دوای "ژن، ژیان، ئازادی" چیتر بڕیارەکان لەسەر داهاتووی ئێران بەبێ ژنان نادرێن

مەهدیە گوڵڕوو دەڵێت: بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ژنانی لە بوونێکی سیمبولی دەرهێناوەو بەشداریی ڕاستەقینەی ئەوانی لە پرۆسەکانی بڕیاردانی سیاسیدا گۆڕیوە بۆ داخوازییەکی کۆمەڵایەتی، ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر داهاتووی ئێرانیش دەبێت.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ – لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، لە پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل کۆنفراسێک لەژێر ناونیشانی "ئێرانێکی دیموکراتیک پێکەوە بنیاد دەنێین" سازکرابوو. ئێمە تیشک دەخەینە سەر ئەم کۆنفرانسە و تاوتوێی دەکەین. ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن "پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران"ەوە ڕێکخرابوو. مەهدیە گوڵڕوو، ئەندامی "کۆنگرەی ئازادیی ئێران"، لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە بوو.

 

لەمیانی ئەم بەرنامەیەدا، باس لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە و گرنگیی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە لەژێر بارودۆخی ئێستای ئێراندا دەکەین.

 

خانمی گوڵڕوو، بەر لە هەر شتێک، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە چی بوون و تۆ لە گوتارەکەتدا سەرنجت خستە سەر کام بابەتانە؟

ئەم کۆبوونەوەیە لە بنەڕەتدا دیالۆگێک بوو لە نێوان نوێنەران و لایەنە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەرلەمانی ئەوروپا. ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران بەشدار بوون؛ بەرنامەکە بە دەستپێشخەریی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران ڕێکخرابوو و بانگهێشتنامە بۆ لایەنە سیاسییە جیاوازەکان نێردرابوو. ئەوەی ئەم کۆبوونەوەیەی لە هاوشێوەکانی جیا دەکردەوە ئەوە بوو کە لە ڕابردوودا، کۆبوونەوەکان بەگشتی یان لە نێوان ئەو گرووپانەدا دەکران کە لە یەکەوە نزیک بوون، یانیش بۆ نموونە گرووپەکانی وەک کورد، کۆماریخواز، یان بەلوچ خاوەنی ئەجێندای جیاواز بوون. بەڵام ئەمجارە هەوڵ درابوو کە تەواوی ئەم گرووپانە لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا کۆبکرێنەوە.

 

پەیامی ژنان: دەبێت داهاتووی ئێران لەسەر بنەمای یەکسانیی یاسایی بۆ هەموو هاووڵاتییان بنیاد بنرێت

بە تایبەتی لە یەکێک لە پانێڵەکاندا، نوێنەرانی تورکمان، بەلوچ، تورک، کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سەر بە جوگرافیای ئێران ئامادەییان هەبوو. لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دەبێت داهاتووی ئێران لەسەر بنەمای یەکسانیی یاسایی بۆ سەرجەم هاووڵاتییان بنیاد بنرێت؛ داهاتوویەک کە تێیدا هیچ گرووپێک، لە ژنانەوە بگرە تا کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان، پەراوێز نەخرێن و دەنگی هەموان ببیسترێت. ئەم پەیامە هەم بە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و هەم بە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا گەیەندرا.

 

بابەتی 'هێزی گۆڕانکاری'یش تاوتوێ کرا

مژارێکی دیکە کە باسی لێوە کرا، پرسی فرەیی بوو. ئەم چەمکە هەندێک جار لە نێوان بازنە جیاوازەکاندا لەگەڵ تێڕوانینی دژبەیەک و ناكۆک ڕووبەڕووی یەک دەبێتەوە. بابەتی "هێزی گۆڕانکاری"یش تاوتوێ کرا. بەهۆی قەیران و سەختییە ئابوورییەکانی ئێستاوە، ئەم پرسیارە دێتە پێشێ کە ئایا گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا گونجاوە یان نا؟ لە لایەکی دیکەوە، هەندێک گرووپی ئاینی دژی بیرۆکەی فرەیین، کە ئەمەش گفتوگۆکە ئاڵۆزتر دەکات.

