قەیرانی ئابووری قووڵبوونەوەی ئازاری ڕۆژانەو بارگرانییەکی قورستر لەسەر ژنانی باکووری کوردستان و تورکیا
ژنانی باکووری کوردستان و تورکیا چیتر توانای کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نییە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی خۆراک و ووزە و کرێی خانوو، بازاڕکردن بووەتە تاقیکردنەوەیەکی توند بۆ زۆر کەس.
مەميهان هیلبين زەيدان
وان-قەیرانی ئابووری لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕۆژانە خراپتر دەبێت، کەلێنی نێوان داهات و خەرجییەکان فراوانتر دەکات، بەپێی داتاکانی مانگی نیسانی ٢٠٢٦ی ناوەندی توێژینەوەی چینی کرێکاری یەکێتیی یەکگرتووی کرێکارانی کانزا ”BİSAM”، هێڵی برسێتی بۆ خێزانێکی چوار کەسی گەیشتووەتە ٣٣ هەزار و ٣٦٩ لیرەی تورکی، هێڵی هەژاری گەیشتووەتە ١٠٩ هەزار و ٦٢٣ لیرەی تورکی، هاوکات ملیۆنان کرێکار بە کەمترین موجەی ٢٨ هەزار و ٧٥ لیرە خەبات دەکەن بۆ ئەوەی بژین.
جگە لەوەش بەرزبوونەوەی کرێ و تێچووی وزە و نرخی کاڵا سەرەتاییەکان بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا بووەتە هۆی دابەزینی زیاتری توانای کڕینی دانیشتووان، لەم قەیرانەدا ژنان کە زۆرجار بژێوی سەرەکی خێزانەکانیانن، قورسایی دەرئەنجامەکانی لە ئەستۆ دەگرن.
"دراوەکە بەهای خۆی لەدەستداوە"
خانم جەنگیز کە هەوڵ دەدات بە خانەنشینیەکەی بژی، وتی: نرخەکان زۆر گرانن و تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ شتێک کە لە بازاڕدا هەیە بیکڕێت، هەروەها هەوڵدەدەین بە خانەنشینی خۆمان بژین، بەڵام بەشی ئەوە ناکات، پێشتر کە دەهاتینە بازاڕ، ئەو پارەیەی کە هەمانبوو بەشی ئەوە بوو بۆ کڕینی ئەوەی پێویستمان بوو، بەڵام ئێستا هەموو شتێک ئەوەندە گرانە، من بە هەزار لیرە هاتم، بەڵام نەمتوانی هیچ بکڕم، تەنانەت نرخی نانیش بەرزبووەتەوە، هەمووان دەزانن کێ بەرپرسیارە لەم قەیرانە.
"تەنانەت نەمتوانی سەوزە بکڕم"
ئایشە تونێل وتی: من دێمە بازاڕ، بەڵام ناتوانم ئەوەندە بکڕم کە پێداویستییەکانم دابین بکەم، ئیتر پارەکە بەشی هیچ شتێک ناکات، حکومەتیش پێویستی بەوەیە دۆخی خەڵک ببینێت و ڕێوشوێنی ڕاستەقینە بگرێتەبەر.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ١٥٠٠لیرە هاتم، تەنانەت نەمتوانی سەوزەی پێویست بکڕم، ناتوانم بژێوی منداڵەکانم دابین بکەم، پێشتر هەزار لیرە بەس بوو بۆ کڕینی هەموو ئەو شتانەی کە پێویستمان بوو.
"دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانە بدۆزرێتەوە"
فاتمە کاڤاڵ ئاماژەی بەوەشکرد، تەنانەت توانای کڕینی یەک کیلۆ تەماتەیشی نەبووە، ئەوەش ڕوونیدەکاتەوە کە قەیرانی ئابووری چۆن کاریگەری لەسەر ژەمی ڕۆژانەی خێزانەکان هەبووە، وتی: من بە ٥٠٠ لیرە هاتمە بازاڕ، نەمتوانی هیچ بکڕم، پێشتر بەم شێوەیە نەبوو، ٥٠٠ لیرە بەس بوو بۆ کڕینی هەموو شتێک کە پێویستمان بوو، دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانە بدۆزرێتەوە.
