ژنان پارێزەری پەنیری كوردین و بەردەوامن لە دروستکردنی

پەنیری کوردی و بەرهەمەکانی تر بەدەستی ژنان پارێزراون و یەکێک لەو ژنانە سەبیحە عومەرە، لە کۆیە سەرقاڵی دروستکردنی ماست و پەنیرو بەرهەمە سپیاییەکانە، دەڵێت: ئەو پەنیرە خۆماڵیەو دەستكردی خۆمانە زۆر جیاوازترە لەو پەنیرانەی لەبازاڕ دەفرۆشرێت.

شلێر کۆیی

 

کۆیە- پەنیری کوردی یەکێکە لە دیارترین و بەتامترین بەرهەمە ڕەسەنەکانی کوردەواری، کە مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ ژیانی کۆچەری و گوندنشینیی کوردستاندا هەیە، ئەم پەنیرە زیاتر لە وەرزی بەهارو هاویندا کاتێک ئاژەڵەکان لە لەوەڕگە دەوڵەمەندەکانی کوێستانەکانی کوردستاندا دەلەوەڕن، لە شیری نوێی مەڕ یان بزن بە شێوازێکی سروشتی و دێرین دروست دەکرێت، ئەوەی پەنیری کوردی تایبەتتر دەکات، تامە توندو خۆشەکەی، بۆنە کێوییەکەی و بێوێنەکەیەتی کە دوای گوشین و خوێکردنێکی زۆر بەدەستدێت. زۆرجار بۆ پاراستنی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە زستاندا، دەیخەنە ناو کوپەڵەی گڵینەوە و لەژێر خاکدا دەیشارنەوە کە بە "پەنیری کوپەڵە" دەناسرێت، یان کەمێک ڕەشەکەی تێدەکرێت کە نەک هەر تامێکی ناوازەی پێدەبەخشێت، بەڵکو وەک دەرمانێکی سروشتیش بۆ تەندروستی سەیر دەکرێت.

 

و یەك لەتایبەتمەندیەكانی بەرهەمی سپیایی لە هەرێمی كوردستان گەر گرنگی پێبدرێت بە سامانێكی سپی گرنگ ئەژمار دەكرێت، هیچی كەمتر نییە لە نەوتی ڕەش، دەتوانرێت هەناردەی دەرەوەی وڵات بكرێت، بەوەش جوتیاران و مەڕدارەكان هەلی كاری زیاتریان دەستدەكەوێت هاوكات سامانێكی گرنگ بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنێتە ناوەوە، یەڵام تا ئیستا بەم شێوە گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی نەدراوە تا ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ وڵات گەرلەداهاتوودا ئەوە بكرێت.

 

سەبیحە عومەر، خەڵكی گوندی تیمارۆكە بەدەم دروستكردنی پەنیری كوردی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: لە ماڵی دایک و باوکیشم كە هاوسەرگیریم نەکردبوو هەر مەڕداربوین پەنیرو رزق وشنتم دروست دەكرد، لەوەتەی هەم لەناو ئەوئیشەم تا ئیستاش لەو تەمەنەم هەر بەردەوامم.

 

وتیشی: لە شیری مەڕ من چەند جۆر بەرهەمی سپیاتی دروست دەكەم وەك "پەنیرو، لۆر، مەیرەو، ماست، داندۆك ، كەشك" و زۆر شتی دیكەش بەتایبەت لەوەرزی بەهاردا، چونكە لەو وەرزەدا گژوگیا زۆرە وئاژەڵەكان بەرهەمیان زیاد دەكات، ئێمەش ئەو شتانەی لێ دروست دەكەین، بەڵام كە هاوین دێت شیرەكە كەم دەكات تەنها دەیكەینە ماست و لەشاری دەیدەینە دوكانداران و دەیفرۆشین.

 

" بەرهەمی خۆماڵی زۆر خۆشترەو تاموچێژی جیاوازە"

سەبارەت بەچۆنیەتی دروستكردنی پەنیرو بەرهەمەکانی دیکەی وەک ماست و هتد سەبیحە عومەر وتی: شیرەكە دوای دۆشینی دەیهێنین ودەیكوڵێنین بۆ نیو كاتژمێرو لەكاتی خۆی هەوێنی تیدەكەین ودەبێتە ماست، بۆ پەنیریش هەم هەوێن ودەرمانی تایبەت بەخۆی هەیە هەوێنی تێدەكەین و دەیگوشین، ئەو سەڵكە پەنیرانە "كۆپەڵ"ی لێدروست دەكەین و ئاوەكەی كە دەمێنتەوە پێی دەڵێن تێزاب دەیكەینە لۆر،  مەیرەش هەر دەرمانی تێدەكەین و دەبێت بەمەیرە، هەموو ئەو بەرهەمانەش بۆ بەیانیان دادەنرێت زیاتر.

سەبیحە لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو پەنیرە خۆماڵیەو دەستكردی خۆمانە زۆر جیاوازترە لەو پەنیرانەی لەبازاڕ دەفرۆشرێت هەریەكەو هی وڵاتێكە، بەرهەمی خۆماڵی زۆر خۆشترەو تاموچێژی جیاوازە لەگەڵ هی دیكە،  ئیمە هەڵی دەگرین بۆ زستان ئەوكات زیاتر حەز بەخواردنی دەكرێت.