 

لەژێر ئەم بارودۆخەدا، چۆن دەکرێت گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا ڕووبدات؟

کێشەی سەرەکی کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە "هاوسەنگیی هێز"ە، هەم لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و پێکهاتەی دەسەڵاتداردا، و هەم لە ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا. ئەمە بە ڕێگەی سادە ڕوون ناکرێتەوە؛ بۆ نموونە، ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت سیستەمەکە تەنها بە شەڕ یان بە گوشاری دەرەکی دەڕوخێت، واقیعی نییە. ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەمەیان سەلماندووە. وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەندیی کۆنگرەی ئازادیی ئێران، من جەختم لەسەر پێویستیی ناسینی ئەم هاوسەنگییانە کردووەتەوە. دەبێت هەر گرووپێکی سیاسی توانای خۆی بەکاربهێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕوونە کە کەس ناتوانێت بە تەنیا ئەم پێکهاتەیە بگۆڕێت. لەبەر ئەوە، دەبێت فرەیی سیاسی نەک وەک لاوازی، بەڵکو وەک خاڵێکی هێز سەیر بکرێت. جیاوازییەکان کاتێک دێنە پاڵ یەک، دەتوانن کاریگەرییەکی گەورەتر دروست بکەن.

 

دژایەتیکردنی شەڕ یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان بوو

کاتێک توانای ناوخۆیی، دەرفەتە نێودەوڵەتییەکان و هێزی گفتوگۆ سیاسییەکان بەیەکەوە کۆدەبنەوە، ئەم هاوکارییە (سینەریژییە) دەتوانێت پێگەی ئۆپۆزسیۆن بەهێزتر بکات. ئەم ئاستە لە دیالۆگ و هاوکاری لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا کەمتر بینراوە. ئەم کۆنفرانسە نیشانی دا کە ئەمە شتێکی گونجاوە. پرسی شەڕیش لە کۆبوونەوەکەدا باسی لێوە کرا و دژایەتیکردنی شەڕ یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان بوو.

 

ئەمەش پرسیارێک دەورووژێنێت: لە ئێراندا گۆڕانکاری چۆن دەتوانێت پێکه بێت؟ لە وڵاتێکدا کە سەرکوتکردن بەردەوامە، خۆپیشاندەران و چالاکوانان دەستگیر دەکرێن و دۆخی ئەمنی خراپتر دەبێت، چی ڕێگەیەک دەتوانێت بەربەست لەبەردەم ئەمەدا دروست بکات؟

هەروەها نیگەرانی لەسەر دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی شەڕ هەیە. هەندێک کەس دەڵێن هەرچەندە هەڕەشە دەرەکییەکان زیاد بکەن، گوشاری ناوخۆییی ش زیاد دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، ڕێبازی "دژایەتیکردنی شەڕ" چۆن دەتوانێت چارەسەرێکی پراکتیکی پێشکەش بکات؟ یەکێک لە گفتوگۆ هەرە گرنگەکانی ئەم دواییانە، پرسی دژایەتیکردنی هەم شەڕ و هەم کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە یەک کاتدا. زۆرێک لە ئاخێوەران لە پەرلەمانی ئەوروپا جەختیان لەسەر ئەم هەڵوێستە دووفاقییە کردەوە: "نا بۆ شەڕ، نا بۆ ڕژێم." هەروەها گوترا کە پێویستی بە گەڕانەوە هەیە بۆ بەهاکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" – واتە فرەیی، یەکگرتوویی و دادپەروەری. هەندێک کەس دەڵێن شیکارییەکی قووڵتر بۆ خودی سروشتی شەڕەکە پێویستە. ئەگەرچی ڕژێمی ئێران ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا دەگێڕێت، بەڵام ئەکتەرانی وەک ئیسرائیل و ئەمریکاش وەک بەشێک لە سیاسەتەکانی شەڕ سەیر دەکرێن.