مەدیحە ئونال ئاماژەی بەوەدا، کە بۆ بازاڕکردن هاتۆتە بازاڕی کراوە، بەڵام نرخەکان وەک جاران نەماوە، وتی: نرخی بەرهەمەکانی ئەم بازاڕە ئێستا وەک ئەوەی لێهاتوە کە لە مۆڵەکانی بازرگانیدا هەیە، نابێت بەم شێوەیە بێت، دەبێت لێرە نرخەکان هەرزانتر بن.
دووپاتیکردەوە، ماوەی ١٥ ساڵە دێتە بازاڕ و ئێستا هەموو شتێک زۆر گرانە، حکومەت نرخ لەسەر هەموو شتێک بەرزدەکاتەوە؛ کارەبا، غازی سروشتی، کرێ، هەموویان بەردەوام لە زیادبووندان وتی: سروشتییە بازرگانەکان قازانج بکەن، بەڵام هەوڵدەدەن ١٠٠٪ قازانج بەدەستبهێنن، هەروەها پێویستە لە بازرگانیدا ڕەوشت هەبێت، بۆ ئەوەی هەم بازرگان و هەم خەڵک سوودمەند بن، بەڵام ئەمڕۆ هەمووان هەوڵدەدەن زۆرترین قازانجیان بەدەستبهێنن و ئەوەش ڕەوشتینییە، ئەمە کێشەیەکی ڕەوشتییە، دەتوانرێت قازانج بە زیادکردنی فرۆشتن بەدەستبهێنرێت نەک بە بەرزکردنەوەی نرخ، خەڵک هەوڵدەدەن بە هەر ڕێگەیەکی پێویست زۆرترین قازانج بەدەستبهێنن و ئەو قەیرانەی کە حکومەت دروستیکردووە بەشدارە لەم کارەدا.
"دەبێت حکومەت بگۆڕێت"
زەکیە ئاکسو یەکێکە لەو ملیۆنان ژنەی کە ڕۆژانە بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن بژێوی خێزانەکانیان دەکەن ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت حکومەت بگۆڕێت وتی: منداڵەکانم کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی دیکە، چونکە کاریان دەستناکەوێت.
"بازرگانانیش بەدەست قەیرانەکەوە دەناڵێنن"
حەنیفە گوزەل، بازرگان وتی: ئێمە بەرهەمەکان بە تایبەتی بۆ ژنان دەفرۆشین، بەڵام کاتێک خەڵک پارەیان نییە، ناتوانین هیچ فرۆشتنێک بکەین، با لەبیرمان نەچێت کە کرێ و خەرجییەکان و پارەی کارەبا و غاز هەموویان زۆر بەرزن، هەندێکجار تەنانەت ناتوانین موچەی ڕۆژانەی کارمەندە ژنانمان بدەین، ڕۆژانێک هەیە کە هیچ شتێک نافرۆشین.
جەختی لەوەکردەوە، شەڕەکان هۆکاری سەرەکی قەیرانی ئابوورین، بەرپرسان پارەی خەڵک دەدزن، بەتایبەتی لە بازرگانانی بچووکی وەک ئێمە، کە لە ئێستاوە لە دۆخێکی خراپدان، دەبێت ئاشتی بەدیبهێنرێت، هەروەها دەبێت سیاسەتی تایبەت بۆ ژنان جێبەجێ بکرێت، بەتایبەتی بۆ پشتگیریکردنی ئەو ژنانەی کە لە بواری بازرگانیدا کاردەکەن.
ڕوونیشیکردەوە، کە بەهۆی ئەو قەیرانەوە پیاوان ناچارن کۆچ بکەن بۆ شارەکانی دیکە بۆ ئەوەی وەک کرێکار کار بکەن، لە کاتێکدا ژنان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی پیشەی دەستیەوە بژێوی ژیانیان دابین بکەن.