تاژان" کارکردن تایبەت نییە بە ڕەگەزێکی دیاریکراو"

تاژان بەیان کچە گوڵفرۆشێکی شاری سلێمانییە، سەرەتا بەشێوەی گەڕۆک گوڵی فرۆشتووە و ئێستا خاوەنی دوکانی تایبەت بە خۆیەتی، دەڵێت کار کردن تەنیا بۆ ڕەگەزێک نییە و دابونەریت ئەوەی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوکانێکی خنجیلەی گوڵ لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سلێمانی لە لایەن تاژان بەیانەوە بەڕێوە دەبڕێت، تاژان لە باسکردنی بیرۆکەی کارەکەیدا وتی لە سەرەتادا لەگەڵ خوشکەکەم  لە ئارایشتگا کارمان دەکرد، بیرۆکەی ئەوەمان بۆ هات کە گوڵێش لە ناو دوکانەکەدا بفرۆشین و سەرکەوتوو بووین، دواتریش بە شێوەی گەڕۆک دەستم پێکرد، ئێستاش لە دوکانێکدا بەردەوامی بە کارەکەم دەدەم، ماوەی دوو ساڵە ئەم کارە دەکەم، هۆکاری بەردەوامییشم ئەوەیە کە گوڵم زۆر خۆشدەوێت دەمەوێت هەمیشە لەگەڵم بێت.

ئەم کچە گوڵفرۆشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لەسەرەتای کارکردنیەوە ئاستەنگی زۆر هاتۆتە بەردەمی چونکە ئەو تەنیا کچ بووە بە شێوەی گەڕۆک و لە بەردەم کۆلیژەکان گوڵی سروشتی بفرۆشێت، هەروەها تاژان ڕەخنە لە پیاوەکان دەگڕێت و دەڵێت دەچوومە هەرشوینێک گوڵ بفرۆشم، ئەوان دەهاتن و دەیان وت "پار ئەمە شوێنی ئێمە بووە، تۆ تازەیت" بەڵام دواتر بە بزێوی و کۆڵنەدان توانیم شوێنی خۆم بکەمەوە چونکە شەقام موڵکی کەس نییە.

گولفرۆشەکە دەڵێت کاتێک کڕیارەکان دێن و گوڵم لێ دەکڕن، دەڵێن ڕووخۆشیت لە کاتی کارکردن بۆتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئێمە بێین گوڵت لێبکڕێن، ئەم قسانەش دڵی من زۆر خۆش دەکات.

تاژان وتیشی: لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان حکومەت هیچ هاوکاری گوڵفرۆشان ناکات لە دروستکردنی کێڵگەیەکی تایبەت بە گوڵ بۆیە ئێمەش ناچار لە وڵاتانی ئێران و پۆڵەنداوە گوڵەکانمان بۆ دێت، لە ئێستاشدا درک بەوە دەکەم کە لە دوکانەکەمدا کەموکورتیم هەیە بەڵام هەوڵدەدەم لە داهاتوودا ئەو کەموکوتریانە نەهێڵم.

تاژان لەگەڵ لە قاڵبدانی کاردا نییە بۆ هیچ ڕەگەزیک و دەڵێت: کارکردن تایبەت نییە بە ڕەگەزێکی دیاریکراو، بەڵکو دابوونەریت ئەوەی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە.

 لە کۆتایدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پێویستە لەسەر هەمووان هاوکاری ئەو ژن و گەنجانە بکەین کە دەیانەوێت توانای کارکردنی خۆیان بسەلمێنن.

 

ت.پ