سابونکەران؛ کۆڵانێک لە نێوان یادەوەریەکانی دایە پەروین و گێڕانەوەی مێژوو

سابونکەران یەکێکە لەو کۆڵانانەی کە بە تێپەڕبوونی ساڵان، ڕووخساری گۆڕاوە، بەڵام یادەوەرییەکانی هێشتا زیندوون، لە ناو ئەو یادەوەرییەشدا چیرۆکی ژنانێک هەیە کە ژیانی ئەو سەردەمەیان بە چاوی خۆیان بینیوەو ئێستا دەیگێڕنەوە بۆ نەوەی ئەمڕۆ.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_  لە ناو کۆڵانە کۆنەکانی سلێمانی، هێشتا شوێن و ناوێک هەن کە هەرچەندە ڕووخساری شار بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە، بەڵام بیرەوەرییەکانیان لە یادەوەریی خەڵکدا ماونەتەوە، کۆڵانەکانی سابونکەران، یەکێک لەو شوێنانەن کە دیوار و دەرگا و تەنگەکانیان چیرۆکی ژیانی نەوەیەک لە خۆیاندا هەڵگرتووە، چیرۆکی خێزانەکان، دراوسێیەتی، کار و ژیانی ڕۆژانەی ئەو هاوڵاتییانەی ساڵانێک لەو کۆڵانانەدا ژیاون.

 

لە پشت ئەو ناوە و دیوارانە، ژیانی ژنانیش بەشێکی گرنگ لە مێژووی ئەم کۆڵانانە بووە، ژیانی پڕ لە کار، خۆشەویستی، دراوسێیەتی و هەندێک جار سەختییەکانی ژیان، بۆ زانینی ئەوەی ئەو کۆڵانانە لە ساڵانی ڕابردوودا چۆن بوون و خەڵک، بە تایبەتی ژنان، چۆن تێیدا ژیاون، دەچینە ناو یادەوەرییەکانی ژنێک کە ئەو ڕۆژانەی بە چاوی خۆی بینیوەو ئێستا چیرۆکی ئەو کۆڵانەمان بۆ دەگێڕێتەوە.

 

پەروین کەریم، دانیشتووی گەڕەکی سابونکەران، لە ساڵی ١٩٥٣، لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی، لە دایک دەبێت، پاشان لە گەڕەکی چوارباخدا تەمەنی منداڵی و گەنجی بەسەردەبات، تا کاتێک ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت، تا پۆلی شەشی سەرەتای دەخوێنێت، وەک فەرمانبەر لە قوتابخانەیەکدا ماوەی هەشت سال کاردەکات، بەڵام بە هۆکاری بارودۆخی جەنگ و ئەوناوچەیەی تێیدا دەژی واز لە کارەکەی دەهێنێت، وتی: لە ساڵی ١٩٥٩دا بوومە خوێندکاری سەرەتایی، پاش تەواوکردنی خوێندنی سەرەتای بەهۆی بارودۆخی خێزانیی و کۆچکردنی بەشێک لە خانەوادەکەم بۆ دەرەوەی وڵات نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم، بەڵام وەک فەرمانبەرێک لە خوێندنگەیەکی شاری سلێمانی کاردەکەم، پاش هەشت ساڵ بە هۆی کۆچکردمان بەرەو پێنجوێن لە دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینیمەوە وازم لە کارەکەم هێنا، لە دوای ساڵی ١٩٧٤ەوە، بەهۆی بارودۆخی سیاسی ئەوکاتەوە لە پێنجوێن وەک کۆچبەر چوینە ئێران پاش ساڵێک دووبارە گەڕاینەوە پێنجوێن و لە دوای دوو ساڵ گەڕامەوە شاری سلێمانی، پاشان هاتینە گەڕەکی چوارباخ و لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی تا ئێستاش جێمان گرتووە.

 

 لە دێژەی قسەکانیدا وتیشی: گەڕەکە کۆنەکانی شاری سلێمانی لە سەردەمی مندا تەنها لە شەش گەڕەک پێکدەهات، بەڵام ئێستا سلێمانی گەورەبووە من زۆرێک لە گەڕەکەکانی شار نازانم لەکوێدان، ئەوکات گەڕەکەکان بچووک بوون و  لەیەکدییەوە نزیکبوون، ڕۆژانە لە دوای کاری ماڵ دەهاتینە کۆڵان، دانشتووانی کۆڵانەکە هەمووی یەکتری دەناسی و ڕێز و خۆشەویستی لە ناو دراووسێکاندا هەبوو، ئێمەی ژنان بەیانیان کاتێک لە کاری ڕۆژانەمان تەواودەبووین دەچووین هاوکاری بەکۆمەڵی دراوسێکانامن دەکرد، ئەوکات سەرتەنوور هەبوو، لەوێ بە کۆمەڵ هەر ڕۆژەو نانمان بۆ ماڵێکی دراوسێمان دەکرد، نەخۆشیان هەبوایە هاوکاریمان دەکردن، لە کاتی ناخۆشیدا بەدەم یەکەوەبووین، منداڵی دراوسێکەمان لە کاتی پێوستدا لای خۆمان چاودێری دەکرا، بەڵام لە ئێستادا کەمی بەریەککەوتنی دراوسێکان بۆتە هۆکاری کاڵبوونەوەی ئەو پەیوەندییە دراوسێیەتییە هەروەها کاتیک شاییەک لە گەڕەکەکەماندا دەبوو، هەموومان پێکەوە بەشداریمان دەکرد، پاشان نان و چێشت ئامادەدەکرا و تا درەنگانی شەو بەشداریمان لە ئاهەنگەکە دەکرد، هەروەها شەوانی بەرات هەبوو، جەژنان منداڵان دەگەڕان شەوانی بەرات منداڵان چکلێتیان کۆدەکردەوە، خۆشبەختانە تا ئێستاش منداڵان یادی شەووی بەرات و جەژنان دەکەنەوەو سەردانی کۆڵانە کۆنەکانی سلێمانی دەکەن.

