شەوبۆ عوسمانی ماوەی ٥٢ ساڵە بۆ مانەوەی شوناسی کورد کاری دیزاینی جلی کوردی دەکات

شەوبۆ عوسمانی، لە تەمەنی ١١ ساڵیەوە لەگەڵ دایکی کاری درومان و دیزاینی جلوبەرگی کوردی کردووە، لە ئێستادا بە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ٢٠ ژنی دیکە بەردەوامی بە کارەکەی دەدات.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ شەوبۆ عوسمانی، تەمەنی ٦٣ ساڵە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ کاری دیزاینی جلوبەرگی کوردی سەردانی شاری سلێمانی کردووە، لە تەمەنی ١١ ساڵیەوە لەگەڵ دایکیدا کاری دیزاین و چنینی جلی کوردی دەکەن، هەڵبژاردنی ئەم کارە بۆ ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە کە لە بازاڕەکانی سنەدا هەلی کاری بۆ چەندین ژن ڕەخساندووە، لە ڕێگەی دیزاین و چنینی جلی کوردییەوە بژێوی ژیانی خۆی و زیاتر لە ٢٠ کارمەندی ژن دابین دەکات، ساڵانە لە شاری سنەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی پەیداکردنی فرۆشیار بۆ کارەکانی، سەردانی شاری سلێمانی دەکات، ١٥ ساڵ پێش ئێستا لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی لە دوکانێکدا بۆ درێژەدان بە کارەکەی ماوەی ٦ مانگ کاری کردوە، بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە شارەکەی خۆی تا بتوانێت زیاتر بەردەوامی بە کارەکەی بدات، ساڵانە بەشداری لە ڤیستیڤاڵەکانی باشووری کوردستان دەکات.

 

 شەوبۆ عوسمانی لە ڕێگەی کاری دیزاینی جلوبەرگی کوردی هەوڵ بۆ هێشتنەوەی شوناس و کولتووری کورد دەدات، وەک چۆن لەگەڵ دایکی دەستی بە کاری چنین کرد، لە ئێستادا لەگەڵ کچەکەیدا بە هەمان ڕێچکە بۆ پاراستنی جلی کوردی کار دەکەن.

 

" مانەوەی ناسنامەی کورد بە پۆشینی جلوبەرگی کوردیەوە دەبێت "

شەوبۆ عوسمانی، دیزاینەری جلوبەرگی کوردی لە شاری سنە، ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتای کارکردنی بۆ ٥٢ ساڵ بەر لە ئێستا لە تەمەنی ١١ ساڵیدا لەگەڵ دایکی دەستی بە کاری چنینی سەر جلی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کردووە، سەرەتا بۆ هاوکاری کردنی دایکی لەگەڵی کار دەکات، پاش فێربوونی هەوڵ دەدات بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان کار دەکەن، لە بازاڕی شاری سنەدا ماوەی ٣٠ ساڵە هەلی کاری بۆ زیاتر لە ٢٠ ژن ڕەخساندووە، وتی: خولیای کاری چنین بۆ منداڵیم دەگەڕێتەوە لەگەڵ دایکم کارم دەکرد، پاشان لە ڕێگەی بەرەوپێشچوونی کارەکەم و هەبوونی زیاتری خواستی ژنان لەسەر جلوبەرگی دیزاینکراوی کوردیدا، کارەکەم فراوانتر کرد، لە ئێستادا لە ڕێگەی کارگەیەک کە زیاتر لە ٢٠ ژن کاری دیزاینی جلی کوردی دەکەن، ئامانجم لە بەردەوامی کارەکەمدا هێشتنەوەی شوناسی کوردە لە هەر جێگەیەکیدابێت، هەر بەو ئامانجەشەوە لەگەڵ کچەکەمدا بەردەوامیمان بە کارەکەمان داوە، لەگەڵ بەرەوپێشچونی کۆمەڵگەدا بۆ ئەوەی زیاتر پۆشینی جلی کوردی لە ناو ژناندا بمێنێتەوە، کەمێک گۆڕانکاری لە دیزاینەکاندا دەکرێت تا بتوانن هەموو تەمەنێک بۆ ڕاپەڕاندنی کاری ڕۆژانەی ژیانیان بیپۆشن.

 

شەوبۆ عوسمانی ئاماژەی بەوەکرد، هەبوونی خولیای کارکردن لە پیشەکەیدا بۆتە هۆکاری دەستبەردار نەبوونی لە کارەکەی، سەرەڕای خراپی بارودۆخی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەڵام بۆ دابینکردنی بژێوی ژنانی دیکە دەستبەرداری کارگەکەی نابێت، وتیشی: خراپی دۆخی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆتە هۆکاری بەشداری کردنمان لە ڤیستیڤاڵەکانی باشووری کوردستاندا، بەڵام لە ئێستادا خراپی بارودۆخی هاوڵاتیان و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران دیسانەوە لاوازی بازاڕی بۆ دروست کردوین، لە باشووری کوردستاندا بەشێکی زۆر لە ژنان خواستی جلی کوردیان هەیە، بەڵام بەشێکی دیکەش ئارەزومەندی بەکارهێنانی نین، لە شاری سلێمانی ماوەی ٦ مانگ کاری درومانی و دیزاینم کردوە، بەڵام بەهۆی خراپی بازاڕەوە دوبارە ڕومکردەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە زۆربەی سەردانەکانمدا لە شاری سنە بە جلوبەرگی کوردیەوە دەگەڕێم تا بتوانم جلوبەرگی کوردی بە کوردبوونیەوە بهێڵمەوە.

 

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: مانەوەی ناسنامەی کورد و هەبوونی شوناسمان بە پۆشینی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردیەوەیە، پێویستە ئێمە لە ڕێگەی کارەکانامنەوە نەوەکانمان بە جلوبەرگی کوردی ڕابهێنینن تا ناسنامەمان بمێنێتەوە، ژنان پەرە بە کاری چنین و کاری دیزاینی جلوبەرگی کوردی بدەن، هەروەها هەبوونی ئەم کارە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان بەکار بهێنن، کارکردنی ژنان لە بواری جلی کوردیدا بۆ مانەوەی کولتووری کوردی و دابینکردنی بژێوی ژیانیان کارێکی گرنگە، ئێمەی کورد دەبێت پەرە بە کارەکانمان بدەین.