پیشەی کۆڵبەری لە نێوان دڵەڕاوکێی ڕۆژانە و نەبوونی جێگرەوە

کاری ژنان وەک کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قووڵایی هەژاری و پەراوێزخستن و نەبوونی هەلی کار ئاشکرا دەکات، ڕۆژانە لە ژێر بارودۆخێکی سەختدا ناچارن سنوورەکان ببەزێنن و ڕووبەڕووی سەختییەکی قورسی ئابووری و کۆمەڵایەتی ببنەوە.

شەپۆل ئەڤینی

 

پیرانشار- پیشەی "کۆڵبەری" کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشاندا باو بووە، ڕەنگدانەوەی قووڵی هەژاری درێژخایەن و نایەکسانی و سیاسەتی گەشەپێدانی ناوەندییە، هەروەها بچووکبوونەوەی دەرفەتی دامەزراندنی فەرمی و قووڵبوونەوەی چەقبەستوویی ئابووری، توێژێکی زۆری دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەرەو کارە نافەرمیەکانی وەک کۆلبەری بردووە و بەشداریی ژنان لەم کەرتەدا لەم ساڵانەی دواییدا زیادبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

 

ساڵانێکی زۆرە ئەوانەی لە پیشەی کۆلبەریدا کاردەکەن لەسەر سنوورەکان و لە شاخەکان ڕووبەڕووی مەترسی مردن بوونەتەوە، ڕاستیەکە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، بەڵام پڕۆژەی "کۆلبەری یاسایی" کە ئامانجی توندکردنەوەی کۆنترۆڵی کاڵای هاتوو، لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵدا دەستیپێکرد و بە فەرمی جێبەجێکرا.

 

بەپێی ئەم پرۆژەیە ئەو خێزانانەی لە ناوچە سنوورییەکان نیشتەجێن، مۆڵەتی گواستنەوەی بازرگانی وەردەگرن کە دەسەڵاتیان پێدەدات بۆ گواستنەوەی کاڵای تایبەت لە کوردستانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کۆلبەریەکان بەپێی جۆری ئەو کاڵایانە کە دەیگوازنەوە، پارە دەدەن بە دەوڵەت، لە هەندێک لە دەروازەکاندا، کۆلبەریەکان پێویستە بۆ بریکارێکی دیاریکراو یان هاوبەشییەک کاربکەن و قازانجەکانیش ڕاستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ سەرۆکی خێزانەکە، لە دەروازەکانی تردا ڕۆژانە پشکنینی کاڵاکان دەکرێت، خاوەنی بارەکەش ڕاستەوخۆ پارەی کۆلبەری دەدات.

 

دەروازەی حاجی ئۆمەران یەکێکە لە خاڵە یاساییەکانی پەڕینەوە بۆ کۆلبەریەکان، دەروازەی هاتنە ناوەوەیە بۆ ناو کوردستان و لەڕادەبەدەر قەرەباڵغە، بەتایبەتی لە بەیانیاندا، ڕیزبەندی درێژ بە سێ هێڵ لەبەردەم دەروازە داخراوەکاندا دروست دەبێت، لە کاتێکدا تەنها ژمارەیەکی سنووردار ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە ناوەوە، بەڵام هێزە ئاسیشییەکان پێش ئەوەی ڕێگە بە تێپەڕبوون بدەن پاسپۆرتەکان دەپشکنن.

 

شەرمین. م، یەکێک لەو ژنانەی کە کاری کۆلبەری دەکات، باس لە پرۆسەی چوونە ناوەوە دەکات و وتی: هەرکاتێک بیانەوێت دەروازەکە دادەخەن و ڕێگە بە چوونە ناوەوەی دانیشتوانی پیرانشاهر نادەن، بەتایبەتی کۆلبەریەکان، کاتێکی زۆری دەوێت تا دەگەینە ئێرە و لە ڕیزدا دەوەستین، ڕێگەمان پێدەدەن هەفتەی جارێک کەلوپەلەکانمان بهێنین، ئەگەر دەرفەتمان باش بوو ڕێگەمان پێدەدەن بچینە ناوەوە.

 

ئاماژەی بە تابلۆیەکی گەورە کرد لە لای ڕاستی دەرگای چوونە ناوەوە کە ڕۆژانی هەفتە لە شەممەوە بۆ پێنجشەممە بە پێی ئەلفوبێ دابەش دەکات، لە ژێرەوە ئاگادارییەکی سووری ڕوونی لەسەر بوو کە "هەینی پشووە.