 

پێکەوەژیانی ئاینەکان هەبوو

هەروەها وتیشی: لە شاری سلێمانی کەسێک هەبوو بەناوی کەڕەی شەربەت، کە شەربەتفرۆش بوو کەسێکی خاوەنپێداویستی بوو، نە دەیتوانی قسەبکات نە گوێی لەکەسبێت، بەڵام بە کۆڵانە کۆنەکانی شاردا دەگەڕاو شەربەتی دەفرۆشت، مێووژی دەکردە ناو گونییەوە و پاشان تەڕی دەکرد و بە کەمی لە ناو گوێنییەکەوە شەربەتی مێوژ دەهاتە خوارەوە، بەهۆی ئەوەی گوێی لەکەس نەبوو نەشی دەتوانی قسەبکات ناویان لێنا کەڕەی شەربەت، بۆیە تا ئێستاش کەسێک خۆی لە بابەتێک دووربخاتەوە پێیدەڵێن ئەڵێی کەڕەی شەربەتی، هەروەها لە ناو کۆڵانەکاندا حەمامی تێدابوو، لە شاری سلێمانیدا چەندین حەمام بە ناوەکانی حەمامی شێخ مارف، حەمامی چوارباخ، حەمامی سورەت، حەمامی نەجات و حەمامی قشڵە، حەمامی سورەت تەنها بۆ پیاوان بوو، حەمامی شێخ مارف بەیانیان زوو بۆ پیاوان بوو، لە دوای کاتژمێر هەشت بۆ ژنان بوو، هەروەها حەمامی نەجات هەر بەناوی خاوەنی حەمامەکەبوو کە ژنبوو، تایبەتبوو بە ژنان، ئێمەی ژنان حەفتەی ڕۆژیک منداڵەکانامن دەبردوو دەچووین بۆ حەمامەکان هەمووی بەشبەشبوو، بەشەکان پێیان دەوت جوڕنە، هەروەها لە ناو حەمامدا چەند کەسێکی لێبوو ئەگەر نەخۆشبویتایە یان نەتوانیایە خۆت بشۆی دەیانشتیت ئەوکەسانە پێیان دەوت نادرە، هاوکاریاندەکردیت تا خۆت دەشۆرد، پاشان دەهاتیتە دەروە پارەی خۆتت دەدا، ژیانی ئێمەی ژنان بەمشێوازەبوو، ئێمەی ژنان بەردەوام پەیوەندیمان پیکەوە باشبووە، ئایین و ڕەگەز نەبوەتە کێشە لەنێوانماندا، ئێمە لە گەڕەکەکۆنەکان دراوسێکانامان هەمووی موسوڵمان نەبووون، کریستیان و جولەکە و چەندین نەتەوەی جیاوازی تێدابوو، کاتێک پرسەیەکمان هەبوایە بەشداری پرسەکەیان دەکردین ئێمەش سەردانی ئەوانمان دەکرد، یان ئەگەر مەڕاسیمی ژنمارەکردن و گواستنەوەمان هەبوایە میوانداری کریستیانەکانی دراوسێمان دەکرد، تا ئاشنایانکەین بە کولتوور و دابونەریتەکانمان، تا ئێستاش کەنیسەکە ماوەتەوە، کاتێک نەوەکانم یەن بۆماڵم داوا دەکەن بیانبەم تا بزانن کەنیسەکە چۆنە، کەنیسەکە ئێستاش تەرمەکانی لێماوە و ماوەتەوە وەک خۆی.

 

دایە پەروین، لە کۆتای قسەکاانیدا وتیشی: لە ماڵەکەمدا بەردەوام گوڵ دەڕوێنم دەمەوێت ماڵەکەم هەمان سیمای سەردەمی کۆنی پێوەبێت، کاتێک گوڵێکم دەفەوتێت خێرا دەچم هەمان گوڵ دەکڕمەوە، حەزەکەم خۆم ئاونەخۆم بەڵام گوڵەکان تێرئاوبن، سەرەڕای گوڵەکانم بەردەوام بیر لە گەڕەکە کۆنەکان دەکەمەوە زۆرێک لە گەڕەکەکان کراون بە پڕۆژەی نیشستەجێبووون و وەک خۆی نەماونەتەوە، پێویستە کۆڵانە کۆنەکانی شاری سلێمانی وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەگەر خانویەک نۆژەنبکرێتەوە پێویستە لەسەر سیمای کۆنی گەڕەکەکە نۆژەنبکرێتەوە نەک تێکبدرێت، تا ئەم گەڕەکانە بۆ نەوەی داهاتوو بمێنێتەوە.