆڤی باش و خراپ هەیە. پێویستە ئێمە نموونە درەوشاوەکانی کۆمەڵگە نیشان بدەین. لێرەدا درامای تورکیش کاریگەریی خراپی هەبووە، چونکە ناوەڕۆکێکی ئاستلاوازی هەیە و بەشێک لە گەنجان و بەتەمەنەکان وا دەزانن ئەو ڕەفتارانە ڕاستین و لە کۆمەڵگەی کوردیشدا ئاسایین، کە لە بنەڕەتدا وانییە. لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا دەیان ژنی بەتوانا هەن، دەبێت میدیا باسی ئەوان بکات و قۆناغی بەقوربانی پیشاندانی ژنان تێپەڕێنێت. من لە کۆمەڵگەیەکدا گەورە بووم کە ژنان تێیدا بڕیاردەر و باڵادەست بوون؛ هیچ پیاوێک نەیدەتوانی بڕیار لەسەر هاوسەرگیریی کچەکەی بدات تا دایکی ڕازی نەبووایە، مەگەر لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا.

 

خاوەندارێتیی دەزگا میدیاییەکان و میساقی شەرەفی ڕۆژنامەوانی

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، تەنانەت لە دیوەخان و مەجلیسەکانیشدا ئەگەر باسی بابەتە کەمبایەخەکان نەکرێت، دەڵێن مەجلیسێکی خۆش نییە؛ میدیاکانیش هاتوون بوونەتە ڕەنگدانەوەی ئەم کولتوورە و خەڵکیش کاتی خۆیانی پێوە دەکوژن. ئێمە میساقی شەرەفی ڕۆژنامەوانیمان هەیە کە بەندی یەکەمی باسی ئازادی دەکات؛ بەڵام کاتێک باسی ئازادی دەکەین، دەبێت وابەستەی بەرپرسیارێتی بین، چونکە ئازادیی ڕەها یەکسانە بە خراپەی ڕەها. میدیا ئازادە، بەڵام ئازاد نییە لەوەی کۆمەڵگەی کوردی بەرەو داڕوخانی ئەخلاقی و کلتوری ببات.

 

زانایانی بواری میدیا دەڵێن: لێشاوی میدیایی نەرێنی یەکسانە بە نەخۆشی کۆلێرا؛ چۆن لە سەردەمی کۆرۆنادا دەترساین بمرین و خۆمان دەپاراست، مردن لە ڕووی فیکرییەوە زۆر مەترسیدارترە. سنووردارکردنی ئەم دیاردەیەش تەنها لە ڕێگەی چاککردنی کلتوری کۆمەڵگە و جێبەجێکردنی یاساوە دەبێت، تا ئەم کۆمەڵگەیە جارێکی دیکە پەروەردە بکرێتەوە.

 

ئایا میدیا فۆرمی ئازادیی ژنی شێواندووە؟

ئەم بابەتە دوو لایەنەیە؛ دەکەوێتە سەر ئەو ژنەی ڕوو لە میدیا دەکات و ئەو دەزگایەی ژنەکەی تێدا کار دەکات، کە تا چەند وەک مرۆڤ و خاوەن فیکر مامەڵە دەکەن. کاری میدیایی لە هەموو کارێک قورسترە، چونکە ڕۆژانە ئاڕاستەی کۆمەڵگە دەکات. ژنانی ئازا و خاوەن فیکر کاتێک دەچنە میدیا، خزمەتێکی گەورە دەکەن. بۆ نموونە، ئەو دەزگایانەی کار لەسەر پرسی ژن دەکەن بەبێ ئەوەی ژن بکەنەوە بە کاڵا، کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکەن کە پێویستیی ڕاستەقینەی ژنانە و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان. هیوادارم هەموو ئەوانەی لەم بوارەدا کار دەکەن تەنها کار لەسەر جەستە نەکەن، بەڵکو گرنگی بە فیکر و ئەقڵی ژن بدەن.

 

چارەسەری ئەم کێشانە چییە؟

ئێمە ئەگەر کۆمەڵێک یاساش دابنێین، بەڵام هۆشیاریی کۆمەڵگە چاک نەکرێت، ئەو یاسایانە سوودیان نابێت و جێبەجێ ناکرێن. میساقی شەرەفی ڕۆژنامەوانی لە پەنجاکانی سەدەی بیستەوە هەیە، بەڵام لە زۆربەی دەزگاکانی جیهاندا جێبەجێ ناکرێت، چونکە جێبەجێکردنی پێویستی بە هۆشیاریی باڵای کۆمەڵگە هەیە تا تاکی ئێمە ژن وەک مرۆڤ ببینێت. پێویستە هەر کەسێک کارێک دەکات کە دوورە لە ڕەوشتی پیشەیی میدیا، سزا بدرێت و سڕ بکرێت. جاران دەیانوت 'وێنەیەک یەکسانە بە هەزار وشە'، بەڵام ئێستا پێچوانە بووەتەوە وشە و فیکر کاریگەرترن لەبەر ئەوە، دەبێت میدیاکان خۆیان لەو بابەتانە بەدوور بگرن کە زیان بە پێگەی ژنان و کولتووری کۆمەڵگە دەگەیەنن.