 

لە بەرامبەری پەڕینەوەکەدا، کۆلبەریەکان دەرکەوتن و کیسی ڕەشیان لەسەر پشتیان هەڵگرتبوو یان جانتای بەکارهاتوویەکانیان ڕادەکێشن، زۆرێک لە ژنان لە نێوانیاندا جیاواز بوون، یەکێک لەو ژنانە جانتا بەکارهاتووەکەی ڕاکێشا و لەناکاو دڕا، یەکسەر دڵەڕاوکێ بە دەموچاویەوە دیاربوو، ئەو ژنانەی یاوەری بوون بەپەلە بەهانایەوە هاتن و دڵنیایان کردەوە کە کاڵاکانی هێشتا وەک خۆیان ماون و هیچ شتێکیان لێ مەهاتووە، بەڵام ئەم دڵەڕاوکێیە ڕووداوێکی کتوپڕ نییە، بەڵکو ڕاستیەکی ڕۆژانەیە بۆ ئەو ژنانەی کە لە بەزاندنی سنوور هیچ قازانجێکیان نییە جگە لە کیسەیەک کاڵا.

 

زەینەب.و ڕوونی کردەوە، یەکێک لەو ژنانەی لە پیشەی کۆلبەریدا کاردەکات، سروشتی کرێ و کۆت و بەندەکانی سەپێنراو، وتی: ڕێگەمان پێنادەن زیاتر لە ١٥ کیلۆ بهێنین، ئێمە لە خاوەنی کاڵاکان لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ هەزار تمان بۆ هەر کیلۆیەک وەردەگرین، و ڕێگەمان پێنادرێت لە هەفتەیەکدا زیاتر لە ڕۆژێک کار بکەین، لە لایەنی عێراقیشەوە تەرازوویەک دادەنێن، ئەگەر کێشی کاڵاکانم لە ١٥ کیلۆ تێدەپەڕێنن، ئەوا لێی کەم دەکەنەوە لێی دەبڕن.

 

هەریەکێک لەو ژنانە کە زۆربەیان تەمەنیان مامناوەندە، چیرۆکێکی بارگرانی بە سەختی هەڵدەگرن، بەڵام دڵەڕاوکێی بەردەوامی گەیاندنی کاڵا بۆ شوێنی مەبەست، بێدەنگیان دەکات، لەم کەشوهەوای خنکێنەرەدا پرسیاری "بۆچی وەکو کۆڵبەری کار دەکەیت؟" دەبێتە تراژیدیایەک بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فشار و هەژارییەی کە ڕووبەڕووی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتەوە.

ئەم پرسیارە وای لە فاتمە.م ئاماژە بەوە بکات، کە وەکو کۆلبار کاردەکەن، چونکە هیچ کارێکی تریان نییە، هەر یەکێک لەو ژنانە ئازاریان هەیە، ژیانیش قورس بووە، بەبێ کۆلبەریش لەم شارەدا کارێک نییە بۆ هەموو کەسێک کە سەرمایەی پێویستی نەبێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئێستا کە پەڕینەوە یاساییە، ئێمە ئەم ڕێگایە بەکاردێنین، پێشتر لە ڕێگەی نافەرمیەوە کەلوپەلمان دەگواستەوە، پێشتر کەم ژن هەبووە وەک کۆلبەری کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا ژمارەکەمان زیادی کردووە، پێکەوە دەچینە دەرەوە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل، ڕێگاکە پارێزراوتترە، هەروەها هەڵگرتنی کەلوپەل بۆتە پیشەیەک بۆ هەمووان، لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێکجار ڕێگریمان لێدەکەن لە پەڕینەوە، تەنانەت لە هەرێمی کوردستان، کاتژمێری دیاریکراویان بۆ داناوە، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، هێشتا لە پێشوو باشترە.

 

هەرچەندە ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی ژنە کۆلبەریەکان نییە، بەڵام چاودێری مەیدانیەکان ئاماژەن بۆ زیادبوونی بەشداریکردنیان لەم کارەدا لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتێکدا بە یاسایی کردنی کۆلبەری لەگەڵ نەبوونی وەبەرهێنانی ئابووری و ڕێبازی سەرنج لەسەر ئاسایشە بۆ ناوچە سنوورییەکان، یەکێکە لەو ئامرازانەی کە دەسەڵاتداران بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بەکاریدەهێنن، بە فەرمیکردنی ئەم پراکتیزەیە ئاستی قووڵتری هەژاری و پەراوێزخستنی پێکهاتەیی دەرخستووە، بەتایبەتی بۆ ژنان.