 

گەر بێینە سەر پرسی بەهاکان، لێکدانەوەی دووبارەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە چ واتایەک دێت؟ ئەمرۆ لە ئێراندا جەمسەرگیریی کۆمەڵایەتی قووڵتر بووەتەوە. لەژێر ئەم بارودۆخەدا، گەڕانەوە بۆ بەها بنەڕەتییەکان دەتوانێت چ ڕۆڵێک بگێڕێت؟

یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی ئەم بزووتنەوەیە ئەوە بوو کە تەنها لە ناوەندەوە بڵاو نەبووەوە، بەڵکو لە ڕێگەی هاوپشتییەوە لەگەڵ ناوچەکانی وەک کوردستان، ئازەربایجان، تاران و تەنانەت فەلەستینیشدا گەشەی سەند. ئەمە لە مێژووی ئێراندا ڕووداوێکی کەم وێنە بوو؛ چونکە بۆ یەکەمجار، هێزی گۆڕانکاری نەک تەنها لە ناوەندەوە، بەڵکو لە پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرت. بزووتنەوەکە لەسەر دوو داخوازیی بنەڕەتی بنیاد نرا: ئازادی و مافەکانی ژنان. بەڵام ئەمە تەنها داواکاری نەبوو، بەڵکو ئیرادەیەک بوو کە گۆڕدرا بۆ کردار.

 

گۆڕانکاری پێکهاتنی هەیە ئەگەر پێکەوە بجوڵێینەوە

لادان و سووتاندنی سەرپۆش تەنها ناڕەزایەتییەک نەبوو دژی باڵاپۆشیی زۆرەملێ، بەڵکو لە هەمان کاتدا دژایەتیکردنی پێکهاتەی باوکسالاری و دەسەڵاتخوازی بوو. ئەم دۆخە نیشانی دا کە بزووتنەوەکە داواکارییەکانی خۆی گۆڕیوە بۆ کرداری ڕاستەوخۆ. نموونەی هاوشێوەی ئەمە دەکرێت لە بزووتنەوەی مافی دەنگدانی ژنان یان بزووتنەوەکانی دژە ڕەگەزپەرستی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ببینرێت. ئەم ئەزموونە لە ناو کۆمەڵگەی ئێراندا متمانەبەخۆبوونێکی بەکۆمەڵی دروستکرد: گۆڕانکاری گونجاوە ئەگەر پێکەوە بجوڵێینەوە. لەبەر ئەوە، گەڕانەوە بۆ "ژن، ژیان، ئازادی" تەنها یادکردنەوەی دروشمێک نییە؛ بەڵکو زیندووکردنەوەی یەکسانی، هاوپشتی و بەرگریی مەدەنییە.

 

تێڕوانینی تۆ سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان چییە؟

یەکێک لە کاریگەرییە هەرە گرنگەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان بوو لە ناو ئۆپۆزسیۆندا. ژنان لەم بزووتنەوەیەدا پێشەنگ بوون و ئەمەش وایکرد دەنگیان بە بەربڵاوی ببیسترێت. هەندێک گرووپی سیاسی پێشتریش ژنانیان لە ناو خۆیاندا دەگرت؛ بەڵام ئەم بزووتنەوەیە ڕۆڵی ژنانی لە ڕۆڵێکی سیمبۆلی و ڕەمزییەوە گۆڕی بۆ داواکارییەکی ڕاستەقینە. ئێستا، کەمێک ئەستەمە مرۆڤ بتوانێت باسی داهاتووی ئێران بکات بەبێ ئەوەی ڕۆڵی ژنان لە چەق و ناوەندیدا بێت. ئەمەش وەک یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە گرنگەکان دەردەکەوێت کە لەلایەن ئەم بزووتنەوەیەوە هێنراوەتە ئاراوە