ئێران دوای جەنگ؛ ئابوورییەکی سست لەبەردەم نادیارەکان

ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە کاتی هەستیاردا وەستاوە، کە قەیرانە پێکهاتە کۆبووەکان لەگەڵ شۆکەکانی شەڕدا تێکەڵ دەبن و ژیانی هاوڵاتیان و ئاسۆی داهاتوو تادێت نادڵنیایی و ناجێگیرتر دەبێت.

پرشنگ دولتیاری

 

ناوەندی هەواڵ- لە پاییز و زستانی ساڵی ٢٠٢٥، ئابووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرەوڕووی قەیرانێکی قووڵ و درێژخایەن بووەوە، کە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کە پێی ناوە هەفتەی چوارەمی خۆیەوە، هەروەها پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان لەگەڵ بەشێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکان.

 

ئاڵوگۆڕی هێرشی ئاسمانی و هەڕەشەی سەربازی لە کەنداو و بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ وڵاتانی وەک سعودیە و ئیمارات ناسەقامگیری جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەی توندتر کرد، ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کەوتە بەر شۆکێکی یەک لە دوای یەک.

ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە سەربازییانە نەک هەر کاردانەوەی جیۆپۆلەتیکییان هەبوو، بەڵکو بووە هۆی زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکانی حکومەت، بەرزبوونەوەی نادڵنیایی بازاڕ، سنووردارکردنی بازرگانی و دارایی و بەرزکردنەوەی هەڵچوونە چاوەڕوانییەکان، بەم شێوەیە ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە بەر لە شەڕ کۆببووەوە، ئێستا لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بە توندتر خۆی دەردەخست.

 

بۆ نموونە لە هەفتەکانی یەکەمی شەڕدا، هەڕەشەی یەکتر سەبارەت بە ئاسایشی ڕێڕەوی وزە لە کەنداو و داخستنی هەندێک لە هێڵی کەشتیوانی بووە هۆی کاردانەوەی دەستبەجێ لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕ و کاڵا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا.

لەناکاو نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بەرزبووەوە و هەروەها کاڵا هاوردەکراوەکان بەرزبووەوە و کەمیی هەندێک کاڵای سەرەکی توندتر بوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە شەڕی ئێستا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، جگە لەو گرژییەی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا هەیە، تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نییە، بەڵکو قەیرانێکە کە ڕاستەوخۆ درێژدەبێتەوە بۆ ئابووری و ژیانی هاوڵاتیان.

 

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان و خەمڵاندنە سەربەخۆییەکان، ڕێژەی هەڵاوسان لە ساڵی ٢٠٢٥ لە نێوان ٣٢ بۆ ٤٠٪ بووە، تا کۆتایی پاییزی ٢٠٢٥ گەیشتووەتە ٤٥-٤٦.٨٪، پێوەرەکانی نرخی بەکاربەر لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا ڕێژەی گەشەی ساڵانەی بە نزیکەی ٤٨.٦٪ تۆمارکردووە، کە بەرزترین ئاستی هەڵاوسانە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٣ەوە، ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئابووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ و لە نێو ململانێی ناوچەیی کە بەردەوامە، چووەتە قۆناغێکی نوێی هەڵاوسانی بێوێنە و پەرەسەندنیەوە.

 

”نیشانەکانی خراپتربوونی سستی پێکهاتەیی”

لە ڕاستیدا قەیرانی ئێستا دوو ڕەهەندی بنەڕەتی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە ڕێژەی هەڵاوسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لە تێکڕای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاترە و کەلێنێکی بەرچاو لە نێوان ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئابوورییەکانی دراوسێیدا دروست دەکات، ڕەهەندی دووەم ئەوەیە کە پاش دە ساڵ لە هەڵاوسانی درێژخایەن و گەشەی ئابووریی سست و گەمارۆ پێکهاتەییەکان، ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئێستا ڕووبەڕووی شۆکێک دەبێتەوە کە لە ئەنجامی شەڕەوە هاتۆتە ئاراوە، شۆکێک کە ڕێڕەو و قەیرانەکانی پێشووی خێراتر کردووە.

 

لەم جۆرە هەلومەرجەدا شەڕ بووەتە هۆکارێک کە قەیرانی تێچووی ژیان گەورەتر دەکات، زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان، لادانی سەرچاوە داراییەکان بەرەو ئاسایش، دابەزینی وەبەرهێنان، ناسەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە کاردانەوەی ململانێکانی ناوچەیی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ئابووری هاوڵاتیان هەبێت، بە واتایەکی تر لێکنزیکبوونەوەی شەڕی دەرەکی و قەیرانی ئابووری ناوخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی خستۆتە دۆخێکەوە کە بەڕێوەبردنی هەردوو ئاسایش و بژێوی لە یەک کاتدا یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانەکانی دەسەڵات پێکبهێنێت.

