ژنە ماسیگرەکانی دەوروبەری دەریاچەی کشمیر ترسی لەدەستدانی بژێوی ژیانیان هەیە
لەگەڵ خراپبوونی بارودۆخی دەریاچەی وولار لە هیندستان بەهۆی پەرەسەندنی پیسبوون و کەمبوونەوەی ئاوەوە، ژنان چاویان لە داهاتوویەکی نادیار دەبێت کە بژێوی ژیانیان لەدەستدەدەن.
ناوەندی هەواڵ
دەریاچەی وولار لە ناوچەی باندیپۆرا لە کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت، بە هیمالایای گەورە دەورە دراوە، یەکێکە لە گەورەترین دەریاچە ئاوە شیرینەکانی ئاسیا.
ئەو دەریاچەیە جۆرەها ماسی و زیندەوەری ئاوی بەرهەم دەهێنێت جگە لەوەی وەک شوێنی نیشتەجێبوونی باڵندە ئاوییە کۆچبەرەکان کاردەکات، بژێوی ژیانی نزیکەی ٣٢ هەزار ماڵ لە ٤٠ گوندی دەوروبەری بۆ چەندین نەوە دابین دەکات.
دوای تێپەڕبوونی نیوەی شەو ژنە ماسیگرەکانی کشمیر کە پشت بە دەریاچەکە دەبەستن بۆ مانەوەیان، بە ڕیز بە بەلەم دەڕۆن بۆ ماسیگرتن و کۆکردنەوەی قەستەن کە جۆرێکە لە خواردنی تایبەتی ئەو ناوچەیە و لە ئێستادا ژنان هۆکاریان هەیە بۆ نیگەرانی چونکە دۆخی دەریاچەکە بە شێوەیەکی بەردەوام خراپتر دەبێت بەهۆی گەشەسەندنی پیسبوون لە ناوچەکەدا، کە بووەتە هۆی نەمانی چەندین جۆری ماسی.
هاجرە بێگوم تەمەن ٤٥ ساڵ، ماسیگرە لە گوندی لانکەشپۆرە، لەوکاتەی کە زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەی خەوتوون ماڵ بەجێدەهێڵێت و چەندین کاتژمێر لەناو دەریاچەکەدا دەمێنێتەوە بۆ کارکردن، تا چەند ساڵێک لەمەوبەر بە ماندووبوونی زۆرەوە بەلەمێکی پڕ لە قەستەن و ماسی دەهێنا ئەمەش یارمەتی دەدا لە پەیداکردنی بژێوی ژیانی، بەڵام ئەوەی خستوەتەڕوو کە بڕی هەردووکیان بە شێوەیەکی بەرچاو لە دەریاچەکەدا کەمیکردووە و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەحەتی و نیگەرانیان چونکە بژێوی ژیانیشیان کەمیکردووە.
هاجرە باسی لەوەشکردووە کە داهاتوویان نادیارە، چونکە دەریاچەکە بەرەو نەمان دەچێت و سەرچاوەی بژێوی ژیانیان لە دۆخێکی ترسناکدایە، ئەو ژنانەی دەریاچەکە وەک سەرچاوەی بژێوی ژیانیان بەکاردەهێنن لە ڕووی جەستەیی و لە ڕووی دەروونییەوە کاریگەریان لەسەرە.
کاری ژنە ماسیگرەکان سەختە و زۆر کەس گلەیی لە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان دەکەن کە بەهۆی کارکردنیانەوە ڕووبەڕووی بوونەتەوە لەوانە برینی دەم و تاڵە موو و هەوکردنی قارچک و ئازاری جەستە بەهۆی چەندین کاتژمێر مانەوەیان بۆ ماسیگرتن لە دەریاچەکە هەروەها تووشی سووتانی توندی خۆر دەبن، هاجرە خۆی و هەر سێ کچەکەی لە دەریاچەکەدا کاردەکەن.
توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٨ کۆمپانیای ئاگرۆ ئیکۆنۆمیست کە گۆڤارێکی زانستی نێودەوڵەتییە، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا دەریاچەکە بە ڕێژەی ٤٥٪ بچووک بووەتەوە لە ١٥٧.٧٤ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ساڵی ١٩١١ بۆ ٨٦.٧١ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ساڵی ٢٠٠٧، لە کاتێکدا هەندێک جۆری ماسی بەدرێژایی ساڵان نەماون، بەڵام زۆر جۆری دیکەش وەک پسپۆڕان دەڵێن لەژێر مەترسی لەناوچووندان.
ژنانی ماسیگر باسیان لەوەشکردووە کە لە پێشتردا داهاتیان باشبووە و ڕۆژانە بڕێکی باشی ماسی و قەستەن یان کۆکردوەتەوە، بەڵام ئێستا لە ٧٠٪ لە زەرەردان چونکە ماسی و قەستەن کەمی کردووە لەگەڵ هەموو پاشماوەکانی وەک پۆلی ئیتین و پاشماوەی ئاوەڕۆ کە فڕێ دەدرێنە ناو ئاوەکەوە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ماسییەکان ئەمەش ژنە ماسیگرەکانی نیگەرانکردووە و بەدوای کاری دیکەدا دەگەڕێن بەڵام زۆرێکان دەڵێن تەمەنی پیرییان وا دەکات دەستکەوتنی کار قورس بێت.
ماسیگرەکان دەڵێن دەریاچەکە بەهۆی ئەوەی گەورەترین حەوزی لافاوە لە ناوچەکەدا لە لافاو ڕزگاریان دەکات، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە داهاتووی ئاوی شیرین لە مەترسیدایە چونکە بەشێکی گەورەی گۆڕاوە بۆ زەوی کشتوکاڵی.
دروستکردنی نایاسایی و چاندنی دار لەناو دەریاچەکەدا، بووەتە هۆی دروستبوونی زەلکاوێکی بەرفراوان و کەمبوونەوەی توانای ڕاگرتنی ئاوی.