 

لە ڕوانگەی ئابووریی گەورەوە، پێوەرەکانی دیکەش وێنەیەکی سست لە دۆخی ئابووری دەکێشن، پێش قەیرانەکە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لە دەوروبەری ١٠٥٪بووە، لە کاتێکدا بێکاری لە نێوان ٧٪ بۆ ٨٪ بووە، هاوکات دابەزینی یەدەگی دەرەکی و گۆڕان بۆ هاوسەنگی بازرگانی نەرێنی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەنانەت پێش هەڵگیرسانی شەڕیش هەر لە ئێستاوە سست بووە و ئەم سستییە لەگەڵ دەستپێکردنی ململانێکان زیاتر بەرچاو کەوتووە.

یەکگرتنی چەقبەستوویی ئابووری و هەڵاوسانی بەرز، دیاردەیەکە کە لە ئەدەبیاتی ئابووری سیاسیدا بە چەقبەستوویی ناسراوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر قەیرانێکی پێکهاتەیی کە توانای ئامرازە نەریتییەکانی سیاسەتی ئابووری تێدەپەڕێنێت.

”ئابووری دوای جەنگ و سیاسەتی مانەوە”

قەیرانی ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەنها لە خودی قۆناغی جەنگدا سنووردار نییە، یەکێک لە پرسیارە هەرە گرنگەکان سەبارەت بە داهاتوو ئەوەیە: ئەگەر شەڕەکە ببێتە هۆی ڕووخانی دەسەڵاتی ئێران، ئایا لە قۆناغی دوای جەنگدا چ جۆرە قەیرانێکی ماددی و ئابووری سەرهەڵبدات؟

 

ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە قۆناغەکانی دوای جەنگیان بەسەردا تێپەڕیوە، ئەوە نیشان دەدات کە کۆتایی هاتنی شەڕێک و تەنانەت ڕووخانی ڕژێمە پاوانخوازەکان مەرج نییە ببێتە هۆی سەقامگیرییەکی دەستبەجێی ئابووری، لە زۆر حاڵەتدا قۆناغی دوای جەنگ قەیرانی قووڵی ئابووری و داڕمانی دامودەزگاکانی دەوڵەت و ناسەقامگیری بازاڕی لەگەڵدایە.

 

بۆ نموونە عێراق دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕووبەڕووی داڕمانی ئابووری بەرفراوان بووەوە، ژێرخانی ئابووری زیانی پێگەیشت، سیستەمی بانکی پەککەوت و بێکاری بەربڵاوی یەکێک لە دیارترین ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتی، سەرەڕای سەرچاوەی بەرفراوانی نەوتی عێراق، بەڵام ساڵانێکی زۆری خایاند تا بەرهەمهێنان و هەناردەکردن گەڕایەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ.

 

نموونەیەکی دیکە لیبیایە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی موعەمەر قەزافی لە ساڵی ٢٠١١، سەرەڕای زیادبوونی داهاتی نەوت، داڕمانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کێبڕکێی نێوان گروپە چەکدارەکان بووە هۆی ناسەقامگیرییەکی توندی ئابووری، بەرهەمهێنانی نەوت کە بڕبڕەی پشتی ئابووری لیبیا بوو، چەندین جار ڕاگیرا و ئابووریی نیشتمانی چووە ناو خولگەی قەیرانی دارایی و هەڵاوسانەوە.

 

لە سووریا، دوای زیاتر لە دە ساڵ شەڕی ناوخۆ، ئابووری لەڕادەبەدەر بە سستی ماوەتەوە، تەنانەت لەو ناوچانەی کە شەڕەکان کەمبوونەتەوە، لە هەندێک ناوچە کە لەلایەن گروپە چەکدارە جیهادییەکانەوە کۆنترۆڵکراون، وەک ئەوانەی سەر بە ئەبو محەمەد جۆلانی یان ئەو هێزانەی کە لە ژێر کاریگەری سیاسەتە ناوچەییەکانی تورکیادان، ئابووری ناوخۆیی زیاتر لە ئابوورییەکی جەنگی و کەرتی نافەرمی زیاتر لە سیستەمێکی ئابووری سەقامگیر دەچێت، وێرانکردنی بەربڵاوی ژێرخانی ئابووری و داڕمانی دامودەزگاکانی دەوڵەت و شەپۆلی کۆچ و ئاوارەیی کە کاریگەری لەسەر ملیۆنان هاوڵاتی هەبووە، ئاوەدانکردنەوەی لە ڕادەبەدەر ئاڵۆز کردووە، تا ئەو ڕادەیەی کە تەنانەت کەمبوونەوەی شەڕیش نەبووەتە هۆی بووژانەوەی ئابووری ڕاستەقینە.

 

ئەزموونی ئەفغانستان دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١دا نموونەیەکی دیکەی توند دەخاتە ڕوو، دوای دەیان ساڵ لە شەڕ، وڵات خۆی بە ئابوورییەکی داڕماو و سیستەمێکی بانکی بە شێوەیەکی مەجازی لەکارکەوتوو و پشتبەستنێکی زۆر بە یارمەتییە دەرەکییەکان بینیەوە، وەستانی بەشێکی زۆری ئەم هاوکارییە و دابڕانی سیاسی و داڕمانی زۆرێک لە پێکهاتە بەڕێوبوەیەکان بووەتە هۆی هەژاری و بێکاری بەربڵاو، بەم شێوەیە کۆتایی هاتنی شەڕ بە وایای سەرەتای گەشەسەندن نەبوو، بەڵکو کۆمەڵگە ڕووبەڕووی دوو قەیران بووەوە: کاریگەرییە درێژخایەنەکانی شەڕ لە لایەک و داڕمانی ئابووری و سیاسی لە لایەکی دیکە.

 

ئەم ئەزموونانە ئەوە دەردەخەن کە مەرج نییە کۆتایی هاتنی شەڕ کۆتایی قەیران بێت، زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی دوای جەنگ، ئابووری بۆ ساڵانێک بە بارمتەی پێکهاتە سەربازییەکان و تۆڕە نافەرمیەکان و تێکدانی ژێرخانەکان دەمێنێتەوە، ئەمەش وایکردووە ئاوەدانکردنەوە ببێتە پرۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆز کە زۆر وابەستەی سەقامگیری سیاسی و پشتیوانی نێودەوڵەتی بێت.

 

کاتێک ئەم ئەزموونە ناوچەییانە لەگەڵ دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەبەرچاو دەگرین، سیناریۆیەکی ئاڵۆزتر دێتە ئاراوە، لە کاتێکدا ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە هەندێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەمەچەشنترە، لە هەمان کاتدا تووشی کێشەی قووڵی وەک گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، تێکچوونی ژێرخانی ئابووری، قەیرانی بانکی، گەندەڵی سیستماتیکی و پشتبەستنی زۆر بە داهاتی نەوت دەبێت.

 

ئەگەر دوای شەڕێکی ناوچەیی حکومەت داڕوخێت، دەکرێت چەندین قەیران لە یەک کاتدا سەرهەڵبدەن، لەوانە پەکخستنی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئابووری و داڕمانی کاتی دامەزراوە بڕیاردەرەکان، زیادبوونی ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی دراو و سەرمایە بەهۆی نادڵنیایی سیاسی، دابەزینی ئەگەری هەناردەکردنی نەوت لە ماوەی گواستنەوەدا لە ئەنجامی ئاژاوەی بەڕێوبەری یان زیانگەیاندن بە ژێرخانی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و پاشەکشە بەهۆی وەستانی وەبەرهێنان و چالاکییە بەرهەمدارەکانەوە.

لە وەها دۆخێکدا، کۆمەڵگە ڕووبەڕووی ئەو کردارە ببێتەوە کە دەتوانرێت پێی بوترێت "قەیرانی گوازراوە"، دەوڵەتێک کە تێیدا داڕمانی سیستەمی سیاسی نابێتە هۆی باشتربوونی دەستبەجێی ئابووری، بەڵکو لە کورتخایەندا بارودۆخی ژیان خراپتر دەکات.

بۆیە ئەزموونی مێژوویی ئەوە دەردەخات کە گواستنەوەی سیاسی بەبێ پلانی ئابووری دەتوانێت ببێتە هۆی قەیرانی درێژخایەن، ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوە ئابوورییەکان، سەقامگیرکردنی بازاڕی ئاڵوگۆڕکردن، بوژاندنەوەی سیستەمی بانکی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، هەموو ئەو پرۆسانەن کە ساڵانێک دەخایەنێت.

 

دەرئەنجام، ئابووریی سیاسی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تەنها لە کاریگەرییەکانی ڕووبەڕووبوونەوە ڕاستەوخۆکاندا سنووردار نییە، بەڵکو دەبێ لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتردا سەیر بکرێت کە شەڕ بە قەیرانی پێکهاتەیی ئابووری، ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتی و ئاڵەنگاری گواستنەوەی ئەگەری دوای جەنگەوە ببەستێتەوە.

 

لەم چوارچێوەیەدا، پرسیاری بنەڕەتی نەک تەنها چۆن کۆتایی هاتنی شەڕ، بەڵکو چۆن قۆناغی دوای جەنگ بەڕێوەدەچێت، قۆناغێک کە دیاری دەکات، ئایا ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەست دەکاتە سەر ڕێگای ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری یان وەک هەندێک وڵاتی ناوچەکە خۆی دەبینێتەوە کە لە سووڕێکی درێژخایەنی قەیرانە گوازراوەکاندا گیری خواردووە.